دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / حاتم الأصم (بەرحمەت بێت) دەڵێت هەشت سوودم لەزانست وەرگرتوە:
حاتم الاصم
حاتم الاصم

حاتم الأصم (بەرحمەت بێت) دەڵێت هەشت سوودم لەزانست وەرگرتوە:

یەکەم: من تەماشاى خەڵکم کرد و بینیم بۆ هەر یەکێکیان خۆشەویست و مەعشوقێک بوونى هەیە کە خۆشیدەوێت و عاشقى دەبێت , هەندێ لەو خۆشەویستانە تا نەخۆشى مردنەکەى لەگەڵیدا دەبن هەندێکیان تا لێوارى قەبر پاشان هەموویان دەگەڕێنەوە و بەتاق و تەنها بەجێى دەهێڵن و هیچ کام لەوانە لەگەڵى ناچنە ناو گۆرەکەوە , بۆیە منیش بیرم کردەوە و بەخۆمم وت باشترین خۆشەویستى مرۆڤ ئەو شتەیە کە لەگەڵى دەچێتە ناو گۆڕەوە و تیایدا هۆگرى لەگەڵ پەیدا دەکات ئەوەشم تەنها لە کارو کردەوەى چاکەدا بینیەوە بۆیە کردم بە خۆشەویستى خۆم بۆ ئەوەى ببێتە چرایەک لە گۆڕەکەمدا و هۆگریم لەگەڵ پەیدا بکات و بەتەنها بەجێم نەهێڵێت.

دووەم : من خەڵکیم بینى شوێنى ئارەزوەکانی خۆیان دەکەوتن و پەلامارى مەرامەکانى دەروونى خۆیان دەدا , منیش لەم ئایەتە پیرۆزە تێڕامانم کرد :{ وأما من خاف مقام ربه ونهى النفس عن الهوى{} فإن الجنة هي المأوى}النازعات 39-41. هەرکەس لە مەقامى پەروەردگارى بترسێت و نەفسى خۆى لە ئارەزوو بگرێتەوە ئەوا بەهەشت شوێن و ماوایەتى , یەقینم پەیداکرد قورئان حەق و راستە , بۆیە دەستمدایە سەرپێچى کردنى نەفسم و خۆم یەکلایکردەوە بۆ تێکۆشان و دژى نەفسم و رێگەم نەدا چێژ لە حەزوئارەزوەکانى وەربگرێت تا چووە ژێربارى گوێڕایەڵى خوداوەو بۆ فەرمانەکانى گەردنکەچ بوو.

سێهەم : من خەڵکیم بینى هەوڵى کۆکردنەوەى دونیایان دەدا و پاشان بە توندى دەستیان بەسەردا دەگرت , منیش تێڕامانم لە ئایەتە کرد :{ ما عندکم ینفد و ما عندالله باق} النحل :96 . ئەوەى لاى ئێوەیە تیادەچێت و ئەوەى لەلاى خودایە دەمێنیتەوە , بۆیە ئەوەى لەدونیا بەدەستم هینابوو لە پێناوى خودادا بەسەر  هەژار و نەدارانم دابەش کرد بۆ ئەوەى لەلاى خودا ببێت بە توێشوویەک بۆم.

چوارەم : من هەندێ خەڵکم بینى وایان گومان دەبرد شەرەف و گەورەیی و سەربەرزیان بۆ زۆرى شوێنکەوتوو و عەشیرەتەوەیە , بۆیە ئەوانەیان کرد بە پشتیوانى خۆیان خەڵکانێکى تر واى بۆچوون شەرەف و گەورەییان لە زۆرى ماڵ و نەوەدایە , بۆیە بەوانەوە فەخریان دەکرد , کەسانێکى تر هەبوون پێیان وابوو شەرەف و گەورەیی لە داگیرکردنى ماڵ و موڵکى خەڵک و ستەم لێکردنیان و خوێن رشتنیاندایە , دەستەیەکى تر باوەڕیان وابوو شەرەف و گەورەیی لە خەرج کردنى ماڵ و سامان و دەستبڵاویی و زیادەڕەوییدایە , منیش لەم ئایەتە پیرۆزە تێڕامانم کرد :{ان اکرمکم عند اللہ اتقاکم} الحجرات:13 . بەڕێزترینتان لەلاى خودا خۆپارێزترینتانە , بۆیە تەقوام هەڵبژارد و باوەڕم وا بوو قورئان راست و دروستەو گومان و بۆچوونەکانى ئەوانە پووچ و بێمانایە.

