دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / قۆناغەکانی قەدەغەکردنی سوو لە ئیسلامدا :
سوو , ریبا

قۆناغەکانی قەدەغەکردنی سوو لە ئیسلامدا :

یەکێك لەهەرە دیاردە جوانەکانی ئاینی پێرۆزی ئیسلام واقیعی بوونییەتی ، ئەم واقیعی بوونەیشی لە هەموو بنەماو حوکم و ڕێنماییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە ، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە کاتێك خوای گەورە ویستبێتی حوکمێك بگۆڕێت کە چەندین ساڵە خەڵکی لەسەردەمی نەفامیدا دەقیان پێوەگرتووە ، ئەوە سەرەتا زەمینەسازی بۆ کردووەو دواتریش بەچەندین قۆناغ حوکمەکەی  گۆڕیوە ، بۆ نموونە عارەق خوای پەروەردگار هەر لەسەرەتاوە بەرنامە ڕێژی بۆ کردووە کە قەدەغەی بکات ، بەڵام یەکسەر ئەو بڕیارەی نەداوە ، بەڵکو بەچەندین ساڵ و لە چەندین قۆناغدا قەدەغەی کردووە.

سووش (ريبا) یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە ئیسلام زۆر واقیعیانە مامەڵەی لەگەڵ کردووە ، بەچەند قۆناغێك و لەچەند ساڵێكدا قەدەغەی کردووە، گرنگترینی ئەو قۆناغانەی کەخوای پەروەردگار سووی پێ قەدەغە کردووە ئەمانە بوون:

قۆناغی یەکەم : لەم قۆناغەدا خوای پەروەردگار تەنها ئاماژەیەکی زۆر ورد دەکات بەوەی کە سوو لای خوا کارێکی نەخوازراوە و پاداشتی لەسەر نادات، بەڵام پاداشت لەسەر خێرو بەخشین و چاکە دەدات، لەوبارەیەوە لەسورەتی (روم)دا کە سورەتێکی مەکییە، دەفەرمووێت: (وما آتيتم من ربا ليربو في أموال الناس فلا يربو عند الله وما آتيتم من زكاة تريدون وجه الله فأولئك هم المضعفون)(ئایەت ٣٩لەسوورەتی روم).

واتا: ئەو پارەیەی دەیدەن بەخەڵکی بەسوو تا زیاد بکات، ئەوە لای خوا هیچ زیاد ناکات و خوا بەرەکەتی تێناکات، ئەو پارەیەی کە لەبەر خوا دەیبەخشن، مەبەستتان پێی ڕەزامەندی خوایە، ئەوپارانە خوای پەروەردگار بەرەکەتی تێدەکات و لای خۆی چەند قات زیادی دەکات، جا ئەگەر سەرنج بدەن لێرە خوای پەروەردگار هیچ ئاماژەیەك بەوە ناکات کە سوو کارێکی خراپە، یان حەرامەو سزای هەیە، بەڵکو تەنها بەراوردێك لەنێوان سوو، بەخشین دا دەکات.

قۆناغی دووەم: لەم قۆناغەشدا دیسانەوە خوای پەروەدگار سوو قەدەغە ناکات، بەڵام ڕوونتر قسەی لەسەر دەکات، بە یەکێك لە ئاکارە خراپەکانی نەتەوەکانی تر پۆلێنی دەکات، لەوبارەیەوە لەسورەتی (نساء)کە سورەتێکی مەدەنییە دەفەرمووێت: (وأخذهم الربا وقد نهوا عنه وأكلهم أموال الناس بالباطل وأعتدنا للكافرين منهم عذابا أليما) (ئایەت ١٦١ لەسورەتی نساء).

واتە: ئەوان سوویان دەخوارد لەکاتێکدا لەسەریان قەدەغەکرابوو. ماڵی خەڵکیشیان بەناحەق دەخوارد. لێرەدا ئایەتەکە دوو ئاماژە بەحەرامی سوو دەدات:

یەکەم: بەوەی کەلەسەر نەتەوەکانی پێش ئەمان قەدەغە کراوە، کەواتە ڕێی تێ دەچێت لەسەر ئەمانیش قەدەغە بکرێت.

دووەم: بەوەی خوای گەورە لەگەڵ خواردنی ماڵی خەڵك بەناحەق باسی دەکات، کە ئەوە ئەو کات حەرامبوو لەسەر موسوڵمانان. بەڵام هێشتا خوای پەروەردگار بەحەرام ناوزەندی ناکات و ڕێگیری لێناکات.

قۆناغی سێیەم: قۆناغی قەدەغە کردن، لەم قۆناغەدا خوای پەروەردگار بەڕوونی باس لەحەرامی سوو دەکات و لەسورەتی (ال عمران)دا لەبارەیەوە دەفەرمووێت: (يا أيها الذين آمنوا لا تأكلوا الربا أضعافا مضاعفة واتقوا الله لعلكم تفلحون)(ئایەت ١٣٠ لەسورەتی ال عمران).

واتا: ئەی گرۆهی باوەڕداران سوویەك مەخۆن کە چەند قاتی پارەکە خۆی زیادی کردووە، لەخوا بترسن بەڵکو خوا سەرکەوت و سەرفرازتان دەکات.

زانایان دەربارەی حوکمی ئەم ئایەتە دوو بۆ چوونیان هەیە:

بۆچوونێکیان ئەوەیە کەئەم ئایەتە قۆناغیکی ترە لە قۆناغەکانی قەدەغەکردنی سوو، ئایەتەکە تەنها باس لەحەرامی ئەو سووە دەکات کە ڕێژەکەی زۆر بێت و چەندەها جار بێت، بەڵام ئەگەر یەك بەرامبەر، یان دووبەرامبەر بێت کێشەی نییە.

بۆچوونی دووەمیش پێی وایە کە نەخێر ئەمە بۆ قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی سووە، بەڵام کاتێك  باسی ڕێژەکەی دەکات کە چەند قات بێت، ئەوە باسی واقیعی ئەو کاتەی سووە لە کۆمەڵگای عەرەبیدا، بۆیە لێکدانەوەی پێچەوانەی بۆ ناکرێت.

بەڵام سەرەڕای قەدەغەکردن، ئایەتەکە هیچ هەڕەشەیەکی تێدا نییە، باسی هیچ سزایەکیش ناکات.

قۆناغی چوارەم: لەم قۆناغەداو لەسورەتی (بقرە)دا خوای پەروەردگار زۆر بەتوندی باس لەقەدەغەکردنی سوو دەکات ، هەڕەشەی توند لەو کەسانە دەکات کەبە سوو مامەڵە دەکەن، لەو بارەیەوە دەفەرمووێت : ( الذين يأكلون الربا لا يقومون إلا كما يقوم الذي يتخبطه الشيطان من المس ذلك بأنهم قالوا إنما البيع مثل الربا وأحل الله البيع وحرم الربا فمن جاءه موعظة من ربه فانتهى فله ما سلف وأمره إلى الله ومن عاد فأولئك أصحاب النار هم فيها خالدون & يمحق الله الربا ويربي الصدقات والله لا يحب كل كفار أثيم )(سورەتی بقرە ئایتی ٢٧٥ ، ٢٧٦).

واتا: ئەو کەسانەی لەدونیا سوو دەخۆن، کاتێك لە قیامەت لەگۆڕەکانیان دێنە دەرەوە ، وەکو کەسێکی شێتی سەر لێشێواو لەگۆڕەکانیان دێنە دەرەوە، ئەوەش لەسزای ئەوەدا کە دەیانگوت قازانجی مامەڵەو سوو جیاوازیان نییە، بەڵام ئەوانە ڕاست ناکەن، چونکە خوای گەورە قازانجی مامەڵەی حەڵاڵ کردووە و داهاتی سووی حەرام و یاساغ کردووە، جا هەر کەس گوێی لەم ئامۆژگاری و فەرموودانەی پەروەردگاری بوو، بەگوێی کردو دەستی لەسوو هەڵگرت، ئەوە پێشتر هەر سوویەکی وەرگرتوەو خواردووە، هی خۆیەتی و لێی ناسەندرێتەوە، چارەنووسی خاوەنەکەشی لەدەستی خودادایە، هەرکەسیش پاش ئەم فەرمانە بگەڕێتەوە سەر کاری سوو خۆریی، ئەوە خوای پەروەردگار دەیکاتە جێنشینی دۆزەخ، بە هەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، خوای گەورە فەڕو بەرەکەت لەسوو هەڵدەگرێت، لەبەرامبەردا پارەی چاکەو بەخشین گەشە پێدەکات و زیادی دەکات. خوای گەورە خەڵکانی بێباوەڕو سووربووی لەسەر تاوان خۆشناوێت.

لەکۆتاییدا دەفەرمووێت: (يا أيها الذين آمنوا اتقوا الله وذروا ما بقي من الربا إن كنتم مؤمنين & فإن لم تفعلوا فأذنوا بحرب من الله ورسوله وإن تبتم فلكم رءوس أموالكم لا تظلمون ولا تظلمون & وإن كان ذو عسرة فنظرة إلى ميسرة وأن تصدقوا خير لكم إن كنتم تعلمون )(سورەتی بقرە ئایەتی ٢٧٨، ٢٨٠).

واتا: ئەی گرۆهی باوەڕداری ڕاستەقینەن ئەوا لەخوا بترسن و دەست لەسوو خۆریی کۆتا کەن، ئەو سووەی لای خەڵك هەتانە وەری مەگرن، خۆ ئەگەر واتان نەکرد ئەوە خوداو پێغەمبەرەکەی صلى الله عليه وسلم جەنگتان لەدژ بەرپا دەکەن، ئەگەریش پەشیمان بوونەوە و تەوبەتان کرد،ئەوە دەستمایەکانی خۆتان بۆ خۆتان، نەستەمتان لێ دەکرێت و نەستەمیش لە خەڵك بکەن. ئەگەریش قەرزارەکانتان دەستیان کورت بوو نەبوو بوون، ئەوە مۆڵەتی قەرزەکەیان بۆ درێژ بکەنەوە، خۆ ئەگەریش لەکۆی قەرزەکە،یان لەهەندێکی گەردنیان ئازاد بکەن و لێیان خۆش بن، ئەوە بۆ خۆتان باشترە ئەگەر بزانن و هەست پێبکەن.

عەبدوڵڵای کوڕی عەباس دەربارەی ئەم ئایەتانە دەفەرمووێت: (ئەمە کۆتا ئایەت بوو بۆ پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم هاتە خوارەوە، پاش ئەوە هیچ ئایەتی تر نەهاتۆتە خوارەوە) (تفسير القرطبي , الجامع الاحكام القران/ ج6, ط2003) . بەم ئایەتانە کۆتایی بەحوکمی سوو خۆری هێنرا.

حوکمی سوو لە قورئاندا:

ئەگەر بەوردی سەرنجی ئایەتەکانی پێشوو بدەین دەبینین خوای پەروەردگار تێیدا لە چەندین ڕووەوە، ئاماژەی بەحەرامی سوو کردووە لەوانە:

أ– ئەو بارە دەروونییە ناهەموارەی کە لە قیامەتدا بۆ ئەو کەسانە دروست دەبێت کە لەدونیادا مامەڵەیان بەسوو کردووە،کە وەك شێتێك و کەسێکی سەر لێشێواو زیندوو دەکرێنەوە،ئەمەش بەڵگەونیشانەی تاوانباریانە لەدونیادا.

ب– خوای پەروەردگار بەئاشکرا دەفەرمووێت قازانجی مامەڵە حەڵاڵە و بەڵام سوو حەرامەو بەتوندیش وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە دەڵێن جیاوازییان نییە، هەڕەشەی سەختیان لێدەکات.

ت– خوای گەورە هەڕەشەی سزای دۆزەخی هەمیشەیی دەکات لەو کەسانەی کەبەردەوام دەبن لەسەر سووخۆرییەکەیان ، دیارە ئەم سزایەش تەنها بۆ تاوانە گەورەکانە.

ث– خوای گەورە بەڵێنی ئەوە دەدات کە فەڕو بەرەکەت لەسوو هەڵبگرێت، کە ئەمەش جۆرێکی ترە لەسزاو هەڕەشەو ئاگادارکردنەوە بۆ دوور کەوتنەوە لەسوو.

ج– خوای گەورە دوو وشەی تۆقێنەر بەرامبەر سووخۆرەکان بەکاردەهێنێت کە (كفار) و (أثيم)  کە دوو وشەن بۆ تاوانی زۆر گەورەو خراپ بەکاردێن.

ح– خوای گەورە داواکەی لەباوەڕداران دووبارە دەکاتەوە کە واز لەسوو بێنن ئەگەر باوەڕدارن، ئەمەش هەڕەشەیەکی ترە بەوەی کەهەر کەس لەمەو پاش وازی لێنەهێنێت، ئەوە با لەباوەڕەکەی بترسێت و چاوێکی پێدا بخشێنێتەوە.

خ– دواتر خوای گەورە هەڕەشەی زۆر توندتر لەوانە هەمووی دەکات ، باس لەوەدەکات کەخواو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەنگ دژی ئەو کەسانە بەرپا دەکەن کەسەوداو مامەڵە بەسوو دەکەن، تابزانن کەئەوان سەنگەریان لەخوا گرتوە، لەبەرەی شەیتاندان.

د– لەکۆتاییدا خوای پەروەردگار باسی تەوبەو گەڕانەوە دەکات لەسوو خواردن، دیارە تەوبەش لەتاوان دەکرێت، بۆیە ئەمەش ئاماژەیەکی ترە بەحەرامی سوو خۆری لەئیسلامدا.

جا ئەمانە هەمووی ئاماژەن بەمەترسی و حەرامی سووخۆری لەقورئاندا، گەورەیی ئەو تاوانە، هەر لەبەر خراپییەکەیەتی کە خوای پەروەردگار کۆتا ئایەتەکانی قورئانی بۆ تەرخان کردووە.

بۆیە زانایانی ئیسلامیش وای لێ تێگەیشتون، دەگێڕنەوە جارێکیان پیاوێك سەرخۆشێکی بینی خۆی هەڵدەدا بۆ ئاسمان و دەیگوت من مانگ دەگرم و دەیهێنمە خوارەوە، پیاوەکەش هەڵوێستی سەرخۆشەکەی زۆر پێ نامۆ بوو، بۆیە تەڵاقی خوارد و گوتی:(تەڵاقم کەوتبێت خودا لەعارەق خراپتری دانەناوە، بەقورگی خەڵکدا بچێتە خوارەوە).

دواتر پەشیمان بووەو هات بۆلای ئیمامی مالیك بۆ حوکمی تەڵاقەکەی، ئیمامی مالیك فەرمووی مۆڵەتێکم پێبدە با بیری لێ بکەمەوە. سبەی هاتەوە فەرمووی، تەڵاقەکەت کەوتووە، چونکە من سەیری هەموو قورئانم کردووە، خوای پەروەردگار باسی هیچ شتێکی نەکردووەو شەڕی لەدژی بەرپاکردبێت، تەنها لەسوودا نەبێت، بۆیە سوو لەعارەق خراپترە، تەڵاقەکەت کەوتووە(ابو حيان الاندلسي , تفسير البحر المحيط , ج2 , دار الفكر , بيروت , ص254).

ئەمرۆ خەڵکانێکی زۆر عارەق ناخۆنەوە، پێیان وایە زۆر گوناهە، بەڵام سوو دەخۆن و گوێشی پێ نادەن، لەکاتێکدا کۆی دەقەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کەسوو لە عارەق و دزی و زیناش خراپترە.

إبن تیمیە دەفەرمووێت:سوو لە قومار زۆر خەلراپترە، لەبەر ئەوەی:

-کەسی سووخۆر هەمیشە قازانج دەکات، بەڵام قومارکەر مەرج نییە قازانج بکات.

-لەقوماردا جاری واهەیە هەژارەکان دەیبەنەوە لە دەوڵەمەندەکان، بەڵام لەسوودا هەمیشە هەژارەکان دەیدۆڕێنن و دەوڵەمەندەکان دەیبەنەوە.

لەبەر ئەوە دەفەرمووێت:بەم دوو هۆکارە سوو لە قومار خراپترە(ابن تيمية , الفتاوى الكبرى , ج4 , ص465).

ئەمە سەبارەت بەدەقەکانی قورئان.

حوکمی سوو لەفەرموودەکانی سەروەردا:

سەبارەت بەحوکمی سوو و سزاکەی لە فەرموودەکانی سەروەردا(صلى الله عليه وسلم)، دیارە ئەو فەرموودانەی لەو بارەیەوە هاتوون زۆرن،باس لەسزاو تۆڵەی جۆراوجۆر دەکەن،بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها چەند فەرموودەیەك دەخەینە ڕوو لەوانە: (لعن رسول الله صلى الله عليه وسلم : اكل الربا موكله كاتبه شاهديه قال هم سواء)( البخاري رقم حدیث ٥٩٦٢).

واتا: پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم) نەفرەتی کردوە لەو کەسەی کەسوو دەخوات، ئەو کەسەش کەسوو دەدات، ئەوکەسەش کە دەبێتە شاهید لەنێوانیاندا، ئەو کەسەش کە گرێبەستەکەیان بۆ دەنووسێت، فەرمووی: هەموویان وەك یەك وان. کەواتە ئەو دوڵەمەندەی کە تەنها بۆ زیادبوونی داهاتی خۆی پارە بەسوو دەدات، لەگەڵ ئەو هەژارەی بەناوی ناچارییەوە وەری دەگرێت، لای خودا لەڕێژەی تاوانباریاندا هیچ جیاوازییەکیان نییەو وەکو یەك تاوانبارن، نەك ئەوان بەڵکو شاهید، نووسینگە، کەفیل، کارمەندی کۆمپانیا، یان بانکیش.

هەموو ئەمانە پەنا بەخوا وەك یەك تاوانبار دەبن . ئەمەش لەبەر قورسی تاوانی سووخۆریەکەیە.

(الربا ثلاثة و سبعون بابا ايسرها مثل ان ينكح الرجل امه)(الالباني: صحيح الترغيب والترهيب رقم حەدیث ١٨٥١)(٢١) .

واتا: تاوانی سووخۆریی حەفتاو سێ پلەیە،ئاسانترین و نزمترینیان وەك ئەوە وایە کە مرۆڤ لەگەڵ دایکی خۆی کاری داوێنپیسی(زینا)بکات.

(درهم ربا يأكله الرجل هو يعلم اشد من ستة وثلاثين زنية)(الالباني صحيح و ضعيف الجامع الصغير وزيادته رقم حدیس٥٦٩ رواه احمد والطبراني).

واتا: یەك درهەمی سوو  کە کەسێك بزانێت پارەی سووەو بیخوات، سزاکەی لای خودا سی و شەش جار لەکاری داوێنپیسی و زینا قورسترە.

(إذا ظهر الزينا والربا في قرية فقد احلوا بأنفسهم عذاب الله عز وجل)(الالباني صحيح الترغيب والترهيب رقم حەدیس ١٧٩ رواه الحاكم ).

واتا: هەرکات کاری داوێنپیسی و سوو خۆری لە گوندێك، یان شارێك ، یان شوێنێکدا بڵاوبوویەوە، ئەوەی ڕقی خوایان لە خۆیان هێناوەتە جۆش، سزای خوایشیان لەسەر خۆیان حەڵاڵکردووە.

هۆکارەکانی قەدەغەکردنی سوو لە ئیسلامدا:

هەمووان ئەو ڕاستیە دەزانین کە کاتێك خوای پەروەردگار، بڕیار دەربارەی هەر شتیك بەهەر شێوازێك دەدات، هۆکاری سەرەکی بڕیارەکە هەمیشە پاراستنی بەرژەوەندی مرۆڤەکانە لە دونیاو دواڕۆژیاندا، لەبابەتی سووخۆریشدا هەر وایە، زۆر هۆکار لەپشت قەدەغەکردنی سووخۆریەوە هەن، هۆکارەکانیش ڕەهەندی جیاوایان هەیە، ئێمە لێرەدا تەنها بۆبەرچاو ڕوونی هەوڵ دەدەین چەند هۆکارێك لەوانە بخەینە ڕوو، سەرەتا لەهۆکارە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستپێدەکەین کەئەمانەن:

هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان:

١– لەرووی دەرونییەوە لەسەر ئاستی تاك کاتێك کەسێك تاوانێکی وەکو سوو ئەنجام دەدات، لەگەڵ ئەو هەموو هەڕەشەیەی لەسەری هاتووە، ئەوە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هەرتاوانێکی تر ئەنجام بدات، چونکە پێگەو ترسی تاوان لەناخیدا کەم و کاڵ دەبێتەوە.

٢– سوو جیاوازی چینایەتی لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا زیاد دەکات و قوڵدەکاتەوە، چونکە هەژارەکان دەکات بەژێر باری قەرزێکی درێژ خایەنی نەبڕاوەوە، کە زەحمەت دەتوانن لێی دەربازبن ،لەولاشەوە  درێژەو برەو بەسەروەتی دەوڵەمەندەکان دەدات لەسەر چارەنوسی ئەوان.

بۆنمونە:لەساڵی(١٩٤٥)و لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، بەپێی ڕێکەوتننامەیەکی نێو دەوڵەتی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی (Monetary Fundlnternational) لەلایەن (٢٩)وڵاتی جیهانەوە دامەزرا، ئامانج لە دروستکردنی سندوقەکە بەناو بۆ هاوکاریکردن و دەستگیرۆیی کردنی وڵاتە هەژارەکان بوو،هەرچەندە لە ڕاستیدا بە پێچەوانەوە بۆ تێکشاندن و درێژەدان بوو بەباری هەژاری و دەستەو خواریان بۆ وڵاتە زلهێزەکان.

چونکە ئەم سندوقە هەرگیز بەبێ مەرج قەرز بەکەس نادات، هیچ قەرزێکیشی بێبەرامبەر نییە، لەم قەیرانەی ئەم دواییەی میسردا، میسر داوای(٥)ملیار دۆلاری لە سندوقەکە کردووە، ئەوانیش ڕازیبوون بۆ ماوەی(٥)ساڵ قەرزەکەی بدەنێ، خۆ ئەگەر ڕێژەی سووی ئەو قەرزە(١،١%)یش بێت ، ئەوە ساڵی زیاتر لە (٣٠)ملیۆن دۆلار سووی دەچێتە سەر،پاش پێنج ساڵەکە قەرزەکە (١٥٢)ملیۆن دۆلارسووی دەچێتە سەر.

ئایەئەمە چ جۆرە هاوکارییەکی پێدەڵێن؟ ئێستا ئەم سندوقە هەندێك قەرزی هەیە لەلای هەندێك وڵات، سودەکەی زۆر زیاترە لەبڕی ئەو قەرزەی کەکاتی خۆی پێی داون.

هەر کاتێکیا بابەتێکی پەیوەست بەو سندوقە دەخرێتە دەنگدانەوە، کی پارەی لەسندوقەکەدا زیاترە، ئەوە ڕێژەی دەنگیشی زیاترە، بۆ نموونە: ئەمریکا بەتەنها (١٧،٨%)دەنگی هەیە، پاش ئەو یابان دێت کە(٦،١٣%)ی ڕێژەی دەنگی هەیە، پاش ئەوان ئەڵمانیا دئت کە (٥،٩٩%)ی ڕێژەی دەنگی هەیە ، پاش ئەوان فەرەنسا دێت کە (٤،٩٥%)ی ڕێژەی دەنگی هەیە، لەو لاشەوە بەهەر (٢٤) وڵاتە هەژارەکەی ئەفەریقیا دێت کە سەدەها ملێۆن هاوڵاتیان هەیە بەهەموویان تەنها (١،٤١%)ی ڕێژەی دەنگیان هەیە(٢٤).

هەر بۆیە هەمیشە هەژموون و سیاسەتی ئەو زلهێزانە، بەسەر وڵاتە هەژارەکاندا زاڵە، هەرگیز بواری هەستانەوەو سەربەخۆیی  ئابوورییان پێنادەن،تا لەو ڕێیەوە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن.

سوو سۆزو بەزەیی و هەستی مرۆڤدۆستی، لەناو تاکەکانی کۆمەڵگادا بنەبڕ دەکات و والە دەوڵەمەندەکان دەکات، کە هەژارەکان بکەنە سووتەمەنی بۆ گەرمکردنی بازاڕی قازانجی خۆیان، لەوڵاشەوە هەژارەکان دەکاتە دوژمنی دەوڵەمەندەکان، هەمیشە بەچاوی ڕق و کینە سەیریان دەکەن، چونکە هەژاری خۆیان لەچاوی ئەوان دەناسن.

هۆکارە ئابوورییەکان:

جگە لەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانە چەندین هۆکاری ئابوری تر هەن بۆ قەدەغەکردنی سوو لەوانە:

١-نرخی شت ومەك و کاڵاکان بەرز دەکاتەوە، چونکە ئەو پارەیەی کە وڵاتە زهێزەکان بەسوویەکی زۆر دەیدەن بەوڵاتە هەژارەکان، ئەو وڵاتانە ناچار دەکات نرخی شت ومەك، کاڵاکان، خزمەتگوزارییەکان، لەسەر هاوڵاتیان زیاد بکەن، تابتوانن قەرزەکەو قازانجی سووەکە لەکاتی خۆیدا بدەنەوە.

٢-دیاردەی بێکاریی زیاد دەکات، چونکە خاوەن دەستمایەکان لەبری ئەوەی پارەکانیان بخەنە بازاڕەوەو لەپڕۆژە پیشەسازیی، ئاوەدانکاریی، خزمەتگوزارییەکاندا بیخەنە گەڕ، دەیدەن بەسوو بەکۆمپانیا،یان بانکەکان،بەمەش دیاردەی بێکاری لەبازاردا زیاد دەکات.

٣-ئاستی وەبەرهێنان کەم دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی نرخی شت ومەك بەرزدەبێتەوە، لەبەرامبەریشدا خەڵك هەلی کاری دەستناکەوێت، پارەی پێ نابێت تا بیکرێت، ئەو کات کاڵاکان لە گەنجینەکاندا کەڵەکە دەبن وبەمەش و وەبەرهێنان کەم دەبێتەوە.

٤-سوو وادەکات پارە لەدەستی کۆمەڵێك بازرگان و سەرمایەداری گەورەدا کەڵەکە بێت، ئەوان دەستبگرن بەسەر بازاڕەکاندا، بڕیاری  چارەنووسی خەڵك و بژێوی ژیانیان بکەوێتە دەستی ئەوانەوە.

٥-سەردەکێشێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار سەروەری و سەربەخۆیی خۆیان لەبڕیاری سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و هتد، لەدەست بدەن، بکەونە ژێر بەزەیی و کاریگەری سیاسەتی وڵاتە خاوەن دەستمایەو قەرزدەرەکانەوە، ئەو وڵاتانە ڕاستەوخۆ، یان نا ڕاستەوخۆو لەڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە، نەخشەی بەڕێوەبردنی وڵاتەکانیان بۆ دابرێژنەوە.

٦-سوو زۆر کات قەیرانی ئابووری کەمەر شکێنی لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە،بۆ نموونە لەساڵی(١٩٢٩)دا(٥)هەزار بانك لەئەمریکا ئیفلاسیان کردووە، زیاتر لە (٣) بلیۆن دۆلار زەرەریان لێکەوتووە،  تا (ڕۆزفڵت) ناچار بوو تا ماوەیەك هەموو بانکەکانی ئەمریکا دابخات.

هەروەها لەساڵی (١٩٩٧)وڵاتە پێشکەوتوەکانی ئاسیا ڕووبە ڕووی قەیرانێکی ئابووری سەخت بوونەوە،ساڵی (٢٠٠٧)قەیرانیکی ئابووری تری سەخت جیهانی هەژاندو بەهۆیەوە ئابووری جیهان زیاتر لە (٧١)تریلیۆن زیانی پێکەوت. ئەمە جگە لەوەی کە لەدەرەنجامی ئەم قەیرانانە ملیۆنەها هاوەڵاتی لەسەر ئاستی جیهان هەلی کارەکانیان لەدەستدا، ئەوانیش چوونە ڕیزی هەژارانەوە، بوون بەبار بەسەر ئابووری وڵاتەکانیانەوە. ئابووریناسەکانیش هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانە بۆ دیاردەی سووخۆری، قازانجی وەهمی پرۆژەی بێبنەما دەگێڕنەوە(٢٥).

ئەمانەو چەندین هۆکاری تر لەپشت قەدەغەکردنی کاری سووخۆریەوەن لە روانگەی ئاینی پێرۆزی ئیسلامەوە.

-*-*-*-*-*-*-*

دیاردەى سوو لە مامەڵە هاوچەرخەکاندا : پرۆفیسۆر . د. خالد محمد صالح.

پێشنیارکراو

زیكرى خواى گه‌وره‌

سووده‌كانی زیكرى خواى گه‌وره‌

1 ـ به‌ده‌ست هێنانی یادی خوا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ یادى ده‌كه‌ن . 2 ـ …