دەستپێک / جۆراوجۆر / بابەت بەکوردى / پایەو پاداشتی سوپاسگوزاریی کردنی خوا
سوپاسگوزاری

پایەو پاداشتی سوپاسگوزاریی کردنی خوا

خوای پەروەردگار لە قورئانی بەرز زۆر جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە سوپاسگوزاربین بەرامبەر چاکەکانی خوای پەروەردگار

١ــ پێناسەی (شكر):

(شكر) هەم بە دڵ دەکرێ، هەم بە زمان، هەم بە ئەندامەکان دەکرێ:

یەكەم : ئەو سوپاسکردنەی خوا، کە بە دڵ دەکرێ بریتیە لەوە: کە چاکەکانی خوا لە خوای بەخشەر بزانی، بەشی یەکەم و بناغەی (شكر) ئەوەیە کە هەموو نیعمەتەکان ببەیەوە بۆ لای خوا، وە لە ڕاستیشدا هەر لە خواوەن و خوا سبحانە وتعالی بۆ خۆی دەفەرمووێ:

﴿وما بكم من نعمة فمن اللە﴾ [النحل ٥٣]واتە: هەر چاکەیەك لە ئێوەدا هەیە، لە خواوەیە،(ٲن ترجع النعم ٳلی المنعم)واتە: چاکەکان بۆ چاکەکار بگێڕیەوە، کە خوایە سبحانە وتعالی.

دووەم : ئەو سوپاسەی کە بە زمان دەکرێ، بریتیە لەوە، کە تۆ بە زمان باسی نیعمەت و چاکەکانی خوای پەروەردگار بکەی و دان بەو چاکانەی خوادا بێنی و بیانسەلمێنی،  وەك خوا دەفەرمووێ:﴿وأما بنعمة ربك فحدث﴾ [الضحى ١١]

واتە: ئنجا باسی چاکەکانی پەروەردگارت بکە.

سێیەم : سوپاسکردنی ئەندامەکانیش، بریتیە لەوە، کە مرۆڤ بە کردەوەو بە ئەندامەکانی جەستە، ئەو چاکانە لە ڕەزامەندیی خوادا بەکاربێنێ، بۆ ئەو ئامانجانەی کە شەریعەتی خوا دایناون، جا ئەگەر زانستە بڵاوی کاتەوە، ئەگەر دەسەڵاتە بەکاری بێنێ بۆ لابردنی زوڵم و چەسپاندنی دادپەروەری و چاکە، ئەگەر ماڵیشە بیبەخشێ، واتە: بەکردەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو چاکەیەی خوادا بکات، بۆ  سوود پێگەیاندنی  بەندەکان، بۆیەش خوا سبحانە وتعالی لە قورئاندا هەرگیز نەیفەرمووە:

(قولوا شكرا) دەفەرمووێ :﴿ ٱعملوۤا۟ ءال داود شكرا …﴾ [سبأ -١٣]

واتە: ئەی ئاڵی داوود! ئەی بنەماڵەی داوود! ئەی نیزیکانی داوود! سوپاسکردن ئەنجام بدەن،  (اعملوا) کەواتە: (شكر) دەکرێ ، نەك بگوترێ ، نافەرمووێ بیڵێن چونکە (شكر) ناگوترێ ودەکرێ، بەدڵ وزمان وبە ئەندامەکان دەکرێ، ئەویش ئەوەیە نیعمەتەکان لەڕەزامەندیی خوادا بەکاربێنی.

