1- نیەتپاکى (ئیخلاص) بۆ خواى پەروەردگار:
بێگومان قورئان خوێندن عیبادەتێکى گەورەیە , کەواتە پێویستە بەتاک و تەنها لەبەر رەزامەندى پەروەردگار ئەنجام بدرێت و هیچ ویست و مەبەستێکى ترى تێکەڵاو نەکرێت.
2- دەستنوێژ گرتن:
حوکمى خوێندنەوەى قورئانى پیرۆز بەبێ دەست نوێژ رێگەپێدراوە بەڵام ئەگەر دەستنوێژ بگریت بۆ قورئان خویندنەوە ئەوە باشتروو تەواوترە وە ئەمەش ئەدەبێکى ترە لە ئادابى قورئان خوێندنەوە ولەهەمان کاتدا بەگەورە دانانیشیەتى.
3- سیواک کردن :
حوذیفە (رضى الله عنه) دەفەرموێت : (پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) ئەگەر هەڵبستایە بۆ شەونوێژ سیواکى دەکرد).
ئەم سیواک کردنەش لەبەر ئەوە بووە کە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) ویستوویەتى شەونێژ ئەنجام بدات و هەروەها قورئانیش بخوینیتەوە.
4- لەکاتى قورئان خوێندنەوەدا دڵت ئامادەبێت بۆ قورئان خویندنەوە کەو تێ ڕامان و وردبونەوەت (تدبر) هەبێت.
5- پەناگرتن بە خواى گەورە لە شەیتان لەکاتى قورئان خوێندندا:
خواى گەورە لە قورئانە پیرۆزەکەیدا فەرمویەتى{فإذا قرأت القرءان فاستعذ بالله من الشيطان الرجيم} النحل : 98. واتە لەکاتى دەست کردنت بە قورئان خوێندنەوە بڵێ (أعوذ بالله من الشيطان الرجيم).
6- نابێت قورئانى پیرۆز لە شوینە پیسەکاندا بخوێندرێت:
بێگومان ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە قورئانى پیرۆز پیویستە بەگەورە دابنرێت چونکە کەلامى (رب العالمین)ە وە دەبێت رێزى لێ بگیرێت بۆیە درووست نیە لە شوێنیکدا بخویندرێت کە پیس بێت.
ئیمامى نووى (بەرحمەت بێت) دەفەرموێت : سوننەت وایە خوێندنەوەى قورئانى پیرۆز لە شوێنى پاکدا بێت .
7- چەند زیکرێک لەکاتى تێپەربون بە ئایەتەکانى قورئاندا :
لەکاتى خوێندنەوەى ئایەتێکدا کەباسى ڕەحمەتى خواى گەورە دەکات سوننەت وایە داواى ڕەحمەتى خواى پەروەردگار بکەیت وە لەکاتى خوێندنەوەى ئایەتى سزاو تۆڵەدا پەنا بگریت بەخواى گەورە , لەکاتى خوێندنەوەى ئایەتیکشدا کەباسى نیعمەت و بەخششێکى تێدا بێت سوننەت وایە داوا لەخواى گەورە بکەیت وەک داواکردنى بەهەشت.
حوذیفەى کورى یمانە (رضى الله عنه) دەفەرموێت : کاتێک پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) ئایەتێکى بخوێندبایە کەباسى ستایشى خواى گەورەى تیادا بوایە ئەوا ستایشى خواى گەورەى دەکرد , بەوتنى (سبحان الله) وە ئەگەر ئایەتێکى بخوێندایە کەباسى نیعمەتێکى خواى بکردایە ئەوا داواى ئەو نیعمەتەى لە خواى گەورە دەکرد ئەگەر ئایەتێکیشى بخوێندبایە کە باسى سزاى تیا بوایە پەناى بەخوا دەگرت لێی.
8- بەلەسەر خۆیی (الترتیل) و بە ڕێکى و جوانى بخوێندرێتەوە و پیتەکانیش حەقى خۆیان پێ بدرێت :
خواى گەورە و میهرەبان بە پێغەمبەرەکەى (صلى الله علیه وسلم) دەفەرموێت : {ورتل القرءان ترتيلا}المزمل:4
9- بێدەنگ بوون و گوێگرتن لە کاتێکدا کە قورئان دەخوێندرێتەوە :
خوداى گەورە دەفەرموێت :{وإذا قرئ القرآن فاستمعوا له وأنصتوا لعلكم ترحمون}الاعراف :204.
