Construction site crane building Web Design 3D words.
Construction site crane building Web Design 3D words.

یەکەم هەنگاو.

سڵاو …
بەخێربێیت بۆ بابەتى یەکەم هەنگاو لە بوارى وێب داڕشتن ، لەم بابەتەدا هەوڵدراوە کە تۆى دەستپێکەر/Beginner بە بنەماکانى وێب و ماڵپەر و بوارى وێب داڕشتن بناسێنین لەگەڵ تێگەیشتن لەهەندێک وتە و وشەى باو !

کەواتە دەتوانیت لێرەوە دەستپێبکەیت و هەنگاوبنێیت بۆ جیهانێکى نوێ لات کەجیهانى وێب داڕشتن و درووستکردنى ماڵپەرە.
سەرەتا بە هەندێک پرسیارى هەمیشە دووبارە دەستپێدەکەین ، کە زۆربەى ئەو کەسانەى کە دەیانەوێت بێنە ئەم بوارەوە ، لەسەرەتادا ئاراستەى بەرامبەریانى ئەکەن :

پ هـ د (پرسیارى هەمیشە دووبارە) :

لەکوێوە دەستپێبکەم بۆ درووستکردنى ماڵپەرێك ؟
دەتوانیت ئەم بابەتە بە یەکەم هەنگاوت دابنێیت ، و هەرچیت بیستوە پێشتر لەبیرى خۆتى ببەیتەوە تا شتەکان تێکەڵ نەکەیت لەگەڵ یەکتر.

ئايا چۆن ئەتوانم ماڵپەرێك بۆخۆم درووست بکەم ؟
ئۆو! پێویستە لەپێشدا لە بنەماکانى درووست بوونى ماڵپەرێک تێبگەیت و هەروەها لانى کەم زمانێکى وێب داڕشتن بزانیت + لەهەندێک زاراوە و وشە دووبارەکانى وێب داڕشتن تێبگەیت و بیان ناسیت.

بەڵام زمانەکانى وێب داڕشتن چین ؟ بۆ چ مەبەستێک بەکاردێن ؟
وەک چۆن لەهەموو جیهاندا کۆمەڵێک نەتەوە و گەل هەیە و زمانى تایبەت خۆیان هەیە ، لە جیهانى وێب داڕشتنیش زمان هەیە ، بێگومان زمانى نێو مرۆڤەکان بۆ ئەوەیە مرۆڤەکان لەنێو یەکتردا لەیەک تێبگەن ، بەهەمان شێوە زمان لەوێب داڕشتندا بۆ ئەوەیە لەنێوان پەڕگە/File ـەکانى ماڵپەر   (و) وێبگەڕ/Browser وراژەکار/Server دا تێگەیشتن هەبێت و وەک چۆن زمان لەنێوان مرۆڤەکاندا بۆ تەعبیرکردن ــیش بەکاردێ ،  لە وێب داڕشتنیشدا زمانى وێب داڕشتن بۆ تەعبیرکردنە لەشێوە و جۆر و هتد … ــى ئەو ماڵپەرەى کە درووستى دەکەیت، بەڵام جیاوازى هەرە گەورە لەنێوان زمانى  مرۆڤەکان (و)  وێب داڕشتن ئەوەیە کە زمانى مرۆڤ قسەى پێدەکرێت و خەڵک پێی دەدوێن ، بەڵام زمان لە وێب داڕشتن تەنها دەنووسرێتەوە.
تێبینى :
١. مەبەست لە زمان ، ئەو زمانە نییە کە دەکەوێتە ناو دەمى مرۆڤەوە ، بەڵكو زمان / اللغة / Language مەبەستەکەیە.
٢. نموونەى وێبگەڕ : وەکو Internet Explorer يان Mozilla Firefox کە رەنگە ئێستا بەڕێزت ئەم ماڵپەرەت پێکردبێتەوە و سەیرى ئەم بابەتەى پێبکەیت.