خوا لەو کەسانەمان بگێڕێ، کە زۆر شوکرانە بژێرن بۆ خوا، چونکە دەفەرمووێ:

﴿ … وقليل من عبادي الشكور ﴾ [سبأ -١٣]

واتە: کەم لە بەندەکانی من شوکرانە بێژێرن. کەواتە هەر بەندەیەك بە دڵ وزمان و بەئەندامەکان ئاوا مامەڵەی لەگەڵ نیعمەتەکانی خوادا کرد، ئەو مانای وایە سوپاسگوزاریی کردوە بۆ خوا.  پێغەمبەری خواش ﷺ لەپاڵ ئەوەی بە دڵ وزمان سوپاسگوزاری خوای پەروەردگاری دەکرت بە ئەندەمەکانی جەستەشی بەکردووە سوپاسگوزاری بۆ خودا ئەنجام دەدا. وەك لە فەرمایشتێکدا هاتووە :

« عن عائشة رضي الله عنها، أن نبي الله ﷺ كان يقوم من الليل حتى تتفطر قدماه، فقالت عائشة : لم تصنع هذا يا رسول الله ؟ وقد غفر الله لك ما تقدم من ذنبك وما تأخر. قال : ” أفلا أحب أن أكون عبدا شكورا».

متفق عليه ٲخرجه البخاري: (٤۸۳۷)،  ومسلم: (۲۸۲۰). وٲحمد: (۲٤۸٤٤) والترمذي: (٤۱۲)وقال: وفي الباب عن أبي هريرة وعائشة. حديث المغيرة بن شعبة حديث حسن صحيح. والنسائي: (۱٦٤٤) وابن ماجه: (۱٤۱۹).

لە عائیشە -ڕەزای خوای لێبێت-: «پێغەمبەر -ﷺ- هەمیشە هەڵدەسا بۆ شەو نوێژ هەتا پێیەکانی هەڵدەقڵیشا (درزی تێدەکەوت)». (عائیشە دەڵێت): پێیم گوت: بۆ ئاوا دەکەیت ئەی پێغەمبەری خودا -ﷺ- لەکاتێکدا خودا لە گوناهەکانى پێشوو وداهاتووت خۆش بووە؟ فەرمووی: « دەی ئایا منیش پێم خۆش نەبێ  کە بەندەیەکی سوپاسگوزار بم (بۆ خودا) ؟!».

٢ــ هەر کەس بیەوێ چاکەکانی خوا بژمێری، بۆی سەرژمێرناکرێن و ئەندازەو ژمارەکانیان بۆ نازانرێ.

خوا دەفەرمووێ: ﴿ وإن تعدوا نعمة الله لا تحصوها ۗ إن الله لغفور رحيم﴾[ سورة النحل: 18]

ئنجا هەرچەندە چاکەکانی خوا بژمێرن، بۆتان سەرژمێر ناکرێن، (ژمارە و ئەندازەیان نازانن)، بەدڵنیایی خوا لێبوردەی بە بەزەییە.

جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە وشەی نیعمەتی بە تاك هێناوە خوا فەرموویەتی :

﴿ وإن تعدوا نعمة اللە ﴾ نافەرمووێ: (نعم الله) یانی: ئەگەر یەك دانە چاکە ونیعمەتی خواش بتانەوێ بیژمێرن، پێکهاتەکانی بژمێرن، هەر بۆتان سەرژمێر ناکرێ، ئەگەر ورد سەرنجی بدەن، دەبینن:  هەر یەك نیعمەتی خواش چەندان نیعمەتی دیکەی تێدا هەن هۆکار بوون و ڕۆڵیان تێداگێڕاوە و بوونەتە هۆی پەیدابوونی. بۆ وێنە: نانێك  کە دەیخۆی، ئەگەر بیری لێبکەیەوە چەندان شت پێکەوە هاوکار بوون چەندان دروستکراوی خوا دەست بەکاربوون تاکو ئەو نیعمەتەیان لێ پەیدا بووە، خواردنێکی دیکە دەخۆی، میوەك دەخۆی هەتا ئەو میوەیە پێگەیشتوە، تیشکی خۆر و ئاوی ئاسمان و گڵی سەر زەوی و توخمەکانی  هەوا و چەندان بەکتریا و چی و چی هەموویان دەوریان پێکەوە بینیوە، تاکو ئەومیوەیە بەرهەم هاتووە. یاخود : ﴿ نعمة اللە﴾ مەبەست پێی جینسی نیعمەتە، یانی: چاکەکانی خوا سبحانە وتعالی بە ئێوە سەرژمێر ناکرێن، دەتوانی بڵێی: یەك و دوو وسێ و… هتد، بەڵام ژمارە و ئەندازەکەیانت بۆ نازانرێ.

