دەستپێک / جۆراوجۆر / بابەت بەکوردى / چەند پلانێك بۆ بەڕێكردنى مانگى ڕەمەزان بەجوانترین شێوە
مانگى رەمەزان

چەند پلانێك بۆ بەڕێكردنى مانگى ڕەمەزان بەجوانترین شێوە

بسم الله الرحمن الرحيم :

موسوڵمانانى بەڕێز وا ئەمساڵیش ڕەمەزانى پیرۆز بوو بە میوانمان، هەموشمان ئەزانین دەرگاى خراپە هەردەم واڵایە هەروەك چۆن دەرگاى چاكە بەردەوام واڵایە،

ئەمەى ئەیخەمە بەردەستى ئێوەى بەڕێز بریتیە لە پلانێك بۆ بەباشى بەڕێ كردنى مانگى ڕەمەزانى پیرۆز بۆ ئەوەى بە كاتێكى كەم و بەكارهێنانى وزەیەكى كەم پاداشتێكى زۆرت دەست بكەوێت ـ بە ویستى خواى پەروەردگار ـ جا هەركەسێك بەگوێرەى توانا ئەم پلانە جێیبەجێ بكا ت، بۆ ئەوەى بە ویستى خواى پەروەردگار بەهەشتى بەرین بەدەست بهێنێت:

1 ـ ڕۆژووگرتن: ئەگەر ئەتەوێ كارێك بكەى پاداشتەكەى جیاواز بێ لە هەموو كردەوەكانى تر و پاداشتەكەى حەوت سەد پلە بەسەر كردەوەكانى ترەوە بێت و خواى پەروەردگار بەتایبەتى پاداشتت بداتەوە ؟

ڕۆژوو بگرە چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى:” كل عمل ابن آدم يضاعف، الحسنة بعشر أمثالها إلى سبعمائة ضعف، قال الله تعالى: إلا الصوم، فإنه لي وأنا أجزي به ” (متفق عليه)، واتە: هەموو كردەوەیەكى ڕۆڵەكانى ئادەم پاداشتەكەى چەندە جارى خۆى زیاد ئەكرێت، چاكەیەك بە دەجار ئەوەندەى خۆى تاكو (700) حەوت سەد ئەوەندەى خۆى، خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: جگە لە ڕۆژوو، ڕۆژوو گرتن بۆ منە و تەنها منیش پاداشتی ئەدەمەوە.

2 ـ پارشێوكردن: ئەگەر ئەتەوێ خواى پەروەردگار و فریشتەكان صلاوات بدەن لەسەرت؟

پارشێو بكە، پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتى: ” فإن الله، وملائكته يصلون على المتسحرين ” (السلسلة الصحيحة: 3409)، واتە: پەروەردگار و فریشتەكانى صەلاوات ئدەن لەسەر ئەو كەسانەى پارشێو ئەكەن، بۆیە ئەگەر تەنها پەرداخێكى ئاویشت خواردوە هەڵسە بۆ پارشێو كردن با لەو سڵاواتە بەنرخانە بێبەش نەبیت.

3 ـ قورئان خوێندن: ئەگەر ئەتەوێ لە قیامەت دا شەفاعەت كارێكت هەبێ شەفاعەتت بۆ بكات ؟

قورئان بخوێنە و هیچ نەبێت مانگى جارێك خەتمى بكە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” اقرءوا القرآن فإنه يأتي يوم القيامة شفيعا لأصحابه ” (‌ صحيح الجامع الصغير: 1165).
واتە: قورئان بخوێنن، چونكە لەڕۆژى دوایى دا شەفاعەت بۆ خاوەنەكانیان ـ واتە: ئەوانەى لەدونیادا خوێندویانە ـ ئەكەن.