پێنجەم : من خەڵکیم بینى هەندێکیان زەمى هەندێکیان دەکرد و لە پشتەملە ناوى یەکرتیان بە خراپ دەهێنا , بینیم رەگ و ریشەى ئەو کارەیان بۆ حەسوودى دەگەڕیتەوە لەماڵ و پلەو پایە و زانستدا , منیش لەم ئایەتە پیرۆزە تێڕامانم کرد :{نحن قسمنا بينهم معيشتهم في الحياة الدني} الزخرف:32 . واتە { ئێمه‌ین که ڕزق و ڕۆزیمان له نێوانیاندا دابه‌ش کردووه له ژیانی دنیادا و پله‌و پایه‌ی هه‌ندێکیمان به‌رزکردۆته‌وه به‌سه‌ر هه‌ندێکیاندا}. بۆیە حەسوودیم بەکەس نەبرد و رازى بووم بەو بەشەى خودا بۆ منى دانابوو.

شەشەم : من خەڵکیم بینى هەندێکیان دەستدرێژیان دەکردە سەر هەندێکى تریان بۆ مەرام و هۆیەک , منیش لەم ئایەتە پیرۆزە تێڕامانم کرد :{ان الشيطان لكم عدو فاتخذوه عدوا} فاطر:6 . واتە { شه‌یتان دوژمنتانه ئێوه‌ش به دوژمنی خۆتانی دابنێن} , بۆیە زانیم نابێت دوژمنایەتى هیچ کەسێک بکرێت جگە لە شەیتان.

حەوتەم : هەمویانم بینى هەوڵ و تیکۆشانێکى بێوچان دەدەن بەبێ وەستان بۆ بەدەست هێنانى نان و رزق و رۆزیان , بەجۆرێک کە دەیخستنە ناو شوبهەو حەرامەوە ونەفسى خۆیان زەلیل دەکرد و حورمەتى خۆیان کەم دەکردەوە ,منیش لەم ئایەتە پیرۆزە تێڕامانم کرد :{وما من دابة في الأرض إلا على الله رزقها ويعلم مستقرها ومستودعها كل في كتاب مبين} هود:6 . واتە : { هیچ زینده‌وه‌رێك نیه له‌م زه‌ویه‌دا ڕزق و ڕۆزیه‌که‌ی له‌سه‌ر خوا نه‌بێت و ئاگاداره به‌شوێنی حه‌وانه‌وه و شوێنی ده‌رچوونیان، هه‌موو شتێك تۆماره له دۆسیه‌ی ئاشکرادا له (لوح المحفوظ) دا.} , زانیم رزق و رۆزیم لەسەر خودایە و بۆمى دەستەبەر کردووە , بۆیە بە عیبادەتى خودا خەریک بووم و تەماعم لەغەیرى خودا برى .

هەشتەم : من هەموو خەڵکیم بینى هەر یەکەیان شانى لەسەر شتێکى دروستکراو دادابوو , هەندێکیان لەسەر دینار و درهەم هەندێکیان لەسەر ماڵ و موڵک هەندێکیان لەسەر پیشەو پیشەسازى هەندێکیان لەسەر دروستکراوێکى وەک خۆیان , منیش لەم ئایەتە پیرۆزە تێڕامانم کرد :{ومن يتوكل على الله فهو حسبه ان الله بالغ امره قد جعل الله لكل شئ قدرا} الطلاق:3 . واتە :{ ئه‌وه‌ی پشت به خوا ببه‌ستێت، ئه‌و زاته‌ی به‌سه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یاریده‌ده‌ری بێت، چونکه به‌ڕاستی خوا کارو فه‌رمانی خۆی به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت، بێگومان خوا بۆ هه‌موو شتێک نه‌خشه‌یه‌کی دیاریکراوی بڕیارداوه (که ده‌بێت په‌یڕه‌وی بکرێت).} , بۆیە منیش پشتم بە خودا بەست و هەرئەویش بەسە بۆ مرۆڤ و باشترین کەسێکە پشتى پێ ببەسترێت.

—–

وەرگێرى بۆزمانى کوردى مامۆستا (عبدالکریم فتاح).

پێشنیارکراو

نامۆکان کێن؟

لە سێ حەدیسی پێغەمبەر (ﷺ) ـەوە: 1– عن عبدالله بن عمرو عن النبي صلى الله عليه …