10- روکردنە قیبلە لەکاتى قورئان خوێندندا :
هەندێک لەزانایان ڕووکردنە قیبلەیان لەکاتى قورئان خوێندندا بە یەکێک لە ئادابى قورئان خوێندنیان زانیوە وە بۆ ئەو مەبەستەش ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە کەلە (ئەبو هورەیرە)(رضی الله عنه) وە هاتوە کەلە پیغمبەر (صلى الله علیه وسلم) دەگێریتەوە دەفەرموێت : (ان لكل شئ سيدا وان سيد المجالس قبالة القبلة) واتە : بۆهەموو شتێک گەورەیەک هەیە گەورەى مەجلیسەکانیش قیبلەیە .
وە چەندین زانا فەرمویانە لەکاتى قورئان خوێندن سوننەتە روبکەیتە قیبلە , وەگوناح بار نابیت ئەگەر رونەکەیتە قیبلە .
11- ئەدەبێکى تر ئەوەیە کە بەدەنگى خۆش قورئان بخویندرێت :
براء ى کورى عازەب (رضى الله عنه) فەرمویەتى : پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) فەرمویەتى : زينوا القرآن بأصواتكم ، فإن الصوت الحسن يزيد القرآن حسنا . واتە : قورئان بڕازێننەوەو جوانى بکەن بەدەنگە کانتان لەبەر ئەوەى دەنگى خۆش جوانى قورئانى پیرۆز زیاتر دەکات.
12- سوجدەى قورئان خوێندن (سجدة التلاوة) بۆ کەسێک کەوا قورئان دەخوێنێتەوە وە بۆ ئەوەش کە گوێ لە قورئان دەگرێت:
ئەبوهورەیرە (رضى الله عنه) دەفەرموێت : پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) دەفەرموێت : ئەگەر نەوەى ئادەم ئایەتى سوجدەى خوێندەوە و پاشان سوجدەى برد ئەوا شەیتان دەگرى و لێى دوردەکەوێتەوە و دەڵێت : (ئەى هاوار بۆ من ) چونکە نەوەى ئادەم ئەمرى پێکرا سوجدە ببات ئەویش سوجدەى برد بۆیە بەهەشت بۆ ئەوە وە ئەمریش کرا بەمن بۆ سوجدەبردن بەڵام من پشتم هەڵکرد بۆیە ئاگر بۆ منە .
13- یەکێکى تر لە ئادابەکانى قورئان خوێندن بریتیە لە : گریان و خشوع لە کاتى قورئان خوێندندا :
لە (جابر)ەوە (رضى الله عنه) هاتوە کە پێغەبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) فەرمویەتى : بەراستى باشترین قورئان خوێن ئەو قورئان خوێنەیە کە گوێت لە دەنگى بوو هەست بکەیت لەخوا دەترسێ .
ئیمامى (نەوەوى) (بەرحمەت بێت) دەربارەى گیران لەکاتى قورئان خوێندندا دەفەرموێت : ئەوە تایبەتمەندى خواناسانە شیعارێکى بەندە چاکەکانى خواى پەروەردگارە.
14- ئەدەبێکى تر ئەوەیە کە سوڕەتەکانى قورئانى پیرۆز دوابەدواى یەکتر (الترتیب) بخوێنیتەوە:
وەک ئەوەى سەرەتا سورەتى (الفاتحة) بخوێنیتەوە پاشان (البقرة) پاشان (ال عمران) بەوشێوەیە دوابەدواى یەک بخوێندرێت , ئەمە لەحالەتێک کەسێک بیەوێت هەموو قورئان بخوێنێتەوە بەم شێوەیە بە تەرتیب بى خوێنێتەوە , بەڵام لە نوێژەکان ئاسایە کە کامە سورەتەت لەبەر دواى (الفاتحة) بخوێنیتەوە , وە بۆ لەبەر کردنیش کامە سورەتەت پێخۆشەو ئاسانە کە بۆت ئەمە هەڵبژێرە تاکو لەسەرى رادێت بۆ لەبەرکردن , وە نابێت ئایەتەکان پاش وپێش پێ بکەیت حەرامە لەناو یەک سورە نمونە لە سورەتى (البقرة) لە ئایەتى (286) دەست پێبکەیت بۆ ئایەتى (285) بەم شێوەیە حەرامە و تاوان بار دەبیت.
15- قورئان خوێندنەوەى ئافەرەتان پێویستە بە جۆرێک بێت کە پیاوان نەیبیستێ ئەمەش لەبەر رێگرى کردن لە سەرەهەڵدانى فیتنە :
زانایانى لێژنەى هەمیشەى فەتوا فەرمویانە (قورئان خوێندنەوەى ئافرەتان دروست نیە لەکاتێکدا کە پیاوانى نامەحرەمى لێ بێت و گوێیان لە دەنگى بێت , ئەمەش لەبەر ترسى توشبوونى فیتنە بەهۆى ئەو ئافرەتانەوە بەڕاستى شەرعى خوا هاتوە دەرگاى تاوان دابخات و تاوان نەهێلێت).
