دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / حکومەت یان گەڵ ؟

حکومەت یان گەڵ ؟

زۆرجار لە زۆر وڵات خەڵکى داواى گۆڕانکارى حکومەت و دەوڵەت دەکەن , بەڵام گەر وردبینەوە دەبینین تەنها هەوڵەکەیان لەوەدا دەردەکەوێت کە تەنها گۆڕانکاریەکى دەرەکى روکەشى ڕوالەتى بێت نەک گۆڕانکاریەکى بنەڕەتى و ڕاستەقینەیى و واقیعى.

چونکە ئەو گۆرانکاریەى کە گەڵ دەیەوێت بریتیە لەوەى کە حوکمرانى و دەسەلات بگوازرێتەوە لەسەرکردەکانى حکومەت بۆ سەرکردەو کاربەدەستانێکى تر , یان وەزیرێک بگۆرن بە وەزیرێکى تر وە یان بەرێوەبەرێک بگۆرن بە بەرێوەبەرێکى تر یان حزبێکى حکومڕان بگۆڕن بە چەند حزبێکى تر , یان ڕژێمى شۆسیالیستى چەپ بگۆڕن بەسەرمایەدارى وە یان وەیان…

وە بێگومان تەنها بەم گۆرانکاریە سەرکەوتن و ئاسودەیى و شارستانیەت و خۆشگوزەرانى خەڵکى بەدەست نایەت لەبەر چەند هۆکارێک:

یەکەمیان: ئەوکەسە تازەیەى کە حکوم دەگرێتە دەست ئەویش زۆرجار وادەبێت کە لەشەخصى پێشوى خۆى باشتر و پاکتر نابێت , هەرچەندە پێش دەسەلات کەوتنەدەست جۆرە نەشونمایەکى سیاسى تیابوو بێت , بەڵام گرنگ ئەوەیە کە کاتێک دەسەلات و پارە و هێز و حکومەتى دەکەوێتە دەست بە پاکى خۆى بمێنێتەوە.

وە ئەگەر لێپرسراوە لادراوەکە لە ماوەیەکى درێژى چەندان ساڵێدا پارەیەکى کۆکردبێتەوە بۆ خۆى ئەوا لێپرسراوە تازەکە دەیەوێت لە ماوەیەکى زۆر کورتدا هەمان پارە یان زیاتر کۆبکاتەوە , چونکە مەترسى لاچوونى هەیە.

وە ئەویش بەپەلەیە کە زوو کەس وکار و عەشیرەت و لایەنگرانى خۆى پڕبکات و دایان بمەزرێنێت وشتیان بداتە دەست , کەوابوو گەلى ماف خوراو هەروەکو خۆى مایەوە و هیچى قازانج نەکرد کە شایانى باس بێت , بەڵکو ئەوەى کەسودى بینى تەنها ئەم ستافە تازەیە بوو کە لە سەرشانى میللەت دەسەلاتیان گرتە دەست.

وە ئەمەش وا لەمیللەت دەکات کەبیر لە خۆپیشاندان و راپەرینێکى تر بکەنەوە ئەو حزبەش لابدەن وحزبێکى تر بێننە شوێنیان بەڵکو ئەم جارەیان ئیسراحەت بکەن.

ئابەم شێوەیە میللەت بەردەوام لە ڕاپەرین و خۆپیشاندان وفیتنەو کوشتاردا دەژێت .

کەوابوو بەم شیوەیە گەل بەردەوام لە قوربانیدان دەبێت و بەرهەمەکەشى تەنها کۆمەلێک دەیخوات و ولاتیش بەردەوام لە نا ئارامى و نائەمینیدا دەبێت , وە هەردەبێت خەڵکى سەرقاڵى کوشتارو کودەتا وشۆرش بن , وەبێگومان ئەم بارودۆخە نا ئارامیەش زیانى زۆرى لە خەڵکى دەدات و ولات لاواز دەکات و بەرەو دواوەى دەبات.