4 ـ نوێژى جەماعەت: ئەگەر ئەتەوێ هەر نوێژێكت لە نوێژە فەرزەكان به(27)‌ نوێژ بۆ بنوسرێ ؟

نوێژەكانت لە مزگەوت و بە جەماعەت بكە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” صلاة الجماعة تفضل صلاة الفذ بسبع وعشرين درجة ” (متفق عليه)، واتە: نوێژى جەماعەت خێرى زیاترە لە نوێژى بەتەنها به(27)‌ پلە… واتە نوێژێكى جەماعەت خێرى (27) نوێژى بەتەنهاى هەیە.

5 ـ پاڕانەوە لە كاتى بەڕۆژوو بوونت: ئەگەر ئەتەوێ دڵنیابى لەوەى خواى پەروەردگار وەڵامى پاڕانەوەكانت ئەداتەوە ؟

لەوكاتانەدا بپاڕێرەوە كە بەڕۆژووى، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” ثلاث دعوات مستجابات دعوة الصائم ودعوة المظلوم ودعوة المسافر ” (صحيح الجامع الصغير: 3030).
واتە: سێ پاڕانەوە هەن وەڵام ئەدرێنەوە: پاڕانەوەى ڕۆژووان و پاڕانەوەى ستەم لێكراو و پاڕانەوەى ڕێبوار.

6 ـ بەربانگدان بە ڕۆژووان:ئەتەوێ بە یەك مانگى ڕەمەزان پاداشتى دوو مانگى ڕەمەزان بەدەست بهێنى؟

بەربانگ بدە بە ڕۆژوەوان، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى:” من فطر صائما كان له مثل أجره غير أنه لا ينقص من أجر الصائم شيء ” (صحيح الترغيب و الترهيب: 1078).
واتە: هەركەسێك بەربانگ بە ڕۆژوەوانێك بكاتەوە ئەوە پاداشتى ڕۆژووانەكەى دەست ئەكەوێت بەبێ ئەوەى لە پاداشتى ئەو كەسە كەم بكات، واتە ئەگەر بەربانگ بە كەسێكى ڕۆژوەوان بدەیت پاداشتى دوو ڕۆژ ڕۆژووت بۆ ئەنوسرێ و لەپاداشتى بەرامبەریش هیچ كەم ناكات.

7 ـ نوێژى تەراویح: ئەگەر ئەتەوێ بەماوەیەكى كەم خواى پەروەردگار لە هەموو تاوانەكانى ڕابوردوت خۆش ببێ ؟

نوێژى تەروایح بە جەماعەت و لە مزگەوتدا ئەنجام بدە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” ومن قام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه ” (متفق عليه)، واتە: هەركەسێك شەوانى ڕەمەزان بە تەراویح زیندو بكاتەوە و باوەڕى پێى هەبێ و چاوەڕوانى پاداشتى خوا بێت، ئەوا خوا لەتاوانەكانى پێشووى خۆش ئەبێت.

9 ـ سیواك كردن: ئەگەر ئەتەوێ لەو كەسانە بیت كە سونەت لەنێو خەڵكى زیندو بكەنەوە ؟

سیواك بەكار بهێنە و بیبەخشە بە خەڵكیش چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى:” لولا أن اشق على أمتي لأمرتهم بالسواك عند كل صلاة ” (متفق عليه)، واتە: ئەگەر بهاتبایە و لەسەر ئومەتەكەم ناڕەحەت و قورس نەبوایە، ئەوا فەرمانم پێ دەكردن لە كاتى هەموو نوێژێكدا سیواك بكەن.

11 ـ خوێندنەوەى كتێبى ئاینى بەسود و گوێگرتن لە موحازەرات: ئەگەر ئەتەوێ لەو كەسانە بیت كە خواى پەروەردگار مەدحیان ئەكات ؟

كاتێك دیارى بكە بۆ خوێندنەوەى كتێبى ئاینى بەسود و گوێگرتن لە موحازەرات و زانیارى ئاینى خۆت زیاد بكە، چونكە خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: [قل هل يستوي الذين يعلمون والذين لا يعلمون إنما يتذكر أولو الألباب] (الزمر: 9)، واتە: بڵێ: ئایە ئەو كەسانەى كە شارەزا و زانان لەگەڵ ئەو كەسانەدا یەكسانن كە ناشارەزا و نەزانن ؟ بۆ سەلملندنى ئەو ڕاستیە تەنها مرۆڤە ژیرەكان بیر ئەكەنەوە و ئامۆژگارى وەرئەگرن