ماڵپەرێکى ئاسایی چۆن درووست بووە ؟
هەموو ماڵپەرێک لە جیهاندا دوو دیوى هەیە ، دیوێکیان ئەو دیوەیە کە من و تۆ و فڵان و فیسار ئەیبینین و پێک هاتووە لەڕووى دەرەوەى ماڵپەرەکە ، واتا ئەو روەى ئەیبنین ئێمە بۆ نموونە تۆ کە لێرەیت سەیرى وێبچن ئەکەیت لەسەرەوە وێنەیەک هەیە لەسەرى نووسراوە وێبچن لەژێر ئەو باڕێک هەیە تێیدا نووسراوە (وێبچن  سه‌ره‌تا ،  ئه‌ندامان ،  یاساكانی مه‌كۆ ، گه‌ڕان ، په‌یوه‌ندی) ، پاشان لەژێر ئەو ئەم بابەتە هەیە و ئەیخوێنتەوە ، ئەمە روى دەرەوەى ماڵپەرەکە و دیوى یەکەمە.
بەڵام دیوى دووەم پێکهاتووە لە کۆمەڵێکى کۆدى زۆر ، کە تۆ نایبینیت ، بەڵکو ئەو کۆدانەن کە وادەکەن تۆ ئەم روەى دەرەوەى ماڵپەرەکە ببینیت.
بەڵام گەر خۆت خولیاى ئەوەى ئەو کۆدانە ببینیت ئەوا لەسەرى سەرەوەى وێبگەڕەت بڕۆ بۆ View پاشان کرتەى سەر Source ــبکە ، بەمەرجێ گەر وێبگەڕەکەت Internet Explorer ـە . ئێستا گەر ئەو کارەت ئەنجامداوە ، پێویستە کۆمەڵێک کۆد ببینیت لەنێو پەڕەیەک کە لە پرۆگرامى Notepad ــدا دەکرێتەوە .
ئەو کۆدانەن رووى ناوەوەى ماڵپەر و دیوى دووەم و هەر ئەو کۆدانەشن پێیان ئەوترێت زمانى وێب داڕشتن .

کەواتە لەپرسیارى پێشوو تێگەیشتم کە وێبچن بە زمانێکى وێب داڕشتن درووست کراوە و هەروەها هەموو ماڵپەرێک دوو دیوە ، دیوێک ئەیبینم ، دیوێک نایبینم کە کۆمەڵێک کۆدە وئەو کۆدانە زمانى وێب داڕشتنن ، بەڵام ئایا ئەو زمانەى کە وێبچنى پێ داڕێژراوە / درووستکراوە جیاوازە لەو زمانانەى کە ماڵپەرەکانى ترى پێ درووست ئەکرێت ؟ بەواتایەکى تر ئایا هەر ماڵپەرێک و زمانێکى تایبەتى خۆى هەیە کە ماڵپەرەکەى پێ دابڕێژێت ؟ 
نەخێر بێگومان ، زمانەکان لە بوارى وێب داڕشتندا زۆرن ، هاوکات کۆمەڵێکیان دیاریکراون یاخود باون بەهۆى ئەوەى کارەکان بەئاسانى تێپەڕ ئەکەن و تایبەتمەندێتى باش ئەدەن بەماڵپەر ، بەڵام ئەوەى گرنگە لێرە بیزانیت کە زمانەکانیش دەکرێن بە دووبەشەوە ،
١. زمانە جێگیرەکان : ئەو زمانانەى کە سەر بەم هاوپۆلەن بریتیین لە بڕبڕەى پشت هەموو ماڵپەرێک ، ماڵپەرێک بەبێ ئەم زمانانە یان کارناکات یان ناشرینە ، لەڕاستشدا زمانە جێگیرەکان ٢ زمانن کە بریتین لە زمانى HTML لەگەڵ زمانى CSS .

