دەستپێک / جۆراوجۆر / بابەت بەکوردى / بۆچی دوعاكانمان گیرا نابێت؟
بۆچی دوعاكانمان گیرا نابێت ؟
Muslim Man Is Reading The Koran

بۆچی دوعاكانمان گیرا نابێت؟

سەرەڕای ئەوەی موسوڵمانان دوعاو نزاو پاڕانەوەی زۆر دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دوعاكانیان لە ئێستادا وەرگیراو نییە، بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە دەڵێم: بە وردبوونەوەم لەو مەرجانەی كە دەبێت لەكەسی نزاكاردا هەبێت، بە تێگەیشت وتێڕامانم لە حاڵی خۆیشمان وەكو موسوڵمانانی ئەم سەردەمە، وا ئەزانم ئەوە دەرەنجامێكی شەرعی و چاوەڕوان كراوە بۆ دوعای كەسانی دین شلو كەمتەرخەم وەكو ئێمە.

لە ڕاستیدا – وەكو ابن القیم بە ڕەحمەت بێت دەڵێت – دوعا وەكو چەكە، كاریگەری چەكیش لەسەر ئەو دەستە دەوەستێت كە بەكاری دەهێنێت، نەك تەنها لەسەر جۆر و باشی چەكەكە، بۆیە هەركەی چەكەكە بێ عەیب و چاك بوو، بەكارهێنەریش خاوەن دەست و بازوو و دڵێكی بەهێز بوو، چەكەكە زەبری كوشندە بە دوژمن دەگەیەنێت.

بەداخەوە لەم سەردەمەدا زۆربەی زۆری مرۆڤایەتی لە نێویشیاندا خودی موسوڵمانان و بەناو موسوڵمانان، ئیسلامیان وەكو بەرنامەی ژیان و بە ناونیشانی شەریعەتێكی كارپێكراو بۆ دونیا و دواڕۆژ و جێگرەوەی هەموو بەرنامەیەكی تر قبوڵ نییە، ئەگەرچی ئەوان بە زمان وا ناڵێن، بەڵام زمانی حاڵ و واقیعی بەرجەستیان هاوار دەكات كە ئەوان بەشێكی ئاسان و دڵخوازی خۆیانیان لە ئیسلام هەڵبژاردووە و بەشێكی زۆریان بەجۆرەها بیانوو ڕەتكردووەتەوە، لەو نێوەندەشدا ئەوانەی كە باوەڕیان بە ئیسلام هەیە وەكو بەرنامەی ژیان و جگە لە ئیسلام هیچ بەرنامەیەكی تر بەڕاست نازانن، ئەوانەش لە ڕاستیدا كەمتەرخەمن و خاوەن دەنگێكی نزم و نەبیستراون، بۆیە نە حیسابیان بۆ دەكرێت و نە هیچ بایەخێكیان پێ دەدرێت، خۆیشان توانای هیچ گۆڕانكارییەكیان لەسەر زەمینەی واقعدا نییە، بۆیە پێم وایە لەبەر لاوازییان لە بەرگری كردن لە دینی الله دوعای ئەوانیش لەگەڵ دوعای زۆرینەدا یەك دەرەنجامی هەیە.

ئەمڕۆ قورئان -بێگومان سوننەتیش- لەتەواوی سەرزەویدا كاریان پێ ناكرێت و حوكمەكانیان خراونەتە گۆشەیەكی تەسكەوە، ڕاستە ئەمە دوژمنانی ئیسلام كردوویانە، بەڵام موسوڵمانانیش بەگشتی بەو پەراوێزكردنەی قورئان و سوننەت ڕازین و هیچ دەنگێكان بۆ ئەو مەبەستە بەرز نابێتەوە، خۆشگوەرانی و سەلامەتی هیوا وئاواتی موسوڵمانانی ئەم سەردەمەیە و وەكو ئەوەی بڵێن ئێمە لە خەمی خۆماناین و ئیسلامیش خاوەنی خۆی هەیە با بەرگری لێبكات!