٣ــ  سوپاسگوزاریی کردن، دەبێتە هۆی زیادبوونی نیعمەتەکان:﴿وإذ تأذن ربكم لئن شكرتم لأزيدنكم ۖ ولئن كفرتم إن عذابي لشديد﴾ [إبراهيم ٧] یادیش بکەنەوە! کاتێك پەروەردگارتان ڕایگەیاند : ئەگەر سوپاسگوزاریی بکەن (لەسەر چاکەکانم) بەدڵنیاییەوە بۆتان زیاد دەکەم، بەڵام ئەگەر ناسوپاس و سپڵە بن ئەوە سزاو ئازارم (بۆ سپڵان) توندە.

شیکردنەوەی ئەم ئایەتە موباڕەکە، لە سێ بڕگەدا :

بڕکەی یەکەم: ــ ﴿وإذ تأذن ربكم﴾ یاد بکەوە! ! کاتێك پەروەردگارتان ڕایگەیاند، ئیعلامی کرد، ئاشکرای کرد، دەگوترێ: (أذن) واتە: ڕایگەیاند ، ﴿ تأذن ﴾ یانی : زۆر بە تۆخیی ڕایگەیاند، ﴿وإذ تأذن ربكم﴾ کاتێك پەروەردگارتان زۆر بە تۆخیی ڕایگەیاند، زۆر بە جەختکردنەوە، ڕایگەیاند، چی ڕایگەیاند؟

بڕکەی دووەم: ﴿ لئن شكرتم لأزيدنكم ﴾ ئەگەر سوپاسگوزاریی بکەن، بۆتان زیاد دەکەم، واتە: ئەو چاکانەی کە پێتان دەبەخشم، ئەگەر لە بەرامبەریاندا سوپاسگوزاریی بکەن و شوکرانە بکەن، ئەو چاکانەتان بۆ زیاد دەکەم زانایان لە بارەی (ل)ی سەر ﴿  لئن شكرتم ﴾ ەوە، دەڵێن:  (اللام موطئة للقسم والقسم للتٲكيد) واتە: لام زەمینە بۆ سوێند، سوێند نیە، بەڵام ڕێی بۆ خۆش دەکات و سوێندیش بۆ جەختکردنەوەیە.

هەندێکی دیکە گوتوویانە: (ل) هەر بە مانای سوێندە، سوێند بە خوا، ئەگەر سوپاسگوزاریی بکەن، بۆتان زیاد دەکەم.

بۆیە زانایان لێرەدا یاسایەکیان هەڵێنجاوە دڵێن: (الشكر سياج النعم)

واتە: سوپاسگوزاریی پەرژینی چاکەکانە، ئەوان وایانگوتوە، بەڵام تەنیا پەرژین نیە بەڵکو (الشكر زائد النعم) واتە: سوپاسگوزاریی مایەی زیادکردنی چاکەکانە، بەهۆی سوپاسکردنی خواوە، چاکەکانە زیاد دەبن، نەك هەر دەپارێزرێن، وەك پەرژینێك چۆن باخێك دەپارێزرێ، بەڵکو زیادیشیان دەکا و گەشەیان  پێدەدا.