دووەمیان: سوود وەرنەگرتن لە گۆرانکارى روکەشى هۆکەى ئەوەیە کە گۆرانکاریەکان هیچ لە واقیعى خەڵک و ولات ناگۆرن تاوەکو خەلکەکە خۆیشى خۆى چاک نەکات و خراپیەکانى نەگۆرێت بەچاکە , تاوەکو خۆمان واز لە بیروباوەرى خراپ نەهێنین واز لە حەرام خواردن و زوڵم وستەم کردن و خیانەت لەیەکترى کردن و ئیهمالى و خۆپەرستى و دەمارگیرى و لاوازى ئیمان و راکردن بەدواى دینار و دۆلار و لاسایى کردنەوەى رەوەشت و عادات وتەقالیدى غەرب  – نەک زانست و تەکنەلۆژیایان – وە تاکو خەڵکى واز لەم هەموو گەندەڵییەى خۆیان نەهێنن و گۆرانکارى لە خۆیانەوە نەکەن بەرەو چاکە کردن , ئەوە گۆرانکارى سەرکردەو هاتنى سەرکردەیەکى تازە زۆر لە حاڵى خەڵک خۆش ناکات , چونکە کاریگەریەکى واى نابێت بەسەر ئیرادەو ئارەزوى خەڵکەوە تاوەکو خەڵکەکە خۆیان نەگۆرن بەرەو چاکە حکومەت چاک نابێت چونکە:

حكومەت لەخەڵک پێک دێت هەر لە کارمەندێکەوە تا بەرێوەبەرى دائیرەیەک وە تا وەزیرێک وە تا ئەندام پەرلەمانێک گشتیان لەم میللەتەن.

جا باهەر سەرکردە و حزبێکى حاکمیش لا بچێت گەر خەلکى باش و ئەمیندار و ڕاستگۆ و رەوەشت بەرز و دڵسۆز نەبن و بە بەرپرسیارێتى دونیان و قیامەتەوە کارەکان وەرنەگرن ئەوە وەزعەکە هەر وەکو خۆى لێ دیتەوە , نالێم هیچ ئەندازەیەک گۆرانکارى روونادات بەڵێ سەرکردە و حکومەت تواناى چاککارییان هەیە بەڵام رەرێژەیەکى کەمتر لە تواناى میللەت.

ئەگەر حکومەت بتوانێت لە (20%) کاریگەرى هەبێت لەواقیع ئەوە گەل لە (80%)کاریگەرى هەیە لە ئەرزى واقیع.

بۆنموونە گەل دەوتانێت بەچەند رۆژێک سەرکردەیەک دەرکات و حکومەتەکە بروخێنێ گەر تەنها لە (10%)ى گەل ڕاپەرێت نەک هەموشیان ئەوە حکومەت دەسەلاتى نامینێت و ناتوانێ بەرەنگاریان بکات , بەڵکو دەبێت گۆرەپانیان بۆ چۆڵ بکات , بەڵام گەر حکومەت بیەوێت گەل دەربکات ناتوانێن , هەروەک لەمیسر وتونس بینیمان کە لە ساڵى(2011) کەوابوو گەر میللەت ویستى گۆرینى هەبێت بەتواناترە لە حکومەت کەوابوو کاریگەرى حکومەت لەسەر واقیع کەمترە لە کاریگەرى گەڵ.

جا ئەمە واپیویست دەکات کە گەلێش هەڵسێت بەچاک کردنى خۆی و گۆرێنى خراپەکانى بە چاکە ئەگینا حکومەت ناتوانێت گەڵ چاک بکات ئەگەر خۆیان خۆیان چاک نەکەن.

بۆنمونە : من وتۆ دەتوانین خۆمان چاک بکەین إن شاء الله بەلام ناتوانین براکەمان یان دراوسێکەمان چاک بکەین کەواتە گەر تاک تاک و کۆمەڵ کۆمەڵ هەر لە خێزانەوە دەست پێنەکەین بە گۆرانکارى ئیجابى لە خۆمانەوەدا ئەوە کەس ناتوانێت بمانگۆرێت بەرەو چاکە نە حکومەت و نە کاربەدەستان.