بەلێ لە مزگەوت و لە ماڵەكاندا قورئان و كتێبەكانی سوننەت دانراون و دەشخوێنرێنەوە، بەڵام ڕاستیە تاڵەكە ئەوەیە كە حوكمیان پێ ناكرێت، زۆرێك ئەگەر زۆرینەش نەبێت دەڵێن ئەم فەرمان و حوكمانەی لە قورئان و سوننەتدا هاتوون بۆ ئەم سەردەمە ناشێن، بەڵكو بۆ سەردەمانی كاتی خۆی گونجاو بووە، ئەمە سەردەمی پێشكەوتن و مۆدێرنەییە نەك تازە بەتازە دەست بڕینی دز و جەڵدەلێدان و رەجم كردنی زیناكار وداپۆشینی ئافرەت و هێشتنەوەی ڕیش ودەیان وسەدان مەسەلەی تر كە نەك هەر بێ باوەڕان بەڵكو خودی ئەوانەش كە خۆیان بە موسوڵمانان دەزانن بۆ ئەم سەردەمە بەگونجاوی نازانن.

ئەمڕۆ زۆرینەی ئەو موسوڵمانانەی كە دوعا دەكەن و دەیانەوێت دوعاكانیان گیرا بیت – جگە لە ڕێژەیەكی كەم نەبێت – لە جیاتی قورئان و شەریعەتی ئیسلام پەیڕەوی لە ڕێنمایی وڕێسای مرۆڤەكان دەكەن و بە یاسا دەستكردكان كار دەكەن و ژیانی خۆیان لەسەر بنەماو بنچینەی ئەو یاسا و ڕێسایانە نەك قورئان ڕێك دەخەن وبەرێوە دەبەن ، ئەمڕۆ لەناو كۆمەڵگای موسوڵماندا هەرچی الله پێی ناخۆشە و لەگەڵ تەوحیددا نایەتەوە ئەنجام ئەدرێت و ئاسایی بووەتەوە، داكۆكی لە چەندین سیستمی دژوار لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام و حوكمی رب العالمین دەكرێت، زۆربەی بڕیارە هەستیار وقورس و گرنگەكانی ژیانیان بەو شێوەی كە بیانەوێت وبەباشی بزانن ئەنجام ئەدەن نەك لە ڕۆشنایی بنەماكانی  عەقیدە وشەریعەتدا، حاڵەتەكە گشتگیرە وتەشەنەی كردووە، ئێمەی كوردیش ئەگەر لەو بارەوە شتێكمان لە خەڵكی زیاتر نەبێت بەداخەوە هەروەكو ئەوانین و ئیسلام وەكو چەند عیبادەت و طقوس ێك تەماشا دەكەین نەك بەرنامەیەكی بیروباوەڕ و شەرعی تێروتەسەل بۆژیان.

بەدڵنیایی، دوعا لەكەسێك وەردەگیرێت بەتەواوی لەسەر بیروباوەڕی ئیسلام بێت و قورئان و سوننەت بە تاكە شەریعەت و بەرنامەی ژیان بزانێت ولە هیچ حوكمێكی بەگومان نەبێت و بەڵكو بەئەوپەڕی حەق و ڕاستی بزانێت ولە پێناسە و مەرج و هەڵوەشێنەرەوەكانی لا إله الا الله تێگەیشتبێت و ڕقی لە هەموو دوژمنێكی ئیسلام و موسوڵمانن بێت و هەرچی موسوڵمان هەیە بەدەر لە نەتەوەو وڵات و زمانی پشتگیرییان بكات و خۆشی بوێن و وەلائی بۆیان هەبێت، لە دوای ئەوە ئینجا زانایان هەندێ مەرجیان لە قورئان و لە سوننەت بۆ دوعای وەرگیراو هەڵینجاوە وەكو:

1- دوعاكە (اخلاص) ی تێدا بێت، واتە مەبەست و نیازی دڵی هەر هەمووی بۆ الله بێت و هیچ مەبەستێكی شاراوەی شەخسی تر لە پشت دوعاكەیەوە نەبێت.

ئەمڕۆ موسوڵمانان سەرەڕای ئەو حاڵە خراپەش لە ڕووی عەقیدەو بیروباوەرەوە كە تێیكەوتوون، زۆرێك لە دوعا و عیبادەتەكانیان ئیللا دەبێت بە ئامادەبوونی كامێرا بێت وعالەم بەو عیبادەتە دوعایە بزانێت یان هەرچاكەیەك بێت پێی بزانن، كامێرا و اخلاص یشیان نەوتووە بەڕاستی.

2- پێویستە ئەو كەسەی كە دەپاڕێتەوە، جارێ خۆی تەوبە بكات و لە هەموو شیرك و بیدعە وتاوانێك بگەرێتەوە، كابرا بەوە نەوەستاوە كە خاوەن تاوانێكی زۆرە خاوەن عەقیدەو بیروباوەڕێكی ناڕاست و لاریشە و بە كۆمەڵێك لە كارەساتەكانی بیروباوەڕ لەم سەردەمەدا تێوەگلاوە و بەنیازیشە دەستی بەرز كردەوە دوعاكەی گیرا بێت، دەتۆ جارێ بڕۆ ئیسلامەكەی خۆت ڕاست بكەرەوە و ببە بە موسوڵمانێی ڕاستەقینە دوایی دەستی داواكاری بۆ الله بەرزبكەرەوە.