12 ـ صەدەقە كردن بە ئاشکرا:ئەگەر ئەتەوێ وەك چۆن ئاو ئاگر ئەكوژێێتەوە ئاگرى تاوانەكانت بكوژێتەوە؟

صەدەقە بكە و ماڵ و سامان ببەخشە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” الصدقة تطفيء الخطيئة كمـا يطفىء المـاء النار ” (صححه الألباني في مشكلة الفقر / 117)، واتە: صەدەقە ئاگرى تاوان ئەكوژێنێتەوە هەروەك چۆن ئاو ئاگر ئەكوژێنێتەوە.

13 ـ صەدەقە كردن بە نهێنى: ئەگەر ئەتەوێ یەكێك بیت لەوانەى لە قیامەتدا لە ژێر سێبەرى عەرشى خوادا بیت؟

لەو ڕۆژەى كە سێبەر نیە جگە لە سێبەرى عەرشى خوا نەبێت، ئەو ماڵ و سامان ببخشە بە هەژاران بە نهێنى، واتە تەنها لەنێوان خۆت و خوادا بێت و كەسى تر پێى نەزانێت، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم سەبارەت بەوانەى لەسێبەرى عەرشى خوا ئەبن لە قیامەتدا فەرمویەتى:” ورجل تصدق بصدقة فأخفاها حتى لا تعلم شماله ما تنفق يمينه ” (متفق عليه)، واتە: وە كەسێك ێەدەقەیەك بكات و بیشارێتەوە بە شێوەیەك دەستى چەپى نەزانێت ڕاستى چى بەخشیوە.

14 ـ مانەوە لە مزگەوت تا هەڵهاتنى خۆرى بەیانى: ئەگەر ئەتەوێ بەبێ ئەوەى سەفەر بكەیت بۆ حەج لەماوەى كەمتر لە پێنج سەعات و لەیەك مانگ دا (30) حەج بكەیت؟

هەموو ڕۆژێكى ڕەمەزان لەپاش نوێژى بەیانى لەمزگەوت بمێنەوە و دانیشە زیكرى خوا بكە و قورئان بخوێنە تا خۆر هەڵدێت پاشان دوو ڕكات نوێژ بكە ئەوجا لەمزگەوت وەرە دەرەوە، چونكە پێغەمبەرى خواصلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” من صلى الفجر في جماعة ثم قعد يذكر الله حتى تطلع الشمس ثم صلى ركعتين كانت له كأجر حجة وعمرة “. قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: ” تامة، تامة، تامة ” (حسن، مشكاة المصابيح: 971)،،
واتە ئەوەى نوێژى بەیانى بە جەماعەت ئەنجام دا و پاشان لەمزگەوت مایەوە و زیكرى پەروەردگارى كرد تاكو خۆر هەڵدێت پاشان دوو ڕكات نوێژى كرد ئەوە پاداشتى حەج و عەمرەیەكى بۆ ئەنوسرێ، ڕاوى دەڵێت: پاشان پێغەمبەرى خوا فەرمووى: پاداشتى حەج و عەمرەیەكى تەواو، تەواو، تەواو.

15 ـ زەكاتى سەرفترە: ئەگەر ئەتەوێ خۆت پاك بكەیتەوە لە قسەى پڕوپوچ و خراپە كارى؟

زەكاتى سەرفترە بدە چونكە: (ابن عباس) فەرموویەتى: ” فرض رسول الله صلى الله عليه وسلم زكـاة الفطر طهرة للصائم مـن اللغو والـرفث وطعمة للمساكين ” (صححه الألباني في مشكلة الفقر / 56)، واتە: پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم زەكاتى سەرفترەى فەرز كردوە بۆ پاككردنەوى ڕۆژووان لە قسەى پڕوپوچ و خراپەكارى، وە خواردنێكیش بێت بۆ هەژاران… بەڵام بۆ ئەوەى پاداشتى تەواوت بگات و لێتوەربگیردرێت و لەو كەسانە بیت لەو فەرموودەیە باس كراوە پێویستە بە خۆراك زەكاتى سەرفترە بدەیت نەك بە پارە.