بەڵام بەو جۆرە سوپاسگوزاریی کردن، دەبێتە هۆی زیادبوونی چاکەکانی خوا کە پێناسەمان کرد لە سەرەتاوە، هەم بە دڵ، هەم بە زمان، هەم بە ئەندامەکان جەستە، هیچ کەس با وا نەزانێ، کە هەر بڵێی: سوپاس بۆ خوا (الشكر لله)، پێ وابێ یەکەسەر خوا چاکەکانی زیاد بکات نا، چونکە خوا نەیفەرمووە: (لئن حمدتم )، کە (حمد) بریتیە لە: ستایشکردنی خوا بەدڵ و بەزمان، بەڵام (شكر) وێڕای ستایشکردنی خواو، وێڕای ئەوەی تۆ نیعمەتەکانی خوا دەگێڕیەوە بۆ خوا، بە دڵ و زمان، دەبێ بە کردەوەش نیعمەتەکانی  خوا لە ڕەزامەندیی خوا بەکاربێنی، ئنجا سوپاسگوزاریی (شكر) لە بەرامبەر نیعمەتەکانی خوا دەبێ، بەڵام (حمد) ستایشی خوا (حمد الله) مەرج نیە لە بەرامبەر نیعمەتەکانی خوا دابێ، بەڵکو لە بەرامبەر سیفەتە بەرزو بێ وێنەکانی خوا سبحانە وتعالی دایە , واتە: مەرج نیە ئێمە لەبەر ئەوە ستایش (حمد)ی خوا بکەین کە چاکەی لەگەڵ کردووین، وە سوپاسگوزاریی (شكر)ی دەکەین، چونکە نیعمەتەکانی پێداوین، وە سوپاسگوزاریی (شكر) بۆ خوا بەمجۆرە دەکرێ:

ئنجا ئەو قانوونی خوایە، کەسێك خوا زانیاریی پێبدات و زانیارییەکە لە نێو خاڵك بڵاوبکاتەوەو کاری پێ بکات، زانیارییەکە زیاد دەکات، هەروەها کەسێك خوا ماڵ وسامانی پێبدات، ماڵ وسامانەکە ببەخشێ زیاد دەکات، دیسان خوا عەقڵ و دانایی  بە کەسێك بدات، عەقڵەکەی بەکاربێنێ، بێگومان زیاد دەکات، هەروەها هەموو نیعمەت وچاکەکانی خوا لە ڕەزامەندیی خوادا بەکاریان بێنی بە پێز دەبن، بەرهەمدار دەبن و بەرەکەتیان دەکەوێتێ.

بڕکەی سێیەم: ﴿ ولئن كفرتم إن عذابي لشديد

واتە:بەڵام ئەگەر ناسوپاس بن، بێگومان سزای من زۆرسەختە، لێرەدا کە دەفەرمووێ: ﴿ ولئن كفرتم ﴾ وشەی (كفر) وێڕای ناسوپاسیی، دەشگونجێ بە مانای بێبڕوایی و کوفرکردن بێ، بەڵام لێرەدا بە مانای ناسوپاسی و سپڵەیی دێ، چونکە لە بەرامبەر ﴿ لئن شكرتم ﴾ دایە، پێچەوانەی سوپاسگوزاریی (شكر)یش بریتیە لە (كفران) نا سوپاسیی و سپڵەیی، بەڵام پێجەوانەی بێ بڕوایی (كفر) بریتیە لە بڕواداریی (ٳيمان).

ئینجا کاتێك خوا سبحانە وتعالی دەفەرمووێ:﴿إن عذابی لشدید﴾ واتە: لە جیاتی ئەوەی خوا سبحانە وتعالی بفەرمووێ: بە سەختی سزاتان دەدەم، فەرموویەتی: هەمووتان ئاگاداربن ! کە سزای من سەختە، بۆیە وایفەرمووە: ئەگەر فەرمووبای: بەسەختیی سزاتان دەدەم، تەنیا سزادانی دەگەیاند، بەڵام کە دەفەرمووێ: ﴿إن عذابی لشدید﴾ ئەم هەم لابردنی چاکە و نیعمەتەکە دەگرێتەوە، هەم سزادانی ئەو خاوەن نیعمەتەش دەگرێتەوە، کە سوپاسی خوای لەسەر نەکردوە.

لەفەرموودەی پێغەمبەردا ﷺ هاتووە، کە دەفەرمووێ: عن ابن عباس ، قال : قال رسول الله ﷺ :«أحبوا الله لما يغذوكم من نعمه».
رواه الترمذي: (۳۷۸۹)، وقال: هذا حديث حسن غريب، والطبراني: (۱۰٦٦٤)، والحاكم: (٤۷۱٦)، وقال: هذا حديث صحيح الإسناد، ووافقه الذهبي.

