دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / رۆڵى ئافرەت لەچاکسازى کۆمەڵگادا دەورێکى گرنگە .

رۆڵى ئافرەت لەچاکسازى کۆمەڵگادا دەورێکى گرنگە .

چاکسازى کۆمەڵگا لەروى ئافرەتەوە دەکرێ دووجۆر بێ

یەکەم:- چاکسازى روکەشى.

ئەوچاکسازیە کە دەبێت ئافرەت لەروى روخسارەوە هەى بێت یانى دەبێت نەبێتە مایەى تاوان و سەرپێچى هەم بۆخۆى هەم بۆ دەوروبەرى بەمانایەکی تر ئەوەیە دەبێت ئافرەت وا خۆى داببپۆشێت کە جیاواز بێت لەگەڵ ئافرەتێکی تر وەببێتە پێشەنگ هەرکاتێک کەسێک سەیرى کرد بەچاوى رێز و حورمەت سەیرى بکات نەوەک بەچاوى تەماع و سەرنج راکێشان بۆتاوان , ئەم پۆشتەیەش دەبێت لەهەموو شوێنێک بێت چى لەبازار یان شوێنە گشتیەکان یان خوێندنگاکان.

دووەم :- چاکسازى کۆمەلگا لە نێو دیوارەکانى ماڵەوە .
چاکسازى لەمالەوە دەست پێدەکات
ئافەرەت دەورێکى گرنگى هەیە لەماڵەوە چونکى بەخێوکەرى ماڵە لەروى پەروەردە و پێگەیاندن بەدەرەجە یەک چونکى ئەرکى مال بە ئافرەت سپێردراوە هەروەک خودا لە پەیامێک کەئاراستەى خێزانەکانى پێغەمبەر دەکات کەپێشەنگى ئافرەتانن دەفەرموێت

(وقرن في بيوتكن ولا تبرجن تبرج الجاهلیة الأولى وأقمن الصلاة واتین الزکاة وأطعن الله ورسوله إنما یرید الله لیذهب عنکم الرجس أهل البیت ویطهرکم تطهیرا)
الاحزاب 33

وە لەروێکى تر گرنگى ئافرەت بەوە دەردەکەوێت کە لەرووى ژمارەوە ئەگەر لەپیاو زیاتر نەبن ئەوان نیوەى گۆمەلگا پێک دەهێنن بۆیە چاکسازى کۆمەڵگا نیوەى لەئەستۆى ئافرەتە لەبەر دوو هۆ.
هۆکارى یەکەم:- وتمان ئافرەت نیوەى پێکهاتەى کۆمەلگایە بۆیە رۆلێکى گرنگى هەیە لە چاکسازى بۆ کۆمەڵگا.
هۆکارى دووەم:-پێگەیاندنى نەوەى نوێ لەباوەشى ئافرەتدا پێدەگات وەک دایک بۆیە ئافرەت رۆلێکى گرنگى هەیە.
رۆلى ئافرەت: لەچاکسازى لەکۆمەلگا.
بۆئەوەى چاکسازى ئامانجەکەى ببپێکێ لە کۆمەلگادا دەبێ ئافرەت (لێهاتوى و رۆڵى) هەبێ بۆ هەڵسان بەکارەکەى کە چاکسازیە ئەمەش چەند بنەمایەکى پێویستە.

بنەماى یەکەم: (رەوشت بەرزبێت)

سەرەتا ئافرەت دەبێ خۆى (رەوشت بەرزبێت) بۆ ئەوەى ببێ بە پێشەنگ ومامۆستا و رابەرێکى باش بۆ هەمان رەگەزى مێ .
بنەماى دووەم: (زانست)

ئافرەت نابێتە چاکساز مەگەر بەزانست نەبێت مەبەست لەزانست زانستى شەرعیە ئەم زانستەش یان بەهۆى خوێندنەوەى پەرتوک دەبێت یان لە زاناکان دەبێت فێربێت ئەم زانایەش ئافرەت بێت یان پیاو , وە بۆفێربوونى زانست لەم سەردەمەدا زۆر ئاسانە ئەگەر کەسێک بیەوێت لەرێگاى تەکنەلۆجیاى سەردەم فێردەبێت , ئافرەت دەتوانێت سود لە وتارو وانەکانى زانایان وەربگرێت ولەمالەوە خۆى بەدواداچون بکات وبەرنامە بۆخۆى دابنێت ئەویش بەهۆى گوێگرتن وبینینى وانەکان.

