دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / چۆن چارەسەری کێشەخێزانیەکانمان بکەین ؟
کێشەى خیزان

چۆن چارەسەری کێشەخێزانیەکانمان بکەین ؟

هەرچەندە ئەم بابەتە هەندێک درێژە،بەڵام بەشێوەیەکی زانستی هاوکاریت دەکات لە چارەسەرکرنی کێشەخێزانیەکانت دا .
کێشەی خێزانی چیە؟
هەرکۆسپێکە،کە هەڕەشە لە ئاسایشی خێزان دەکات،لەجۆرەها شێوەدا دەردەکەوێ،وەک ئاڵۆزی ، ناکۆکی ، بەگژاچوونەوە ، چەند لێکەوتەیەکیشی لێ دەکەوێتەوە ، وەکوزیزبوون ، تۆران ، دابڕان ، ناڕەزایی ، جنێو ، شەڕو….هتد ، کە دەبنە مایەی نائارامی خێزانی و هەستکردن بەبێزاری،ئەم دۆخەش بەهۆی خراپ ڕەفتارکردنی یەکێک لە ئەندامانی خێزان ، یان زیاتر دێتە ئاراوە،بەتایبەتیش لەنێوان دایک و باوک-ژن و مێرد- سەرەنجام بەهاوڕێزی خێزان دادەبەزێ و باری دەروونی ئەندامانی خێزان دەشێوێ وڕەنگە بگاتە ئاستی ترازان و لێکهەڵوەشاندنەوەی خێزان، یان ڕووداوی ناخۆشتر.
ڕێگەکانی چارەسەر:
پێش ئەوەی بچینە سەر باسی چارەسەر، پێویستە هەموومان ئەم ڕاستیانە بزانین:
هیچ خێزانێک،بگرە هیچ مرۆڤێک ژیانی بێ کێشە نابێ،ئەوکاتەی کێشەیەک چارەسەر دەکەیت،کێشەیەکی تر جێگەی دەگرێتەوە.
بوونی کێشە،نیشانەی بوونی ژیانە،کەواتە خەمبار مە بە بەوەی کە کێشەیەکت هەیە،چونکە مانای ئەوەیە ژیانت بەردەوامە.
کێشەکان هەموویان وەکو یەکن، کێشەیەک نیە گەورەبێ و ئەوی تر بچووک،بەڵکو بەپێی کاریگەریەکەیانە ، کێشە هەیە زۆر بچووک دیارە ، بەڵام کاریگەریەکەی زۆر گەورەیە.
مەرج نیە هەموو کێشەیەک بەتەنها بەخۆت چارەسەر بکرێ،زۆربەی خەڵکی ئەم ڕۆژگارە پێویستیان بە ڕاوێژکاری شارەزا هەیە بۆ خێزانەکانیان.
کێ شیاوە بۆئەوەی بیکەیت بە ڕاوێژکار بۆ خێزانەکەت؟
لە زۆربەی وڵاتاندا سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی هەیە و بەپێی یاسا دەبێ هەموو کەس ڕاوێژکاری خۆی هەبێت،کرێی ئەم ڕاوێژکارەش یان حکومەت دەیدات،یان خۆی،یان ڕێکخراوە مەدەنیەکان،ڕاوێژکارەکەش کەسێکی پسپۆڕە لەبوارێکی وەکو،دەروونی،کۆمەڵایەتی،دارایی،تەندروستی، یاسایی،واتا زانکۆیەکی پسپۆڕی تەواو کردووە و ئەزموونی چەند ساڵ کارکردنی هەیەو دەیان کێشەی چەندین خێزانی پێشتر چارەسەرکردووە.
لە ئێستادا هەموو خێزانێکی نوێ پێویستی بەڕاوێژکار هەیە،ڕەنگە بڵێی فڵانەکەس دەکەمە ڕاوێژکار،کە خوێندەواریشی نیە،بەڵام دەیان کێشەی چارەسەرکردووە،ڕەنگە ئەمە بۆ ڕابردوو ڕاست بووبێ،بەڵام بۆ ئەم سەردەمە ئاڵۆزە زانستیەی ئێستا شیاو نیە،چونکە دەبێ کێشەکان لەسەر بنەمای زانست و ڕێنمایی هاوچەرخانە چارەسەربکرێن،ئەگینا دووبارە دەبنەوە.
بۆیە پێویستە هەر ئێستا بگەڕێی بەدوای دۆزینەوەی کەسێکی شارەزادا بۆ ئەوەی بیکەیتە ڕاوێژکاری
خێزانیت، پێش هەموو کارو بڕیارێک پرسی پێ بکە، بەپێی پلان و ڕێنماییەکانی ئەو هەنگاو بنێ،لەکاتی بوونی هەرکێشەیەکتاندا پەیوەندی بەئەوەوە دەکەی و داوای چارەسەری لێ دەکەی.ئەویش بەپێی لێکۆڵینەوەی زانستی و فۆڕمەکان و هەڵسەنگاندن لەکێشەکەت تێدەگات و ڕێگەکانی چارەسەرت بۆ دادەنێ و پاشان بەردەوام بەدواداچونت بۆ دەکات،چونکە زۆر جار کێشەکە چارەسەر دەبێ،بەڵام چونکە بەدواداچوونی بۆناکرێ دیسان سەرهەڵ دەداتەوە.
زۆرترین کێشە باوەکانی خێزان کامانەن؟
ژن و مێرد ناگەنە یەکتر، گوێ بۆیەکتر ناگرن،دەمیان لێک سواوەتەوە.
پەیوەندییان ناهاوسەنگە لەگەڵ ماڵی خزمان و خەزووران و هاوڕێ و دراوسێ،تێکەڵاوی زۆر بووەتە هۆی ئەوەی هەموو نهێنیەکی خێزانییان لای یەکتر هەڵدەڕێژن و دواجار شەڕو دابڕانی لێ دەکەوێتەوە.
کێشەی دەست تێوەردانی دەرەکی،کە هەندێ جار بێ مەبەستەو بەهۆی نەزانینەوەیە و هەندێ جاریش بەمەبەستە.