واتە: خوتان خۆشبوێ، لەبەر ئەوەی له چەکەکانی خۆی دەرخواردی ئێوەی دەداو، بەئێوەیان دەچێژێ.

٤ــ سوپاسگوزاریی کردن، دەبێتە هۆی پارێزراوی لە سزای خودا سبحانە وتعالی، خوای گەورە دەفەرمووێ: ﴿ما یفعل ٱلله بعذابكم إن شكرتم وءامنتموكان ٱلله شاكرا علیما﴾ [النساء ١٤٧] خوا چی لە ئازاردانتان دەکات، ئەگەرسوپاسگوزاریی بکەن و بڕوابێنن؟! وە خوا سوپاسگوزاری زانایە.

٥ــ سوپاسگوزاریی کردن دەبێتە هۆی ڕازیبوونی الله لە بەندەکەى: {وإن تشكروا يرضه لكم} [الزمر: 7] ئەگەر سوپاسى خودا بكەن ڕازى دەبێت لێتان.

عن أنس بن مالك قال : قال رسول الله ﷺ :«إن الله ليرضى عن العبد أن يأكل الأكلة فيحمده عليها، أو يشرب الشربة فيحمده عليها».  رواه مسلم: (۲۷۳٤) والترمذي: (۱۸۱٦) وقال: هذا حديث حسن.

لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -ﷺ- دەفەرموێت:«خوای گەورە لە بەندە ڕازی دەبێت بەهۆی ئەوەی کاتێک بەندە خواردنێک دەخوات ؛ حەمد وسوپاس وستایشی خودا دەکات،وخواردنەوەیەک دەخواتەوە ؛ حەمد وسوپاس وستایشی خودا دەکات».

سێ سوود لەو فەرموودەیەدا:

یەکەم ــ بەخشندەیی وڕێزلێنانى خواى گەورە لە نەوەکانى ئادەم، ئەو زاتە ڕزق وڕۆزی دەبەخشێت و لەبەرامبەردا تەنها داواى حەمد وستایش دەکات.

دووەم ــ ڕازی بوونی خوای گەورە لەوەیە بە هۆی کەمترین شتەوە جێبەجێ ببێت وەکو حەمد وسوپاسکردنی خوای گەورە لە پاش خواردن وخواردنەوەکان.

سێیەم ــ لە ئادابەکانى خواردن وخواردنەوە: حەمد وستایشکردنی خواى گەورە لەپاش هەموو خواردن وخواردنەوەیەک.

٦ــ بەندایەتی ڕاستەقینە لە سوپاسگوزاریی کردنی خودا دایە: {واشكروا نعمت الله إن كنتم إياه تعبدون} [النحل: 114] سوپاسی چاکەی خواش بکەن ئەگەر تەنیا ئەو دەپەرستن ئەگەر ئێوە دەتانەوێ بەتەنیا بەندایەتی بۆ خوا بکەن سوپاسی چاکەکانی خوابکەن یاخود: ئەگەر ئێوە خواپەرستن سوپاسی چاکەکانی خوا بکەن.

کەواتە: بەندایەتیی کردن بۆ خواو سوپاسکردنی چاکەکانی خوا، دوو شتی تێکهەڵکێشن، ئەگەر خوا پەرست بی سوپاسگوزاریش دەبی بۆ خوا، هەروەها ئەگەر سوپاسگوزارییش بکەی بۆ خوا بەندایەتیی بۆ خوا دەکەی، ئەم دووانە شتی تێکهەڵکێش و لێك جیانابنەوە، هەر کامێکیان ئەوی دیکە پەلکێش دەکات، هەر کامێکیان خوازیاری ئەوی دیکەیە. واتە: ناگونجێ مرۆڤ بەندایەتیی بۆ خوا بکات و بۆشی سوپاسگوزار نەبێ، دیسان ناگونجێ مرۆڤ سوپاسگوزار بێ بۆ خواو بەندایەتیشی بۆ نەکات.

٧ــ سوپاسگوزاریی کردن دەبێتە هۆی بەدەست هێنانی پاداشتی بەرزی خودا: {وسيجزي الله الشاكرين } [آل عمران: 144] وە لەمەوە دوا خوا پاداشتی سوپاسگوزاران دەداتەوە.