هەموو ماڵپەرێکى ئەم جیهانە و سەر ئەم زەمینە بە زمانى HTML درووستکراوە ، هیچ ماڵپەرێك نییە بتوانێت بەبێ بەکاربردنى HTML ماڵپەرەکەى بخاتەڕو و بیەوێت ببینرێت، مەرجى سەرەکى بۆ دەرکەوتنى ماڵپەرێک بەوشێوەیەى دەتەوێت و درووستى دەکەیت ، درووستکردنى ماڵپەرەکەیە بە HTML ، گەرنا ، تەنها دەبیتە خاوەنى پەڕەیەکى سپى بێ ناوەڕۆک .
هەروەها CSS ـیش بریتییە لەو زمانەى کە ماڵپەرەکەت جوان دەکات بۆ نموونە هەموو کارێکى جوانى ماڵپەرەکەت لە CSS ئەنجام دەدرێت وەک رەنگ ، قەبارە ، جۆر ، جۆرى نووسین ، قەبارەى نووسین ، رەنگى نووسین ، شوێنى خشتەکان … هتد .
بەڵام HTML هیچ گرنگییەک بە لایەنى جوانى نادات ، نەخێر ، بەڵکو HTML کارى سەرەکى درووستکردن و پیشاندانى شێوەکانە.
هەموو ماڵپەرێکیش بەو دووزمانە سەرەکییە کارەدەکات ، ماڵپەرێک بەتەنها HTML بێت ماڵپەرێكى زۆر لە پێویست سادەیە و ناشرینە ،واتا ماڵپەرێکى بێ CSS ماڵپەرێکى ناشرینە بەڵام ماڵپەرێک بەبێ بوونى HTML دەرناکەوێت و ئەنجامەکەى تەنها پەڕەیەکى سپى بێ ناوەڕۆک دەبێت .
بەکورتى هەردوو HTML و CSS ــتەواوکەرى یەکن و بڕبڕەى پشتى هەموو ماڵپەرێکن و ماڵپەرێک بێ ئەم دووانە نەبووە ئێستا (هێندەى من ئاگام لێبێت smile)، کە بتوانێت کاربکات.
٢. زمانە بزۆکەکان : بزۆک بەماناى داینامیک/Dynamic ـدێت ، زمانى بزۆکیش لە ماڵپەرێکدا گەر بەکاربێت شتێک نییە دەربکەوێت وەک HTML یان بەکاربێت بۆ جوانکردن و رازانەوەى ماڵپەر وەک CSS ، بەڵکو بەکاردێت بۆ پێدانى تایبەتمەندى بە ماڵپەر و بەهێزکردنى ماڵپەر، بەجۆرێک ماڵپەر وا لێدەکەی کە بەشێوەیەکى زۆر کەم پێویستى بە نوێکردنەوەى پەڕگەکان بێت واتا کاتێک تۆ ماڵپەرێک درووست دەکەیت ، گەر بەتەنها زمانە جێگیرەکانت بەکاربردبێت ، ئەوا پێویستە ئەو پەڕگانەى کە ئەتەوێت نوێیانبکەیتەوە یان شتیان لەسەر بنووسیت لەماڵپەرەکەتەوە دابگریتە سەر کۆمپیوتەرەکەت و لەسەر کۆمپیوتەرەکەت نوێیان بکەیتەوە و پاشان جارێکى تر پەڕگەکان بار/Upload ــبکەیت بۆ سەر ماڵپەرەکەت ، ئەمە لەکاتێکدا ئەم کردارە ئەنجام دەدرێت کە تۆ هیچ زمانێکى بزۆکت بەکارنەبردێت لە ماڵپەرەکەتدا .

بەڵام کاتێك زمانێکى بزۆک بەکارهات لەنێو ماڵپەردا ، ئەوکاتە پێویست ناکات هەموو جارێک پەڕگەکان دابگریت و نوێیان بکەیتەوە و باریان بکەیتەوە ، بەڵكو دەتوانیت لەڕێی کۆنترۆڵ پانێڵێکەوە شتى نوێ بۆ پەڕگەکانت زۆر بکەیت .

نامەوێت زۆر باسەکەت لێ قورس بکەم و زۆرتر بچمە نێو قوڵاییەکان ، چوونکە تا بڕۆمە ناوەوەى بابەتەکە زاراوە و وشەى و باسى نوێ دێتە بەرباس کە پێویستە هەموویت بۆ روونبکرێتەوە ، لەکاتێکدا ئێستا قورسە بۆتۆ لەهەمووی تێبگەیت .
بەڵام پێویستە بزانیت کە دوو زمانە جێگیرەکە پێکهاتەى هەموو ماڵپەرێکن لە پشتەوە و هەموو ماڵپەرێک بەهۆى ئەو دووزمانەوە پێک دێن و دەردەکەون و جوانن.
وێبچنیش وەک هەموو ئەو ماڵپەرانە ئەو دوو زمانە جێگیرە واى لێدەکات تۆ بیبینیت.