ئەمەش ڕاو بۆچوونى چەندین زاناى ترە لەوانە : شێخ (ابن باز , ابن عثیمن , الالبانى)وە چەندان زاناى تریش.
16- خۆ پاراستن لە هەندێک بیدعەو کردەوەى داهێنراو لەکاتى قورئان خوێندندا :
(دەست خستنە سەر هەردوو گوێ یان یەک گوێ لەکاتى قورئان خوێندن , سەر لەقاندن لە کاتى قورئان خوێندن , ووتنى (صدق الله العظیم) پاش تەواو بوون لە قورئان خوێندن , (الله اکبر) کردن لەلایەن قورئان خوێنەکان نمونە ((الله اکبر)(بسم الله الرحمن الرحیم)), ووتنى (الله , الله) لە کاتى بیستنى قورئاندا , تەقلید کردنێکى تەواوى قورئان خوێنەکان بەمەبەستى تەقلید نەک بەمەبەستى فێر بوون ).
17- خۆ بەکەم دانان (التواضع) لەبەرامبەر ئایەتەکانى قورئان لەکاتى قورئان خوێندندا :
ئەبوهورەیرە (رضى الله عنه) بۆمان دەگێرێتەوە کە پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) فەرمویەتى : (وما تواضع احد لله إلا رفعه الله) واتە : هیچ کەسێک نیە کە لەبەر خواى پەروەردگار خۆى بەکەم بگرێت ئیلا خواى گەورە و میهرەبان پلەى بەرز دەکاتەوە .
18- قورئان خوێندن نابێت تەنها بە (دڵ) بێت بەڵکو لەگەلیدا پێویستە زمان و لێوەکانیش بجولێندرێت لەکاتى دەربڕینى پیتەکانى قورئانى پیرۆزدا :
(ابن رشد القرطبی)(بەرحمەت بێت) بۆمان باس دەکات ,کە پرسیار کراوە لە ئیمامى (مالک)(بەرحمەت بێت) دەربارەى کەسێک کە قورئان بخوێنێتەوە لەنوێژدا بەبێ ئەوەى زمانى بجولێنێت , ئیمامى (مالک)(بەرحمەت بێت) لەوەڵامدا فەرموى (لیس هذه قراءة وإنما القراءة ما حرک له اللسان) واتە : ئەم شێوازە پێى ناوترێ قورئان خویندنەوە , بەڵکو قورئان خوێندنەوە ئەوەیە کە زمانى لەگەڵدا بجوڵێندرێت.
وە پێشەوا (الکاسانی)(بەرحمەت بێت) فەرمویەتى : قورئان خوێندن نابێت ئیلا بەوە نەبێت کە بۆ دەربرینى پیتەکان زمانیشى لەگەلدا بجولێندرێت .
وە راى شێخ (ابن باز و العثیمن) لەسەر ئەوەیە کە دەبێت زمان بجولێندرێت لەکاتى قورئان خوێندن ئەگەر نا پێى ناوترێت قورئان خوێندن .
19- باشتر وایە قورئان خوێندن لەسەر موصحەف بێت :
هاوەڵى خۆشەویست (عبدالله ى کورى مسعود)(رضى الله عنه) فەرمویەتى : پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیه وسلم) فەرمویەتى (من سره ان يعلم انه يحب الله ورسوله فليقرأ في المصحف) واتە : هەرکەسێک پێى خۆشە کە بزانێت خواو پێغەمبەرى خواى خۆش دەوێت ئەوا با لەسەر موصحەف قورئان بخوێنێتەوە .
20- سوننەت وایە پاش تەواو بوونى قورئان خوێندنەوە ئەم زیکرە بخوێندرێت :
(سبحانك اللهم وبحمدك لا اله الا انت استغفرك وأتوب إليك)
بەلگەشمان فەرودەکەى دیکمان (عائیشە) (رضى الله عنها)یە کە فەرمویەتى : (ماجلس رسول الله صلى الله عليه وسلم مجلسا قط ، ولا تلا قرآنا ، ولا صلى صلاة إلا ختم ذلك بكلمات قالت : فقلت : يارسول الله أراك ما تجلس ( مجلسا ) ولا تتلو قرآنا ، ولا تصلي صلاة إلا ختمت بهؤلاء الكلمات ؟ قال : نعم ( من قال خيرا ختم له طابع على ذلك الخير ، ومن قال شراً كن له كفارة ) ، (( سبحانك وبحمدك لا إله إلا أنت أستغفرك وأتوب إليك )).
—–
سود وەرگیراوە لەکتابى (نیعمەتى رەحمان):نوسینى : هەردى صدیق محمد.