٨ــ وریا بین نیعمەتەکانی خوا لەخۆمان نەگۆڕین:  ﴿ذ الك بأن ٱلله لم یك مغیرا نعمة أنعمها علىٰ قوم حتى یغیروا۟ ما بأنفسهم وأن ٱلله سمیع علیم﴾ [الأنفال ٥٣] ئەو (سزادان)یەش  لە سۆنگەی ئەوەوەیە کە (یاسایەکی خوایە) خوا چاکەیەك کە لەگەڵ کۆمەڵێکیدا کردووە، لێیان (بە سزا و بەڵا) ناگۆڕێ، تاکو ئەوان حاڵەتی خۆیان (لە چاکییەوە بۆ خراپیی) نەگۆڕن، وە بێگومان خوا بیسەری زانایە. ئەمە دیارە یاسایەکی دیکەی خوای کاربەجێیە لە ژیانی مرۆڤدا، کە خوا  سبحانە وتعالی چاکەکەی بە باڵاو نیعمەتەکەی بە نیقمەت ناگۆڕێ، تاکو خەڵك لە چاکەوە ناگۆڕێن بۆ خراپە، بەڵام کاتێك کە ئەوان له چاکەوە بۆ خراپە خۆیان دەگۆڕن

واتە: خۆیان وا لێدەکەن شایستەی  سزادان بن، خوای پەروەردگار ئەو کاتە سزایان دەدات، وە بۆ خۆیان پڕ بە پێستە، ئاوا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.

بۆیە دەفەرمووێ : ﴿وأن ٱللە سمیع علیم﴾ واتە: وە بێگومان خوا بیسەری زانایە. خوا هەم ڕواڵەتیان ئاگادارە و هەم پەنهانیان، قسەکانیان کە دەیانکەن، دەیانبیستێ، وە نیاز و مەبەست و خوتخوتە و خولیاکانیشیان کە لە دڵ و دەروون و سینەیاندا هەن دەیانزانێ، بۆیە بە پێی ئەوە کە هەڵدەگرن و شایستەیانە، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.

هەڵبەتە ئەوە پەندێکی گەورەی لێوەوردەگێرێ، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ لە خۆی وریا بێ، شایستەی سزادانی خوای پەروەردگاری خۆی نەبێ، بەڵکو خۆی وا لێبکات، کە خوا هەر بە فەزاڵ و چاکە وبەخششی خۆی  مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

۹ــ دەبێ ئاگادار بین لەسەر هەموو نیعمەتەکانی لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکرێ: ﴿ثم لتسألن يومئذ عن النعيم﴾ [التكاثر ٨]  ئنجا لەو ڕۆژەدا لێتان دەپرسرێتەوە لەو نازو نیعمەت وخێرو خۆشییەی لە دنیادا بۆتا ڕەخسێنراوە، لێتان دەپرسرێتەوە لە وردو درشتی، ئایا چۆن مامەڵەتان بە نازو نیعمەتەکانەوە کردوە؟ ئایا کردووتانن بەهۆکاری خۆ پێبادان و خۆ پێهەڵکیشان بەسەر ئەم و ئەوداو، لە خۆتاندا قەتیسان کردوون و بەشی خەڵکی دیکەتان لێنەداون، وەك: کرمەگڵخۆرکە هەر خۆتان بە تەنیا دەمتان لەو نازو نیعمەتانەوە ناوەو ئاوڕتان لە خەڵکی دیکە نەداوەتەوەو سەرتان بەرەو ئاسمان هەڵنەبڕیوە! یاخود مافی خواو خەڵکیشتان تێیدا ڕەچاو کردوون و وەك سپاردەیەکی خوایی لە دەستان دا تەماشاتان کردوون؟!