بۆیە ئەو چاکسازیەى ئافرەت پێى هەلدەستێت دەبێت زانستیانەبێت چونکى نەوەى نوێ لەئەستوى ئەودایە بۆ پەروەردەکردن.

بنەماى سێ یەم: (دەربرین و رەوانبیژى)
ئەمەش بەهرەیەکە لەلایەن خوداوە دەبەخشرێتە بەندەکانى کە بەهۆى ئەم بەهرەیە بتوانێ کەسى بەرامبەر بگەیەنێتە قناعەت بە ووشەى راست و دروست بە بەلگەى زانستى .

جارى واهەیە زانستێک لاى کەسێکە ناتوانێ بیگەیەنێت لەبەر ئەوەى تواناى دەربرین و رەوان بێژى نیە ئامانجەکەى ناپێکیت.

بۆ ئەوەى تەواو شارەزابیت لە روى زانستى رەوان بێژیدا دەبێت هەندێ زانست فێربیت لەروى (نحو + صرف + بلاغة).

بنەماى چوارەم:- (حیکمە)

دەبێ حیکمە بەرکار بهێنیت لەبانگەوازیەکەى یانى لێزان بێ بۆ چاکسازى بۆ ئەوەى لەکاتى پێویست ئامانجەکەت ببپێکیت وەبتوانى لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێک هەڵسوکەوت بکات نەوەک ببێتە مایەى دورکەوتنەوە خەلکى لێی .

بۆیە خودا دەفەرمویت(یؤتی الحکمة من یشاء ومن یؤت الحکمە فقد اوتی خیرا کثیرا وما یذکر إلا أولو الالباب)
البقرة 269

لێرەدا دەبێ ئەوەى مەبەستە بەدەست بهێنى ئەوەش بە حیکمە و لێزانى دەبێ بکرێت بۆ بانگەوازى وەدەبێ کەسى بانگخواز شایستە ولێزان وکارامەبێت نەوەک نەزانبێ و کەم تەرخەم و بێ ئاگابێ و توندرەوبێ لەبانگەوازەکەى دەبێ بزانێ چۆن هەڵسوکەوت دەکات بۆ ئەوەى گوێی لێڕابگیرێت.

بۆئەوەى فێرى حیکمە بیت دەبێ چاو لەحەکیمەکان بکەیت وە باشترین کەسانێک بۆ ئەم کارە پێغەمبەرانن بۆ یە یەکێک لەحیکمەتەکانى پێغەمبەرمان(صلى الله علیه وسلم) بەنمونە وەردەگرین.

جارێکیان هاوەڵێکى پێغەمبەرمان لەمانگى رەمەزان لەرۆژدا لەگەڵ خێزانەکەى سەرجێى کرد بۆیە دێت بۆلاى پیغەمبەر و پێى دەڵێت تیاچووم پێغەمبەریشمان پێى دەڵێت بۆ تیا چویت
هاوەلەکە ووتى لەگەڵ خیزانم سەرجێم کردوە وە بەرۆژوش بووم , لەمانگى رەمەزان لەکاتى بەرۆژ وبوون سەرجێى کردن لەگەڵ خێزان تاوانە هەرکەسێک سەرجێى بکات دەبێت کەفارەتى گوناهەکەى بدات , بۆیە ئەم هاوەڵە باسى حالى خۆى کردوە لەلاى پێغەمبەر.

ئایا پێغەمبەر چۆن لەگەڵ ئەم روداوە رەفتارى کرد ئایا لێى تورەبوو ئایا سەرکۆنەى کرد ئایا روى لێوەرگێرا و جوابى نەدایەوە نانا چونکى ئەم هاوەڵە هاتووە تەوبەى کردوە وە پەشیمانە داواى چارەسەر دەکات بۆ حاڵى خۆى.

بۆیە پێغەمبەر بەحیکمەت ولێزانین وسۆزەوە بەدەمیەوە دێت و پێى دەڵیت دەتوانى بەندەیەک ئازادبکەیت بۆ کەفارەتەکەت هاوەڵەکە دەڵێت نەخێر پێغەمبەر پێى دەڵێت ئەى دەتوانى 2دوو مانگ لەسەر یەک بەرۆژوبیت هاوەلەکەى دەڵێت ناتوانم پێغەمبەر پێى دەلێت ئەى دەتوانى 60شەست فەقیر نان بدەیت هاوەڵەکە دەڵێت نەخیر دواتر پێغەمبەر بیدەنگ دەبێت وە هاوەڵەکەش دادەنیشێت لەم کاتەدا هەندێ خورمایان بۆ پێغەمبەر هێنا پێغەمبەر ووتى کوا ئەوەى پرسیارى دەکرد هاوەلەکە ووتى فەرموو پێغەمبەر ووتى ئەم خورمایە ببە دابەشى سەر هەژارەکانى بکە هاوەلەکەش ووتى ئەى پێغەمبەر خودا کێ هەیە لەمن هەژارتر بۆیە پێغەمبەر ووتى بیبە بۆخیزانەکەت وە بەم وتەى هاوەڵەکە پێکەنى تاکو ددانەکانى بەدیار کەوتن.