نەزانینی سروشتی تاکە کەسی مرۆڤەکان و هونەری خۆگونجاندن لەگەڵ بوونی ڕای جیاوازیش،بەتایبەت لەنێوان ژن و مێرد.
کێشەی چۆنیەتی خەرجی دارایی ماڵ،کە یەکیان دەست بڵاوەوئەوی تر بەپێچەوانەوە،ئەمەش ناکۆکی لێ دروست دەبێ.
کێشەی کاڵ بوونەوەی متمانە و ڕاستگۆیی.
کێشەی خانووشوێنی نیشتەجێبوون،کاروپیشە،هاوڕێی خراپ.
کێشەی منداڵ و خاوەندارێتی منداڵ و پەروەردەو غیرەو عاتیفەو نازپەروەری مناڵ و هتد.
کێشەی نەگونجانی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری،کە ڕەنگە هەریەکەیان جۆرە نەریت و کەلتورێکی جیاوازیان لەماڵە باوکیانەوە هێنابێ و لەماڵی خۆیاندا شەڕی پێدەکەن.
جگە لەمانە کێشەی تریش هەن.
هۆیەکانی دروستبوونی کێشە خێزانیەکان چین؟
نەزانینی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ژن و مێرد لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ مناڵەکانیان و لەگەڵ خزم و دراوسێ و هاوڕێکانیان.
بێئاگان لەو گۆڕانکاریە فەسلەجی و دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و سۆزداری و داراییانەی بەسەر مرۆڤدا دێت لە گەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا.
بوونی کەللە ڕەقییەکی وشک لەگەڵ سۆزێکی پەشێو،هزوعەقڵێکی کەرت و پەرت،مەزاجێکی حولحولی.
گوشاری دارایی و کەمی کارو دەستکەوت.
تەقینه وەی کێشە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوو لەناکاو.
هەنگاوەکانی چارەسەر:
باسکردنی کێشەکە لەلای ڕاوێژکاری خێزانیت،ئەویش کاتت بۆدیاری دەکات بۆئەوەی بەجیا لەدووکاتدا ، خۆت و هاوسەرت ببینێ،لەجاری سێهەمدا پێکەوە دەتانبینێ و ڕێنماییەکانتان دەداتێ.
ئەگەر خۆت بتەوێ چارەسەری کێشەکەی خۆت بکەی،ئەوە دەکەوێتە سەرخۆت،ئایا خۆتان دەتوانن؟
هەتا بەخۆتان چارەسەربکرێت،باشترە، ئەویش بەوەی کە کەخۆت و ئەوکەسەی خێزانەکەت کە پەیوەستە بەکێشەکەوە کات دیاری بکەن بۆ گفتوگۆ.
بۆ گفتۆگۆکردنەکەتان چەند مەرجێک دابنێن وەکو:
خاڵەکان بنووسن
بڕیار بدەن هەڵنەچن و توڕەنەبن،ئەگەر هەڵچون هاتە ئاراوە بەڕەزامەندی هەردوو لا ڕایگرن ئامانجتان چارەسەربێ بۆ کێشەکە نەککولانەوەی کێشەکەو خۆسەپاندن و خۆسالاری ئارامی و لێبوردن لەیەکتری و هەڵنەدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو،هەریەکەتان هەڵەکان بخەنە سەرشانی خۆتان و تۆپ فڕێ مەدەنە ساحەی یەکترەوە،چونکە دواجار ساحەکە ساحەی خێزانەکەتانە،نەک هی تاکەکەس هیچ کام لەکێشەکان بەچارەسەرنەکراوی بەجێ مەهێڵن پێگەیشتوانەو جدیانە چارەسەر بکەن نەک بەفشقیات و گاڵتەجاڕی ، کاتەکە کاتی جدیاتە.نەک گاڵتەو گەپ.
لەسەروو هەموو جیاوازیەکانەوە ڕێزی یەکتر زۆر بگرن،هاوارو قیژەو دەنگ بەرزکردنەوەی تێنەکەوێ
قسەکان دووبارە مەکەنەوە و مەگەڕێنەوە بۆ خاڵی یەکەم
تانەو تەوس وتەشەر لەیەکتری مەدەن
ڕاستگۆبن و درۆ لەگەڵ یەکتردا مەکەن
زۆر لێبوردەبن لەیەکتری
هەرخۆتان بن و مناڵ ئاگای لەم گفتوگۆیەتان نەبێ
ئەگەر کێشەکان زۆربوون،بەچەند دانیشتێک چارەسەریان بکەن.
بۆئەوەی کێشەکان کۆن وکەڵەکەنەبن،واباشە دانیشتنی هەفتانەی خێزانیتان هەبێ،یان دوو هەفتەجارێک،لەوەکەمتر نا , هەڵه ی یەکتر قەبوڵ بکەن .
هیوادارم هەمیشە خێزانێکی ئاسودەو بەختەوەرو ئاشت و تەبا بن.
—————————-
ئامادەکردن: عزیز ئالانی
سەرچاوەکان:
التواصل الاسري/دكتور عبدالكریم بكار
المشكلات الاسرية/دكتور یخلف رفيقة

پێشنیارکراو

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه له (۸۲) جیگای قورئان دا نویژ وزەكات بەیەکەوه فەرمان به بەجیهینانیان كراوه زەکات …