دیارترین زمانە بزۆکەکانیش زمانى PHP ـیە .
دەتوانیت لێرە زانیارى زۆرتر لەسەر PHP بخوێنیتەوە .

پێموایە تا ئێرە کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامى زۆر سەرەکى دانرا ، کەسوودى دەبێت بۆت.

زاراوە و وشەکانى نێو جیهانى وێب داڕشتن : 
لەخوارەوە هەوڵمداوە پێناسەى ئەو زاراوە و وشانە بکەم کە جیهانى وێب داڕشتندا زۆر دووبارە دەبێـتەوە یان پێویستە بزانرێت .

ماڵپەر: بریتییە لە پەڕەیەک یان کۆمەڵێک پەڕەى جیاواز ، کە بەزمانێکى وێب داڕشتن یان زۆرتر درووست بووە و رەنگە ناوەڕۆکیشى هەبێت پەڕەکان، لەسەر راژەکارێک لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت کارەدەکات.

بڵاگ/Blog : جۆرێکى ترى ماڵپەرە ، کەبەشە سادەکەیەتى ، زۆرتر بۆ بوارى تاکەکەس بەکاردێت ، یاخود تەنها یەک کەس نووسەرى بڵاگەکەیە یان بەڕێوەبەرییەتى ، و وەک وتم سادەیە.

بنکەى دراوە/Database : بریتییە لە بنکەیەک کە زاینارییەکانى تیادا هەڵدەگیرێت بەشێوەى نووسین ، بنکەى دراوە پاڵپشتى سەرەکی هەیە لەلایەن زۆرێک لە زمانە بزۆکەکان، بەپوختى بنکەى دراوە شوێنێکە کە دەکرێت کۆمەڵێک زانیارى لەسەر هەڵبگریت بەشێوەى نووسین ، پاشان لەڕێی زمانێکى بزۆکەوە زانیارییەکان پشان بدرێن و بانگهێشت بکرێن.

نەرمەکاڵا/Software ــى کۆمپیوتەر : بریتییە لە کۆمەڵێک رێنمایی و فرمان کە بەزمانێکى پرۆگرامکردن نووسراوەتەوە ، کە پێکەوە فرمانێکی دیایکراو ئەنجام دەدەن.

MySQL : جۆرێکی سیتسەمی بنکەی دراوەیە و یەکێکە لە باوترینەکان، پشت دەبەستێت بە زمانى SQL /Structured Query Language .

phpMyAdmin : بریتییە لە ئامرازێکی سەرچاوەکراوە، کە بەزمانى PHP نووسراوەتەوە، بەکاردێت بۆ بەڕێوەبردنى راژەکارى بنکەى دراوەی MySQL و MariaDB.

 

CMS: بریتییە لە کۆمەڵێك/گورزەیەک پەڕگە ، کە بەزمانێکى دیاریکراوى وێب داڕشتن نووسراوەتەوە، کە دەکرێت بەکاربێت بۆ بەڕێوەبردنى ناوەڕۆکى ماڵپەر یان بۆ هەر جۆرە بەڕێوەبردنێک بێت لەنێو ماڵپەر، واتا دەکرێت رووکارێکى ئامادەى هەبێت، بتوانیت یەکسەر بەکاریبەریت، گرنگى پرۆگرامۆکەش لەوەدایە کە هەموو کارێكى بزۆکى لەسەر جێبەجێکراوە و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.

 

Apache : بریتییە لە راژەکار وێب و لەکاتى خۆیدا گرنگترین جێگرەوە بوو بۆ راژەکارى وێب . Apache ـبەکاردێت بۆ راژەکردنى پەڕگە جێگیرەکان هەروەها بزۆکەکان ــى وێب/ماڵپەر.

FTP : بریتییە لە پرۆتۆکۆڵى گواستنەوەى پەڕگە (File Transfer Protocol)، و بەکاردێت بۆ گواستنەوەى پەڕگەکان لەنێوان کۆمپیوتەر و کۆمپیوتەر یاخود کۆمپیوتەر و راژەکار، سیستمێکە کاردەکات بۆ گواستنەوەى پەڕگەکان بەمەرجێک لەسەر سیستمێک کە پاڵپشتى IP بکات .