16 ـ دانیشتن لە مەجلسێكى خێر: ئەگەر ئەتەوێ بە كردەوەیەك خواى پەروەردگار لەتاوانەكانت خۆش بێ و خراپەكانت بگۆڕێت بۆ چاكە ؟

لە مەجلسێك دابنیشە قسەى پڕوپوچى تیا نەكرێ و دانیشتوانى تەنها یادى خوا بكەن و قسەى خێر بكەن تاوەكو بڵاوەى لێ ئەكەن، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتى: ” مـا من قوم اجتمعوا يذكرون الله عز وجل لا يريدون بذلك إلا وجهه إلا ناداهم منــاد من السماء أن قوموا مغفورا لكم قد بدلت سيئاتكم حسنات ” (صحيح الترغيب و الترهيب: 1504) واتە: هیچ كۆمەڵە كەسێك نیە كۆ ببنەوە و زیكرى خوا بكەن و مەبەستیشیان بەوە هیچ نەبێت ئیللا پاداشتى خوا نەبێت ئیللا بانگ كەرێك لە ئاسمانەوە بانگیان ئەكات و ئەڵێت هەستن خوا لێتان خۆش بووە و تاوانەكانتانى بۆ گۆڕیونەتەوە بە چاكە.

17 ـ شەوى قەدر: ئەگەر ئەتەوێ لەیەك شەودا خێرى هەزار مانگ خواپەرەستیت دەست بكەوێت و لەگەڵیا تاوانەكانى ڕابوردوت بسڕێتەوە ؟

(10) شەوى كۆتایى ڕەمەزان بە گرتنى شەوى قەدر زیندویان بكەرەوە، چونكە خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: [ ليلة القدر خير من ألف شهر  ] (القدر: 3)، واتە: شەوى قەدر لە هەزار مانگ چاكترە كە شەوى قەدریان تیا نەبێ، وە پێغەمبەرى خوایش صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێ: ” ومن قام ليلة القدر إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه ” (متفق عليه)، واتە: هەركەسێك شەوى قەدر زیندوبكاتەوە و باوەڕى پێى هەبێ و چاوەڕوانى پاداشتى خوا بێت، ئەوا خوا لەتاوانەكانى پێشووى خۆش ئەبێت.

18 ـ یارمەتى دانى هەتیو و بێوەژن: ئەگەر ئەتەوێ بەبێ ئەوەى بچیت بۆ جەنگ و جیهاد وتێكۆشان بكەى لەپێناو خوا پاداشتى موجاهید و تێكۆشەرانت دەستكەوێت ؟

یارمەتى هەژاران و هەتیو و بێوەژنان بدە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى:” الساعي على الأرملة والمسكين كالمجاهد في سبيل الله عز وجل ” (صحيح سنن النسائي: 2577)، واتە: چاودێر و بەخێوكارى بێوەژن و هەتیو لە پاداشتدا وەكو تێكۆشەرە لە پێناوى خواى پەروەردگار.

19 ـ پاڕانەوە: ئەگەر ئەتەوێ خواى پەروەردگار وەڵامى پاڕانەوەكانت بداتەوە؟

هەرگیز بێ ئومێد مەبە و بەردەوام بپاڕێرەوە، چونكە خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: [وقال ربكم ادعوني أستجب لكم إن الذين يستكبرون عن عبادتي سيدخلون جهنم داخرين] (غافر: 60)، واتە: پەروەردگارتان فەرموویەتى: لێم بپاڕێنەوە وەڵامى پاڕانەوەكانتان ئەدەمەوە بەڕاستى ئەوانەى خۆیان بە گەورە ئەزانن لە پەرەستنى من بەتەنها، بێگومان بەسەرشۆڕى ئەچنە دۆزەخەوە.