3- دەبێت لە كاتی نزا وپاڕانەوەكەیدا لە ئەوپەڕی زەلیلی و ملكەچیدا بیت بۆ الله، من نالێم بەهیچ شێوەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەبەردەم كامێراكاندا دوعا نەكات و نەپاڕێتەوە، هەندێ جار ئەوەش حیكمەتی خۆی تێدا وەدی دەكرێت و لەسەر نیەتی كەسەكان، بەڵام ئەوەی كە هەیە كورد ئەمەشی لەسنوور دەركردووە و بێ تامی كردووە، لە كاتی پارە بەخشین وهاوكاریكردنی خەڵكیدا، لە وەرزی حەج و عومرە و لە میانەی تەواف كردندا، لە كاتی دوعاوپاڕانەوەدا، تەنانەت لە كاتی شەو نوێژدا، هەمووی دەبێت بە ئامادەبوونی كامێرا بێت و بەسێڵفی و بە تەسویرەوە بێت، وەكو ئەوەی یەكێك لە مەرجەكانی وەرگیرانی دوعا ئەوە بیت كە ئوممەت پێی بزانێت!

4- مكوڕی و بێزار نەبوون وبەردەوام بوون لە لێدانی دەرگای الله تاكو وەڵامی دوعاكان دەداتەوە، تەنانەت لە سوننەتدا هاتووە خودی دوعاكە دو جار و سێ جار بوترێتەوە.

5- مەرجێكی تر بۆ وەرگیرانی دوعا ئەوەیە لە كاتی خۆشی و ژیانی ئاساییدا دوعای كردبێت و ئەزموونی دوعاكردنی بووبێت لەلای الله، نەك تەنها لە كاتی ناڕەحتی و ناخۆشیدا دوعای بیربكەوێتەوە.

6- ئەمە جگە لەوەی پێویستە دوعاكە هەندێك ئادابی تری تێدا هەبێت، وەكو ڕووكردن لە قیبلە و دوعاكردن بەدەستی بەدەستنوێژ و دەستپێكردن بە سوپاس و ستاشی الله و سەڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هەڵبژاردنی هەندێ كات وكو كاتی سەجدە بردن و كاتی نێوان بانگ و ئیقامەت و ئەو كاتەدیاریكراوەی ڕۆژی جومعە و ڕەچاوكردنی هۆكاری تر.

7- خۆ ئەگەر لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا باسی بەربەست و ڕێگرەكانی وەرگیرانی دوعا بكەین دەبینین زۆربەمان ئەو هۆكارانەمان تێدایە كە ڕێگرە لە وەرگیرانی دوعا وەكو لاوازی ئیمان و بێ ئەدەبی لە جۆر و لە شێوازی دوعاكە و تێوەگلان بەخواردنی حەرام و سەرچاوەی بژێوەی حەرام وپەلە كردن لە وەرگیرانی دوعا و زۆر ڕێگری تریش.

داواكارم لە الله ئێمەی موسوڵمانانی ئەم سەردەمە كە ڕەنگە خراپترین سەردەمی موسوڵمانان بێت، نەكەوتبینە بەر خەشم وقینی خۆی بەهۆی كارنەكردنی زۆرینەمان بە شەریعەتەكەی و دووربونمان لە جەوهەر و پەیامی قورئانەكەی و دەست نەگرتنمان بە سوننەتی پێغەمبەرە ئازیەكەی صلی الله علیه و سلم و ڕازیبوونی زۆربەی زۆری خەڵكی ئەم سەردەمە بە یاسا دەستكردەكان لە جیاتی شەریعەت و بەرنامەكەی و هەروەها بەهۆی شوێنكەوتنی مرڤەكان و هەواو ئارەزووی خۆیان، ئەوانە نەبووبێتە هۆكاری وەرنەگیرانی دوعاكانمان بەباش و بە خراپمانەوە:

(وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَّا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنكُمْ خَاصَّةً ۖ وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ) الأنفال:25.

*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*

د . إحسان برهان الدین

پێشنیارکراو

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه له (۸۲) جیگای قورئان دا نویژ وزەكات بەیەکەوه فەرمان به بەجیهینانیان كراوه زەکات …