لە پێشتر ئیشاڕەتمان کرد بەوەی کە خۆشگوزەرانی دونیا بەندە بەدینداری دروست وڕاستەقینە وەك خودای گەورە وکاربەجێ دەفەرمووێ :
( وعد الله الذین آمنوا منكم وعملوا الصالحات لیستخلفنهم في الٲرض كما ٲستخلف الذین من قبلكم ولیمكنن لهم دینهم الذي ٳرتضی لهم ولیبدلنهم من بعد خوفهم ٲمنا یعبدونني ولایشركون بي شیئا )
وە ئایەتی زیاتر پێشتر باسکران کە مەرجی سەرفرازی دواڕۆژ وخۆشگوزەرانی دونیان.
بەلام بەداخەوە ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی نزیکەی دوو ملیار کەس لەسەر گۆی زەوی بانگەشەی ئیسلام دەکەن ، کەچی ئەو خۆشگوزەرانیەی باسمان کرد بەدی ناکرێت مەگەر لە چەند شوێنێکی کەمی وەك عەرە بستانی سعودﻱ نەبێت .
ئەگەر لەهۆکارەکەی ووردبینەوە خۆی لەوە دەبینێتەوە کە ئەو دینداریەی ئیمڕۆ پەیڕەو دەکرێت وەك ئەو دینداریە نیە کە پێغەمبەر و هاوەڵانی لەسەری بوون کە مەرجی دینداریە لای خودا ، وەك لەقورئان دەفەرمووێت : ( فٳن آمنوا بمثل ما آمنتم به فقد اهتدوا وٳن تولوا فٳنما هم في شقاق ) .
هەربۆیە ئەنجامی بڕواو کرداری چاك کەخۆشگوزەرانیە لەدونیای ئیمڕۆ پێچەوانەی خۆشگوزەرانی پێغەمبەر و هاوەڵەکانە ، چونکە دینداری خەڵکی ئیمڕۆ لەبڕواو کاری چاك جیایە لە دینداری پێغەمبەر و هاوەڵەکانی لە بڕواو کاری چاك .
بەهۆی نەبوونی سەرفرازی وخۆش گوزەرانی لە گەڵ ئەوەی کەدینداریش دەکەین وامان لێ دەکات کە گومان لە چۆنیەتی دینداریەکەمان بکەین ، نەك گومان لە خوودی دینەکە .
بۆیە پێویستە زۆر بەبوێری بڕیار بدەین کە دینداریەکەمان هەڵەیە نەك خوودی دین ، بۆیە زۆر پێویستە زوو بەزوو بە شێوازی دینداریەکەماندا بچینەوە و دەست بە چاکسازی بکەین لە هەموو ئەو بوارانەی کە بە هەڵە دینداریمان پێڕەو کردووە ڕاستی بکەینەوە تاوەکو ئەو خۆشگوزەرانیەمان دەستکەوێت کەخودا بڕیاری داوە بیبەخشێتە بڕوادارو چاکەکاران .
دیارە دینیش وەك هەموو سێکتەرەکانی تری ژیان پێویستی بە چاکسازی هەیە مادام دینداری ئیمڕۆ هەمان ئەنجامی باشی دینداری پێشووی نەبێت .
ئەنجامەکانی دینداری پێمان دەڵێن کە دینداری بەهەڵە پێڕەو دەکرێت ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار .
۱ـ گۆڕانی ڕوخساری دین لەگەڵ تێپەڕبوونی کات .
۲ـ بەهەڵە تێگەیشتنی دەقەکان : بەهەڵە تێگەیشتنی دەقەکان لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا بەردەوام هەبووە گاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر گۆڕانی رووخسارو ناوەرۆکی دین نەبووە ، وەئەگەر هەبووبێتیش بەوئاستە نەبوە کە بگاتە ئاستی گۆڕینی ئەسڵ و ناوەرۆکی دین کە یەکتاپەرستی و سنوورەکانی حەڵاڵ و حەڕامە .
نموونەی هەڵە تێگەیشتنی دەقەکان لەسەردەمی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) ، کەپێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) فەرموویە هاوەڵانی : ( نوێژی عەسر مەکەن لەبەنی قوڕەیزە نەبێت ) .
درەنگ گەیشتن تانوێژی عەسریان لەگەڵ مغریب کرد لە بەنی قوڕەیزە ، پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) فەرمووی مەبەستم پەلەکردن بوو .
وەلەسەردەمی عمر ڕەزای خوای لێبێت کەسانێك مەیخواردنەوەیان پێ حەڵاڵ بوو بەهۆی هەڵە تێگەیشتنیان بۆ ئایەتی : (ليس على الذين آمنوا وعملوا الصالحات جناح فيما طعموا إذا ما اتقوا وآمنوا وعملوا الصالحات ثم اتقوا وآمنوا ثم اتقوا وأحسنوا والله يحب المحسنين) . تاوەکو نوێنەری عومەر ڕەزای خوای لێبێت بۆیانی ڕۆنکردنەوە .
ئەوەی زۆر جێی مەترسی و کاریگەری لەسەر گۆرینی ڕوواڵەت وناوەرۆکی دین هەبێت هۆکاری یەکەمە کەبەدرێژایی مێژووی ئاینەکان ڕوویداوە وەك لە زنجیرەکانی داهاتوو باسیان دەکەین بەپشت وپەنای خوای گەورە و بەرز .
🌼 ئامادەکردن: مامۆستا عبدالجلیل اسماعیل گەلاڵى