لەم بەسەرهاتەدا حیکمەتى پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بۆ دەردەکەوێت ئەویش نەرمى نواندن بەرامبەر هاوەڵکە بەتوندى سەرکۆنەى نەکرد و لێى تورە نەبوو چونکى هاوەڵەکە پەشیمان بوو لە کردەوەکەى کە کردبووى داواى چارەسەرى دەکرد بۆیە جیاوازى هەیە لەنێوان تاوانکارى سەرکەش وتاوان کارى داواى چارەسەر دەکات بۆ ئەوەى رزگارى ببێ لەتاوانەکەى بۆیە پێغەمبەر بەو شیوەیە رەفتارى لەگەڵ کرد.

بنەماى پێنجەمە:- (پەروەردەى چاک)

دەبێ ئافرەت لەپەروەردەى مندالەکانى درێغى نەکات بەشێوازێکى چاک چونکى ئەم منداڵانەى پەروەردەیان دەکات نەوەى دوارۆژن چى لەرەگەزى نێر بێت یان مێ.

لەبەر ئەوەى یەکەم کەس کە روبەروى دەبنەوە لەداهاتوودا دایکیانن بۆیە نابێ کەم تەرخەم بێ لەروى رەوشت وپەرستن وهەڵسوکەوتى چاک بۆیە منداڵ چاو لەدایکى دەکات بەپلەى یەکەم ئەگەر دایک رەفتارو گوفتارى باشبێت ئەوا زۆربەى مندالەکان چاک دەبن وە کارى گەرى دەبێ لەچاکسازى کۆمەڵگادا.

بۆیە دەبێ ئافرەت گرنگى زۆر بە منداڵەکانى بدات ئەگەر لەتواناى نەبوو یانى منداڵەکانى گوێرایەلى نەبوون دەبێ هانا بۆ باوکیان ببات ئەگەر باوکیان نەبوو مامیان یان ئەو کەسەى کەکاریگەرى بەسەریانەوەهەیە.

نابێ ئافرەت خۆى بدات بەدەستەوە بۆ (واقع) چونکى ئەگەر واى کرد ناتوانێ گۆرانکارى بکات.
وە خۆبەدەستەوەدان بۆ (واقع) نیە لە ئاینى ئیسلام بۆیە پێغەمبەرمان(صلى الله علیه وسلم) رەوانەکراوە بۆ کافرو موشریکەکان تاکو واقع بگۆرێت کەواقعێکى نابەجێ بو کەستەم وبێ بەزەیانە وبت پەرستى لەئارادا بوو بۆیە خودا ئەمرى پێکرد(فاصدع بما تؤمر وأعرض عن المشرکین).

خودا فەرمانمانى پێکرد بەراستگۆى وحەق وە دورکەوتنەوە لە نەزانى و دوژمنکارى تاکو ئامانجەکە گەیشت و بەرهەمى هەبوو کە ئومەتى ئیسلامى لێ دروست بوو وە گەورەترین چاکسازى دوونیا دروست بوو.

بنەماى شەشەم:- (جموجۆل بۆ بانگەوازى)

دەبێ ئافرەت بەپێى توانا بەردەوامبێ لەبانگەوازکردن بۆ ئافرەتانى تر دەبێت هەڵ بقۆزێتەوە لەهەموو کۆرو مەجلسێک بەپێى توانا بانگەواز بکات بۆ گەیاندنى پەیامەکەى جا ئەم کۆرو مەجلیسانە لەمیواندارى بێت یان لە کاتى خوێندن بێت یان هەر موناسەبەیەک کە شایەنى ئەوەبوو کە قسەى تیابکرێت و قسەى لێوەربگیریت.

 

پێشنیارکراو

سه‌د و پازده‌ ( 115 ) پرسیار و وه‌ڵامی شه‌رعی تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان

سه‌د و پازده‌ ( 115 ) پرسیار و وه‌ڵامی شه‌رعی تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان وەڵام دراونەتەوە …