نمونە :ئەگەر سەیرى گەندەڵى گەل بکەین دەبینین: 

*کارمەندان بەدڵسۆزى و بەتەواوى دەوامەکەیان وەکو پێویست ناکەن.

*لەچینى مامۆستایان هەیە بە دڵسۆزى وانەکان بەقوتابیان نالێنەوە , وە ڕێگا بەغەش و قۆپیەکردنى هەندێ لەقوتابى دەوڵەمەند و دەسەلاتدارەکان دەدەن و هەیانە خۆى قۆپیەیان بۆ دێنێت.

وەمامۆستاى وا هەیە لەکاتى دەوامى رەسمى زۆر گوێ بە قوتابیان نادات و پێیان دەڵێت ئێوارە وەرنەوە بۆ دەرسى تایبەت بە پارە.

*وەقوتابیان بەشێکیان قۆپیە و غەش دەکەن و بە تەزویر و غەش قۆناغەکانى خوێندن دەبڕن , وە هیچ گرنگیەکى ئەوتۆ بە خوێندنەکەیان نادەن و تەنانەت ناشخوێننەوە , وە کە دەریشچوو بە واسیتە و بەرتیلیش دادەمەزرێت و ئەمانەتێک هەڵدەگرێت کەپێى ناپارێزرێت و ناتوانێ مافى خۆى پێبدات , وەبە تایبەتیش کە ببێ بەمامۆستا ئەوە هەروەکو چۆن خۆى قۆناغەکانى بڕین ئاواش قوتابیەکانى ڕادەهینێت چونکە کە دارێک خواربوو سێبەرەکەشى هەرخوار دەردەچێت , وە هەروەها هیچ زانستێکى ئەوتۆشى پێ نیە کە پێشکەشى قوتابیەکانى بکات , چونکە جام چى تێدابیت ئەوەى لێدەرژێتەوە.

*پزیشکەکان بەهەمان شێوەى هەیانە لەکاتى دەوامى ڕەسمى بەیانیاندا زۆر گرنگى بە نەخۆش نادات وپێى دەڵێت ئێوارە وەرەوە بۆ عیادە بەپارە.

*وە هەروەها بەرێوەبەرەکان هەیانە بەرتیل خۆرو نارەوا وماڵى حکومەت خۆرە بەهەر بیانویەکەوە بێت , وە هەیانە کاروبارى خەڵکى بەڕێوە نابەن و لێیان قورس دەکەن وبێزاریان دەکەن تا ناچاریان بکەن بەبەرتیل دان.

*وەهەروەها بازرگان و دەوڵەمەندەکان زۆربەیان زەکات نادەن و بەشى فەقیر لە ماڵەکەیان دەرناکەن , وەبگرە قەرزیشیان لەگەڵ ناکەن بەڵکو بەسوو (ریبا) نەبێت مامەڵە ناکەن , وە شت لەسەر خەلکى گران دەکەن .

*یاخود هەندێ لە کرێکارەکان ئەرکى تەواوى سەرشانیان بەجێ ناهینن .

بێگومان ئەم هەموو گەندەڵیانە میللەت بەرهەمى تاڵى گەندەڵى گەورەى حکومەتى لی دەکەویتەوە , چونکە ئەم قوتابیە ئیهمالەى بە قۆپیە واسیتە دەرچووە سبەى دەبێتە مامۆستا یاخود بەرێوەبەرێک وە یاخود ……. لە گەندەڵى زیاتر چى لێ چاوەرێ دەکرێت.

———

وەرگیراوە لەپەرتوکى (گۆرانکارى راستەقینە و بەسود کامەیە کە ئەرکى حکومەت ومیللەتیشە).

د.عبدالطیف احمد مصطفى.

پێشنیارکراو

نیشانەو خەسلەتەکانى ئەهلى سونەتو جەماعەت

نيشانەو خەسڵەتەكانی ئەهلی سوننەت و جەماعەت

1- عەقیدەو بیروباوەڕیان تەنها لە كیتاب و سوننەت وەردەگرن, لە نێوان زیادەڕەوی و كەمتەرخەمیدا مام …