زمانى وێب داڕشتن : بریتییە لە زمانێک کە ماڵپەرێکى پێ چێ دەکرێت/درووست ئەکرێت، جا وەک لەسەرەوە ئاماژەى پێدراوە دوو هاوپۆلن.

 

پرسیار :

کەوابێت ، ئایا ماڵپەرێک چۆن کاردەکات ؟ 
هەموو ماڵپەرێک وەکو وتم لەسەریشەوە ، دیوى ناوەوەى کۆمەڵێک کۆدى زۆرە ، ئەم کۆدانەش لەنێو پەڕگە/File ـێکدا هەڵدەگیرێت، ئاگاداربە کە پەڕگە جیاوازە لەگەڵ پەڕە ، چوونکە پەڕگە = File بەڵام پەڕە = Page ، بۆ نموونە تۆ دەتەوێت پەڕەیەک درووست بکەیت کۆمەڵێک نووسینى تیا دەربخەیت و بەشێوەیەک کۆمەڵک خشتە و وێنە و هتد … ــى تیادا دابنێیت و بیخەیتە سەر ماڵپەرەکەت ، پێویستە تۆ لێرەدا ئەو نووسین و خشتە و وێنانە بە زمانى HTML بنووسیت و وابکەیت کە لەنێو ماڵپەرەکەتدا دەربکەون ، ئەو کارەش تەنها بە نووسینى ئەو ناوەڕۆکە دەبێتە بە زمانى HTML و جوانکردن و رازانەوەیەتى بە CSS ، کە لەداهاتوو دەتوانیت خۆت فێرى زمانى HTML بکەیت کە زمانێکى تابڵێی ئاسانە و بەدواشیدا CSS.
باشە ، ئێستا واى دادەنێین کە هەموو ناوەڕۆکەکەت بە HTML نووسیوەتەوە ، بەڵام ئایا چى بکەین بۆ ئەوەى دەربکەوێت ئەو ناوەڕۆکە لەسەر ماڵپەرەکەت ؟
پێویستە هەموو ئەو کۆدانە بخەیتە نێو پەڕگەیەکەوە و پاشەکەوت/Save ـى بکەیت و بیخەیتە سەر ماڵپەرەکەت/بارى بکەیت بۆ سەر ماڵپەرەکەت.

پاش خوێندنەوەى ئەم بابەتە بەتەواوى ، هەوڵبدە لێرە خۆت فێرى HTML ــبکەیت.
یان
لێرە

پاش ئەوەى پەڕگەکەت بارکردە سەر راژەکار ، کاتێک بە وێبگەرەکەت ماڵپەرێک ئەکەیتەوە ، خێرا وێبگەڕەکەت داواى پەڕگەیەک ئەکات لە راژەکار ،پاشان راژەکار کە دەینێرێت ، وێبگەڕیش پیشانى ئەدات .
واتا کۆدەکە لەم بەینەدا گۆڕدرا بۆ نووسین و خشتە و هتد … (بەوشێوەیەى داتڕشتبوو)
واتا کارەکە بەمشێوەیە دەبێ

http://static.howstuffworks.com/gif/webserver-basic-sm.gif

 

باشە ، من هیچ لە وێب داڕشتن نازانم ، ئایا دەکرێت یەکسەر ماڵپەرێک بکڕم ؟
نەخێر ، بێگومان گەر ئەو کارە بکەیت پارەکەت دەکەیتەوە ئاو ــەوە big_smile ، لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت زۆر ماڵپەر هەن کە خزمەتگوزارى ماڵپەرى خۆڕایی پێشکەش دەکەن واتا ماڵپەرێکى تایبەتیت ئەدەنێ بۆخۆت ، بەخۆرایی بەڵام بێگومان بەوشێوەیە نابێت کە تۆ ئەتەوێـت ، چوونکە بێ بەرامبەرە، بەڵام دڵنیابە سەرەتایەکى باشە بۆ خۆ راهێنان لەسەرى.

 

ئایا باشترین رێگا بۆ فێربوونى وێب داڕشتن چییە ؟ و چۆنە ؟
بێگومان باشترین رێگا بۆ فێربوونى وێب داڕشتن و دەستپێکردنى هەنگاوێکى تر دواى ئەم هەنگاوە خۆ فێرکردنى زمانى HTML ــە + CSS .

About islih

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *