دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / ئایا ئێمە لەناوچاومان هەموو شتێك نوسراوە؟

ئایا ئێمە لەناوچاومان هەموو شتێك نوسراوە؟

خودای پەروەردگار زانایە بەهەموو شتێك وتەنانەت بەوەی لەدڵی بەندەکانیدا هەیە ،زانایە بەوکاروکردەوانەی کەبەندەکانی دەیکەن، لەڕابردودا و داهاتوشدا .

تێنەگەیشتن لە ئەم سیفاتە بەرزەی خودای پەروەردگار بووەبە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵێك کەس بە موسڵمان و ناموسڵمانیشەوە بەردەوام پرسیار گەلێك لەلایان دروست دەببێت ..

ئایا تاوانی من چییە خودا هیدایەتی نەداوم ؟

– ئایا ئەگەر تاوان و چاکەکانم پێشتر نوسراوە بەهۆکاری چی خودای پەروەردگار سزام دەدات؟

– ئایا ئەگەر ( زینا یان کوشتن یان ..هتد.) تاوانێك ئەنجام بدەم بۆ چی سزا بدرێم لەکاتێکدا کە نوسراوە لەسەرم ؟

لەوەڵامدا دەڵێین : سەرەتا دەبێت ئەوەبزانین خودای پەروەردگار ئیقامە حوجەی بەندەکانی خۆی کردووە ، بەهۆی ناردنی پەیامێك بۆیان کە(قورئان)ە ، هەروەها ئەو سیفاتەی خودای پەروەردگار لەمرۆڤدا خەلقی کردووە ..

سیفاتی یەکەم ( ئازادی ڕەها) بریتییە:-

ئازادی مرۆڤە لەکردنی کاروکردەوەدا بە (چاك و خراپەوە) ،واتە ئێمەی مرۆڤ ئازادین- چ -دینێك وفکرەیەکمان هەبێت ، بەڵام خەلق بونی مرۆڤ بە (نێر یا مێ یا کورد یا ئینگلیز یا عەرەب…) لە دەسەڵاتی مرۆڤ دا نییە و لێپرسینەوەمان لەسەر ئەوهۆکارانە لێناکرێت ، بە نمونە کەسێك برسیبێت ، ئەوبرسێتییەلەدەسەڵاتی خۆیدانییە ، بەڵام لەدەسەڵاتی خۆیدایە بە گۆشتی مەڕ خۆی تێردەکات یا بەگۆشتی بەراز..

ئەگەر کەسێك تێنوی بێت، بێگومان لەدەسەڵاتی خۆیدا نییە ، بەڵام لەدەسەڵاتی خۆیدایە بە ئاو خۆی تێردەکات یاخود بە بیرەو مەی (خمر) ،کەواتە لێپرسینەوە تەنها لەسەر کردەوەکانمانە ، لەبەئەوەی خودای پەروەردگار ئەوسیفاتەی لەئێمەدا خەلق کردووە ..

خودای پەروەردگار ئازادی داوەتە بەندەکانی لەکردەوە وهەڵبژاردنی دین ، خودای پەروەردگار لەفەرمایشتە موبارەکەکەیدا دەفەرموێت ( لا إكراه في الدين قد تبين الرشد من الغي فمن يكفر بالطاغوت ويؤمن بالله فقد استمسك بالعروة الوثقى لا انفصام لها والله سميع عليم )البقرة[256]

واتا:به‌هیچ جۆرێک زۆر کردن نیه له وه‌رگرتنی بیروباوه‌ڕی ئیسلامدا (دینداری به‌زۆر نابێت بکرێت و دین به‌زۆر نادرێت به‌سه‌ر که‌سدا)، چونکه به‌ڕاستی ڕێبازی چاک و دروست؛ ڕوون و ئاشکرا بووه و جیابۆته‌وه له گومڕایی و سه‌رکه‌شی، جا ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی نه‌بێت به ـ تاغوت ـ (که بریتیه له‌: هه‌موو ڕێگه‌و ڕێبازو هێزو به‌رنامه‌و لادان و بتێک)و باوه‌ڕی دامه‌زراو بهێنێت به‌خوا، جا بێگومان ئه‌وکه‌سه ده‌ستی گرتووه به به‌هێزترین هۆکاری ڕزگارییه‌وه‌، شوێن دامه‌زراوترین بیروباوه‌ڕ که‌وتووه‌، که هیچ پسان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌کی بۆ نی یه و هه‌میشه پته‌و و دامه‌زراوه‌..
خوای گه‌وره‌ش بیسه‌رو زانایه‌.

هەروەها دەفەرموێت (وقل الحق من ربكم فمن شاء فليؤمن ومن شاء فليكفر إنا أعتدنا للظالمين نارا أحاط بهم سرادقها وإن يستغيثوا يغاثوا بماء كالمهل يشوي الوجوه بئس الشراب وساءت مرتفقا )الكهف [29]

واتا: پێیان بڵێ: حه‌ق هه‌ر ئه‌وه‌یه که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆتان ڕه‌وانه‌کراوه‌، جا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با باوه‌ڕ بهێنێت و ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با کافرو بێ باوه‌ڕ بێت، بێگومان ئێمه دۆزه‌خێکمان ئاماده کردووه بۆ سته‌مکاران که له هه‌موولایه‌که‌وه ده‌وره‌یان ده‌دات و دیواری بڵێسه‌ی ئابڵوقه‌ی داون، خۆ ئه‌گه‌ر هاوار بکه‌ن له ئازارو تینویه‌تیدا، ئه‌وه ئاو ده‌درێن به ئاوێکی گه‌رمی پیس و بۆن ناخۆش که وه‌کو خڵته‌ی کانزایی تواوه وایه‌، ئه‌وه‌نده‌ش گه‌رمه ده‌م و چاویان هه‌ڵده‌کوڕوزێنێت و ده‌یبرژێنێت، ئای که چه‌ند خواردنه‌وه‌یه‌کی تاڵ و ناخۆشه‌، چه‌نده جێگه‌و ڕێگه‌یه‌کی پڕ له ئازاره‌.

سیفاتی دووەم( سروشتێکی پاك ؛الفیطرة) بریتییە:-

لەوسیفاتەی دەبێتەهۆی ناسینی حەق ، جیاکردنەوەی کاری چاك و خراپ ، هەروەها بەهۆکاری ئەم سیفەتە کارەکانت لەگەڵ سروشت و تەبیعەتی ژیاندا یەك دەگرێتەوە و لەسەروشت دەرناچێت ، بەنموونە لەهەرکەس بپرسێت دەزانێت (دزیکردن ، کوشتن…) کارێکی خراپە ، تەنانەت ئەوانەش کە ئەوکارەدەکەن لەناخیاندا بەکارێکی خراپی دەزانن ئەگەر چی دانیشی پێدانەنێن..

هەروەها هەرکەسێك لەسەر سروشتی پاك بێت دەزانێت نێر دەبێت لەگەڵ مێ دا هاوسەرگیری بکات ، بەپێچەوانەوە هەرکەسێك لای وابوو نێر لەگەڵ نێر یا مێ لەگەڵ مێ دەتوانن ڕابوێرێت ، ئەوا سروشتە پاکەکەی لەدەست داوە واتا فیطەوتی پیسە..

سیفاتى سێیەم: ( ژیرییە؛ عەقڵ) بریتیی:-

لەجیاکردنەوەی کاری چاك لەخراپ، بەنموونە هەمووکەس بە بەکارهێنانی ژیری دەزانێت ( دزی ، کوشتن ، فەساد …) خراپە … ئەو سیفاتانەی خودای پەروەردگار بەلوتفی خۆی بەخشیویەتی بە مرۆڤ ، دەتوانێت چاك وخراپ لەیەك جیابکاتەوە.

لەهەمانکاتدا بونی ئەو سیفاتانە لەمرۆڤدا ..
خودای پەروەردگار لەڕێگەی کتێبێکەوە (قورئان) بەندەکانی خۆی لەکارە خراپ وچاکەکان ئاگادارکردوەتەو ، هەروەها پێغەمبەرێکی لەخۆیان بۆ ڕەوانە کردون تا رێبای ڕاستیان بۆ ڕوونبکاتەوە ، جا- مرۆڤ بە بەکارهێنانی (ئازادی ڕەها) ( سروشتێکی پاك ؛الفیطرة) ( ژیرییە؛ عەقڵ ) کە خودا پێی بەخشیوە ، هەروەها ئەوپەیامەی خودای پەروەردگار بۆی ناردووە .. دەتوانێت حەق و ڕاست ببینێت وبدۆزێتەوە.

کەواتە خودای پەروەردگار هەموو بەندەکانی بەبێ جیاوازی فێری ڕێگای ڕاست کردووە ، بەڵام ئەوە مرۆڤەکانن خۆیان لەڕێگای ڕاست کەڕدەکەن ولادەدەن… بۆیە بەهۆکاری (ئازادی ڕەها) ( سروشتێکی پاك ؛الفیطرة) ( ژیرییە؛ عەقڵ )( قورئان)(سوننەت ی رسول الله ﷺ ) ، خودای پەروەردگار ئیقامە حوجەی لەسەر هەموو کەس کردوو بۆدۆزینەوەی حەق وڕاستی ، هەروەها خودای پەروەردگار زۆر لەکەس ناکات بۆ وەرگرتنی دینی ئیسلام ، هەموان ئازادن …

جارێکی تر پرسیارەکە دەکەمەوە ، خودا دەفەرموێت هیدایەت بەدەستی منە ، ئایا بۆچی سزام دەدات ئەگەر بەدەستی زاتی بەرزی ئەوە؟

لەوەڵامدادەڵێین :- بەڵێ ، هیدایەت بەدەستی خودای پەروەردگارە ، بەڵام با چاوێك لە ئایەتەکان بڕوانین ، تا بزانین خودا هیدایەتی کێ نادات ، خوداى پەروەردگار دەفەرموێت (….يضل به كثيرا ويهدي به كثيرا وما يضل به إلا الفاسقين) البقرة[26]

واتا:زۆرێكی پێ گومڕا ده‌كات و زۆرێكی تریشی پێ هیدایه‌ت و ڕێنمووی ده‌كات، به‌ڵام دیاره جگه له لارو وێرو یاخی و تاوانباران كه‌سی تر گومڕا ناكات…

ئەگەر بەووردی تەماشای و سەرنج بدەین ، خودای پەروەردگار ئەوکەسەی بۆمان دیاری کردووە کە هیدایەتی نادات(وما يضل به إلا الفاسقين) ، ئەویش بەهۆی ئەو زانستەی خودای پەروەردگارەوەیە کە زانایە بەوەی هیدایەت وەرناگرێت ونایەتە ڕێگەی ڕاست ، هەروەها لەزۆر جێگادا خودای پەروەردگار ئاماژەی بەو کەسانە کردووە کە خودای پەروەردگار ڕێنموییان ناکات ، خودای پەروەردگار دەفەرموێت(…والله لا يهدي القوم الظالمين)البقرة[258]

(…والله لا يهدي القوم الكافرين )البقرة[264].. ،

(…والله لا يهدي القوم الفاسقين) المائدة[108]

(..إن الله لا يهدي كيد الخائنين )يوسف[52]…

کەواتە خودای پەروەرگار لەکەلامە پیرۆزەکەیدا ئاماژەی پێکردووە هیدایەتی ـ چ ـ کەسانێك نادات ، بەڵکو- ئەوجۆرە کەسانە (الظالمين ،الكافرين ، الفاسقين، الخائنين …)

بۆخۆیان بە ئیختیاری خۆیان پێشوەخت ئەوڕێگایەیان هەڵبژاردووەو پشتیان لە حەق وڕاستی کردووە .

کەواتە ئاراستەی خودای پەوەردگار ڕوبەڕوی ئەوکەسانەیە کە بە ئیختایاری خۆیان پشتیان هەڵکردووە لە ڕاستی ، خودای پەروەردگار جارێکی تر ڕێنموێنییان ناکات لەدوای ئەوەی (ئازادی ڕەها) ( سروشتێکی پاك ؛الفیطرة) ( ژیرییە؛ عەقڵ )( قورئان)(سوننەت ی رسول الله ﷺ ) ی پێبەخشین .

دواتر پرسیارێك دێتە پێشەوە ، ئایا خودای پەروەردگار کارەکانی لەنێو چاومدا نوسیوە ؟

خودای پەروەردگار کارەکانی لەناوچاوی هیچ کەسێك نەنوسیوە ،بەجۆرێك کەئیجباربکرێت لەکردنی ئەو كارە، بەڵکو- خودای پەروەردگار زانایا بەوکارو کردەوانەی بەندەکانی ئەنجامی دەدەن .

باسێکی کەمی ئەوسیفاتەی خودای پەروەردگار دەکەینەوە کە بوەتە جێگای پرسیارکردن، پێویستە ئێمە بزانین ئەو سیفاتە سیفاتێکە تەنها خودای باڵادەست خاوەنێتی ونەیداوە بەهیچ لە دروستکراوەکانی بە پێغەمبەرانیشەوە ، ئەوسیفاتە (علم الغیب)ە ..

دنیای پەنهانی بریتییە: لەوزانستەی هیچ کەسو بونەوەرێك خاوەنی نییە تەنها خودای پەروەردگار نەبێت ، هیچ بونەوەرێك توانای گەیشتن بەو زانستەی نییە، زانستێکە توانای زانینی ٪۱٠٠ ڕوداوەکانی داهاتووی هەیە ،هەر بەهۆی ئەم زانستەوە خودای پەروەردگار دەزانێت بەندەکانی لەداهاتودا چیدەکەن وچیانکردووە .

پرسیارەکە دەکەمەوە ، ئایا خودای پەروەردگار خراپەی منی نوسیوە بۆچی دەمخاتە ناو دۆزەخ؟

لەوەڵامدا دەڵێین :

ئەونوسینەی خودای پەروەردگار لە زانست و دانایی زاتی بەرزی خودا خۆیەوەیەتی ، نەوەكو- ئەوکارە بەزۆری بە بەندەکانی بکات ، واتا وەك لەپێشتردا باسمانکرد ئێمەی مرۆڤ موخەییەرین واتە ئیختیارو هەڵبژاردەمان دراوەتە دەستی خۆمان لە کردنی کاروکردەوەکانمان دا ، خودای پەروەردگار تەنها زانایە بەوکاروکردەوانەی کە دەیکەین ..بە واتا ئەوەی خودای پەروەردگار دەزانێت ..علمی پێی هەیە،. نەوەكو- ویستی هەبێت و بەزۆری دابێتی بەسەرماندا .

دەبێت ئێمە ئەوە بزانین ئەم علم وزانستەی خودای پەروەردگار تەنها زانینی کارەکانە و هیچ کاریگاری نییە لەسەر کردەوەی بەندەکانی . بەنمونەیەك ڕونی دەکەینەوە . ( یەکێك لە بانگخوازە ئیسلامییەکان ی ئەمریکا ، ئەم بانگخوازە لەگەڵ منداڵەکەی خۆیدا دەچێتە کڵێسایەك ، پێش دەستپێکردنی وتارەکەی ، بانگخوازەکە بە منداڵەکەی دەڵێت: کوڕم دادەنیشیت گوێ لە ووتارەکە دەگریت، یاخود وەرقەو ڕەنگت بدەمێ وێنە بکێشیت؟
لەوەڵامدا منداڵکە دەڵێت: وێنەدەکێشم..
دوابەدوای ئەمە ، بانگخوازەکە دەست دەکات بەوتار وباسی قەزاو قەدەر دەکات ، لەنێو وتارەکەدا کەسێك لەئامادەبوان هەڵدەستێتە سەرپێ و دەڵێت: ئێوە تناقضات لەقسەکانتاندا هەیە ، لەلایەك دەڵێن خودا دەستی نییە لە کاروکردەوەی بەندەکانی ، لەلایەکی تر دەڵێن کاروکردەوەی بەندەکانی نوسیوە؟

بانگخوازەکە لەوەڵامدا دەڵێت : خودای پەروەردگار زانایە بەکاروکردەوەکان، نەك- ویستی لەسەر کاروکردەوەی بەندەکانی هەبێت ، دواتر باسی ئەوڕوداوەی بۆکرد کە پێش دەستپێکردنی وتارەکە ڕویدابوو، دەڵێت: من بە منداڵەکەم ووت: ئایا گوێ لەوتارەکە دەگریت یان وێنە دەکێشیت ؟ ..