20 ـ نوێژى عیشا: ئەگەر ئەتەوێ لەگەڵ نوێژى تەراویح و بەماوەیەكى كەم پاداشتى شەونوێژێكیشت بۆ بنوسرێ ؟

نوێژى عیشا بە جەماعەت بكە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” إن الرجل إذا صلى مع الإمام حتى ينصرف كتب له قيام ليلة ”
(صحيح الجامع الصغير: 1615)
، واتە: ئەگەر كەسێك لەگەڵ ئیمام بە جەماعەت كرد تا تەواو ئەبێ، ئەوە ئەو شەوەى بە شەونوێژێكى تەواوى بۆ ئەنوسرێ.

21 ـ عومرەكردن لە مانگى ڕەمەزان: ئەگەر ئەتەوێ بە پارەیەكى كەم و لەماوەیەكى كەمتر لە ماوەى حەجێك پاداشتى حەجێكت دەست بكەوێت لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا ئەنجامت دابێ ؟

لەمانگى ڕەمەزاندا عومرەیەك بكە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: ” عمرة في رمضان تعدل حجة ” وفي رواية ” تعدل حجة معي ” (صحيح البخاري: 1782 و1863)، واتە: عومرەیەك لەڕەمەزاندا پاداشتەكەى بەرامبەر بە حەجێك وایە، لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: وەك حەجێك وایە لەگەڵ پێغەمبەردا.

22 ـ فێركردنى قورئان: ئەگەر ئەتەوێ لە باشترینى ئەو كەسانە بیت كە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم مەدحیان ئەكات ؟

خەڵكى فێرى قورئان خوێندن بكە، چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتى: ” خيركم من تعلم القرآن وعلمه ” (رواه البخاري)
واتە: باشترین كەستان ئەوانەن فێرى قورئان ئەبێ، پاشان خەڵكیش فێرى قورئان خوێندن ئەكات.

23 ـ دوعا كردنى لە دواى پارشێو:ئەگەر ئەتەوێ لە دونیادا سیفەتى خەڵكى بەهەشت بەدەست بهێنیت؟

لە پارشێوان مەخەوە و لەخوا بپاڕِێرەوە و دوعا بكە ودوو ڕكات نوێژ بكە، چونكە خواى پەروەردگار ئەفەرموێت: [وبالأسحار هم يستغفرون ] (الذاريات: 18)، واتە: لە كاتى بەرەبەیاندا دەپاڕانەوە

24 ـ دەرگاكانى بەهەشت: ئەگەر ئەتەوێ لە قیامەتدا لەچەند دەرگایەكى بەهەشتەوە بانگ بكرێیت بۆ چونە بەهەشت ؟

جیهاد بكەو ڕۆژوو بگرە و نوێژ بكەو صەدەقە ببەخشە چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى: “… واللجنة أبواب فمن كان من أهل الصلاة دعي من باب الصلاة ومن كان من أهل الجهاد دعي من باب الجهاد ومن كان من أهل الصدقة دعي من باب الصدقة ومن كان من أهل الصيام دعي من باب الريان… ” (متفق عليه).
واتە: بەهەشتیش دەرگاى هەیە، نوێژگە لە دەرگاى نوێژەوە، و تێكۆشەریش لە دەرگار تێكۆشانەوە، و بەخشەریش لە دەرگاى بەخشینەوە، ڕۆژووانیش لە دەرگاى ڕەییانەوە لە ڕۆژى دواییدا بانگ دەكرێن.

-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*

نووسەر: هاوار عبدالله 

پێشنیارکراو

بیرکردنەوە جۆرێکە لە پەرستش

بیركردنەوە – التفکر – ئەو عیبادەتەکەى کە زۆربەى خەڵکی لێی بێ ئاگایە

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على أشرف المرسلين نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين …