دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / ڕۆڵی دایكان و باوكان لە كەمكردنەوەی تاوان
رۆلى دایک و باوک

ڕۆڵی دایكان و باوكان لە كەمكردنەوەی تاوان

پێویستە لە سەر دایكان و باوكان پەروەردەكردنی منداڵ وەكو مەسەلەیەكی فیزیكی سادە تەماشا نەكەن کە زیاتر لە چوارچێوەی دابین کردنی پێویستییەکانی ژیاندا خۆی ببینێتەوە، بەڵكو پەروەردەی منداڵ وەكو كارێكی پیرۆز و بەرپرسیارێتییەكی مەزن وپرۆسەیەکی دوور مەودا تەماشای بكەن وخۆیان وەكو باخەوانێك وێنا بكەن كە بەردەوام ئاودێری وبژاری نەمامەكانیان بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەروبومێكی جوان و پاكی لێ بەرهەم بهێنن.

پێویستە ئەوان بەشێكی زۆری تەمەنیانی بۆ ئەو كارە مەزنە تەرخان بكەن و لە پێناویدا ئەگەر پێویستی كرد حەز و بەرژەوەندییەكانی خۆیان بكەن بە قوربانی ئەو پرۆسەیە، چونكە هەر كەمترخەمی و هەڵەیەك دەبێتە مایەی لادانێكی گەورە لە ڕێڕەو وداهاتووی مرۆڤێكدا كە جگەرگۆشەكەیانە و سبەی بە پێی ئەو پەروەردەی وەریگرتووە لە ماڵ و لە دەوروبەر ، بۆی هەیە ئەندامێكی بەسوودی كۆمەڵگا بێت و لە ڕووی ئایین و ئاكارەوە پێشەنگ بێت، یان بە پێچەوانەوە بۆی هەیە ڕێگایەكی هەڵە بگرێت و بۆ خۆی و بۆ دایك و باوك و بۆ دەوروبەریشی ببێتە خاڵێكی رەش.

یەكێكیش لە ترسناكترین هەنگاوی هەڵەی باوكان و دایكان كە بە خراپ بەسەر منداڵاندا دەشكێتەوە مەسەلەی جیابوونەوەیانە، چونكە ئەگەر ئەو بڕیارە یەك جار پەیوەندی بەو دوو هاوسەرەوە هەیە و ناتوانن بەردەوامی بە ژیانی هاوسەرگیری پێكەوە بدەن، ئەوا دە جار پەیوەندی بە منداڵەكانیانەوە هەیە و لاچوونی چەتری خیزان و سۆزی دایك و باوك هەموو دەرگا وئەگەرە خراپەكان لەسەر پشت دەكاتەوە لەسەریان.

زۆریك لەو تاوانانەی كە لە كوردستاندا ناو بەناو كۆمەڵگا دەهەژێنیت و لە لای خەڵکی دەبێتە باسێكی كاریگەر و بە ئازاری ڕۆژ، بە كەمترین وردبوونەوە بۆمان دەردەكەوێت لە ئەنجامی كەمتەرخەمی لە مەسەلەی پەروەردەدا روویداوە، بۆیە پەروەردەكردنی منداڵ لەسەر بنەمای دینداری ڕاستەقینەو ڕەوشتە بەرزەكانی ئیسلام كۆمەڵگایەكی پاك و تەندروست و دوور لە تاوان دەستەبەر دەكات، بەڵام ئەو كارە پێویستی بە هەبوونی گیانی بەرپرسیارێتی و جۆرێك لە قوربانیدان هەیە، چونكە بەداخەوە ئەمڕۆ ئەركێكی هەرە گەورەی عەولەمە و جیهانگیری كە لە ئەستۆی گرتووە ئەنجامی بدات، بریتییە لەوەی خەلكی بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی لە دین و لە ڕەوشتی جوان دووربخەنەوە ولە هەمو بەهایەكی جوان و پیرۆز دایانماڵن.

عەولەمە بە شێوەیەكی گشتی هەوڵێكە پاڵیشت بە پشتیوانی هەموو حكومەت و دەسەڵاتەكانی جیهان بۆ خولقاندنی جیهانێك دین و ڕەوشت هیچ بوونێكی تێدا نەبێت، كار بۆ فەراهەم كردنی كۆمەڵگایەك دەكەن حەزو ئارەزووە ئاژەڵییەكان باڵی ڕەشی بەسەردا گرتبێت و قەڵاچۆكردنی ئایین و ناشیرینكردنی بەشێكی سەرەكییە لە ئەركەكانی.

بە شێوەیەكی بەتایبەتیش هەوڵەكان بۆ شێواندنی فیترەتی گەنجان و بە تایبەتتر کچان ئاراستە كراوە و ئەو هەوڵانە چڕ كراونەتەوە لە ڕێگەی سەدان ڕێكخراو و دەستەو لایەنی كار بۆ ئاسان كراو بە مەبەستی شێواندنی چەمك و واتا جوانەكانی دین و ئاكار و لەخشتەبردنی گەنجان و كچان بە پلەی یەكەم.

بۆ ئەو مەبەستانەی سەرەوە پیلانەكان بە تۆكمەترین وشەیتان ئاساترین شێواز دادەڕێژرێت، بۆیە لەم سەردەمە ئاڵۆز و جیهانە جەنجاڵەدا، هەر دەرك نەكردنێكی دایكان و باوكان بەو پیلانە ترسناكەی كە لە شێوەی بارانێكی ڕەشی فەساد وخراپەدا کە لە ئەرزەوە هەڵدەقوڵێت لە وینەی رێكخراوو دەیان ناوی بریقەدار كە ڕواڵەتەكەی جوانە و ناوەڕۆكەكەی وەكو ژەهری مارە، هەروەها لە ئاسمانیشەوە دەبارێت لە رێگەی مانگە دەستكردەكان و هێڵەكانی ئێنتەرنێت كە لە هیچ سەردەمێكدا شەیتان نیەتوانیوە ڕێژەی لەخشتەبردنی بەندەكان بگەنیتە ئاستی لەخشتەبردنی عەولەمە لەم سەردەمەدا.

رەنگدانەوەی ئەو كارەساتانەی لە زەوی و لە ئاسمانەوە هەڵدەقوڵێت و دەبارێت! لە پێش گەورەكان لەسەر منداڵەكان دەردەكەوێت وباوكان و دایكان كاتیك دەزانن كار لە كار ترازاوە و لە مەودای نزیكدا بە جەرگ سوتان و بە جۆرەها کارەساتی ناخۆش و نالەبار و هەستی تاڵ و ناخۆش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و لە مەودای دووریشدا دەبێتە كارەساتیكی زۆر لەوە گەوەرتر و دەبێتە هۆكارێك بۆ داڕمانی كۆمەڵگاد و پانتایی تاوان و خراپەكاری فراوانتر دەكاتەوە و هەنگاونان بەرەو چاكسازی کۆمەڵگا دەبێتە كارێكی ئەستەم وقورس.

مەخابن كۆمەڵگای كوردی ڕۆژ لە ڕۆژزیاتر بەرەو هەڵدێر دەڕوات هەموو جۆرەكانی گەندەڵی و لادان و تاوان و شێوانی دەروونی و ڕەوشتی و لە دەستدانی بەهاكانی تێدا پەیدا دەبێت، ئەوەش كە جێگای ترس و نیگەرانییە ئەوەیە لە پشت پەردەو هەندێ جار بە ڕاشكاویش كار لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە ترسناكانە دەكرێت و بە وردی و لێزانانە گەنجەكان لە ئامێزی خێزانەكانیان دەردەكرێن وبە هۆی نەبوونی پەروەردەیەكی ئایینی تۆكمە دەكرێنە ئامانج.

بۆیە پێویستە دایكان و باوكان لەم سەروبەندەدا ئەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشان بدەن و ڕۆڵی خۆیان لە جوان پەروەردەكردنی منداڵەكانیاندا ببینن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن، چونكە بنچینەی چاكسازی و چاكترین ئامرازو چەكی ئەو چاكسازییە لە ڕووی شاڵاوی بێ دینكردنی خەلكی و شێواندنی بەها جوانەكان لە پەروەردەیەكی هاوسەنگ و تەندروستەوە دەست پێ دەكات، ئەوەش بە كورتی و بەڕاشكاوی تەنها لە پەروەردەو ڕێنماییەكانی ئیسلامدا هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی لاساییکردنەوەیەکی کوێرانەی ڕەها بۆ ڕۆژ ئاوا کاری بۆ دەکرێت و بە دیاری کراوی کۆشش دەکرێت مناڵان وگەنجان بخرێنە سەر ڕێچکە وپەروەردەی ئەوان، بۆیە ئەرکی دایکان وباوکان لەم بارەوە چەندە گرنگ وپیرۆزە، ئەوەندە قورس وناڕەحەتە، بەڵام دڵنیا بن كارێكی گەورەو گەنجینەیەكی ئەجر و پاداشت بۆ خۆیان دابین دەكەن و ژیانیكی هاوسەنگ و پاراویش بۆ منداڵەكانیان مسۆگەر دەكەن كە زۆۆر لەوە گرنگترە كۆشك و تەلار و سەیارەیان بۆ دابین بكەن.

لەوە دڵنیا بن پەروەردەکردنی منداڵ بە گشتی وکچان بەتایبەتی بە پەروەردەیەکی ئیسلامی جوان و درووست کردنی کەسایەتییەکی پاک وسەنگین وهاوسەنگ بۆیان و ڕێگرتن لەوەی نەچنە ناو زەلکاوی جاهیلیەتی سەردەمی عەولەمە، پیرۆزترین کارە وڕزگارکردنی مرۆڤێکە لەخشتەچوون ومەرتسی خنكان لە دەریایەكدا كە جگە لە ڕینوێنی قورئان و فەرموودە جوانەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هیچی تر فریای ناكەوێت.

-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*

إحسان برهان الدین

پێشنیارکراو

پلە وکاری سوننەتی پێغەمبەرﷺ لەیاساکانی ئیسلامدا

 منزلة السنة في التشريع الإسلامي.  پلە وکاری سوننەتی پێغەمبەرﷺ لەیاساکانی ئیسلامدا. قال الشوكاني – رحمه …