لەکاتێکدا من زانابوم بەوەی منداڵەکەم وێنە کێشانەکە هەڵدەبژێرێت .. ومن کەلوپەلی وێنەکێشانەکەم پێشوەخت لەگەڵ خۆم بۆ هێنابوو، من هیچ زۆریم لەمندالەکەم نەکرد بەڵام زۆر زۆر دڵنیابووم کامە هەڵبژاردەم پەسەند دەکات ، ئەوە منی مرۆڤێکی بێدەسەڵات ئەوزانستە کەمەم هەیە دەزانم منداڵەکەم کامە هەڵبژاردە پەسەند دەکات ، ئەی زاتێکی بەرزی وەك خودای پەروەردگار کە ٪۱٠٠ زانایا بەوکاروکردەوانەی بەندەکانی کە دەیکەن.

وللە امثل الاعلی :خودای پەروەردگاریش زانایە وە علمی بەوکاروکردەوانە هەیە؛ کە بەندەکانی دەیکەن ، ئەگەر خودای پەروەردگار ئەو زانستەی نەبێت هیچ فەرقێکی نییە لەگەڵ مرۆڤدا ( پاکی و بێگەردی بۆ ئەوخودایەی کە هەمووشتێکی بەدەستەو کاروباری گەردون هەڵدەسوڕێنێت)..

نموونەیرکی تر دەخەمەبەردەستتان تاکو- جوانتر لەبابەتەکە تێبگەن، کاتێك مامۆستایەك لەخوێندنگایەك بۆ ماوەیەك لەگەڵ خوێندکارەکانیدایە ، لەکۆتایی ساڵدا دەزانێت کام خوێندکارەی دەردەچێت وکامە دەرناچێت ، واتا بەوزانستەیو بەئەزموونەی هەیەتی دەزانێت کام خوێندکاری زیرەکەو کام خوێندکای ئاستی لاوازە ، کەواتە ئەم زانستەی مامۆستاکە نەبووە هۆکارێك بۆدەرنەچون یان دەرچونی خوێندکارەکان ، بەڵکو مامۆستاکە زانی کامیان لەدەرچوو ودەرنەچوەکانن.

وللە المثل الاعلی ، خودای پەروەردگاریش زانایە بەوەی کامە بەندەیەی سەرکەوتوو دەبێت لەم تاقیکردنەوەیەی دنیادا و زانایا پێی نەوەك لەسەر بەندەکانی ئیجبارکردبێت ..

لەکۆتایدا دەڵێم : ئایا ئێمەی مرۆڤ بەوزانستە کەمەوە پەی بەهەندێك ڕوداودە بەین ، ئەی چۆن دەبێت خودای پەروەردگار بەوهەموو زانستەوە زانا نەبێت بەکاروکردەوەکانمان ؟

دواتر هیچ کەسێك نامەی کردەوەکانی خۆی نەدیوە هەتا بڵێت بۆچی دۆزەخیم ، بەڵکو تۆ خۆت لەچاکەکان هەژمار بکە ، هەوڵبدە بۆ کردنی کاری چاك ، ڕازی کردنی خودای پەروەردگار .

-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*

مەملەکەتى سەرابستانى مولحیدان: ماکوان کەریم

پێشنیارکراو

زیكرى خواى گه‌وره‌

سووده‌كانی زیكرى خواى گه‌وره‌

1 ـ به‌ده‌ست هێنانی یادی خوا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ یادى ده‌كه‌ن . 2 ـ …