بەدڵینایی لێپرسرانەوەمان لە بارەی نازو نیعمەتەکانی خواوە، کە لەم ژیانە دنیاییەدا پێیداوین، تاکو بتوانین ژیانی ڕاگوزەرو کاتیی دنیامان بەشێوەیەکی شایستە بگوزەرێنین، شتێکی یەکجار مەترسییدارو هەستیارو گرنگەو پێویستی بە وریاییەکی زۆردەکات، تاکو لەسەر چاکەونیعمەتەکانی خوا کە لە ژمێرە نایەن، قەرزدارو شەرمەزارنەبینەوە.

لە فەرمایشتێکدا هاتووە: عن جابر ، قال : أتاني النبي ﷺ وأبو بكر وعمر، فأطعمتهم رطبا وأسقيتهم ماء، فقال النبي صلى الله عليه وسلم : «هذا من النعيم الذي تسألون عنه».

رواه ٲحمد: (۱٤٦۳۷) وقال: شعيب الٲرنؤوط: ٳسناده صحيح علی شرط مسلم. والنسائي في المجتبی: (۳٦۳۹) وفي (السنن الكبری): (٦٤۳۳۰)  والطيالسي: (۱۷۹۹)، وٲبو يعلی: (۱۷۹۰)، والطبري في (تفسيره) ۲۸٦/۳۰، وابن حبان (۲٤۱۱)، والبيهقي في  (الشعب) (٤٦۰۰) وعن ٲبي هريرة عند مسلم: (۲۰۳۸)، وابن ماجه (۳۱۸۰).

واتە: جابیری کوڕی عبداللە ــ خوا لێیان ڕازی بێت ــ دەڵێ: پێغەمبەری خواو ﷺ  ئەبوو بەکرو عومەر هاتن بۆ لام، منیش  فەریکە خورمام پێدان، هەروەها ئاویشم دانێ،  پێغەمبەری خوا فەرمووی: «ئەمە لەو نازونیعمەتەیە کە لەبارەیەوە لێتان دەپرسرێتەوە».
۱۰ــ پێویستە سوپاسگوزار بین بەرامبەر چاکەی خەڵك: عن أبي هريرة ، قال : قال رسول الله ﷺ: «من لم يشكر الناس لم يشكر الله عز وجل».

رواه ٲحمد: (۷٥۰٤)، وقال شعيب الٲرنؤوط: ٳسناده صحيح رجاله ثقات رجال الصحيح، وٲبوداود: (٤۸۱۱)، والترمذي: (۱۹٥٤)، وقال: هذا حديث حسن صحيح، والبخاري في (الٲدب المفرد) (۲۱۸). وقال ٲحمد شاكر في (مسند أحمد تحقيق شاكر) – رقم الحديث أو الصفحة: (۸۳/۱٥).إسناده صحيح

لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێ: پێغەمبەری خودا -ﷺ- فەرموویەتی: «هەر کەسێك سوپاسی خەڵك نەکات سوپاسی خوداش ناکات».

١١ــ ئەوەی منەتی بە چاکەی کەم نەبێ، منەتی بە چاکەی زۆریش نیە: عن النعمان بن بشير قال : قال النبيﷺ على المنبر : «من لم يشكر القليل لم يشكر الكثير، ومن لم يشكر الناس لم يشكر الله عز وجل، والتحدث بنعمة الله شكر، وتركها كفر، والجماعة رحمة، والفرقة عذاب». رواه ٲحمد: (۱۹۳٥۰)، وابن ٲبي الدنيا في فضيله الشكر: (٦۲/۱، رقم ۸۲)، والبيهقي في (الشعب)،(٤۱۰٥) وقال: ابن مفلح في (الآداب الشرعية) (۳۱۳/۱) فهو حديث حسن .

نوعمانی کوڕی بەشیر ــ خوا لێی ڕازی بێ ــ دەڵێ:
پێغەمبەری خودا -ﷺ- لەسەر مینبەر فەرمووی: «هەر کەسێك سوپاسگوزاریی لەسەر شتی کەم نەکات سوپاسگوزاریی زۆریش نەکات، وە هەر کەسێك سوپاسگوزاریی خەڵکی نەکات (کاتێك کە چاکەیان لەگەڵ کردوە) ئەوە سوپاسگوزاریی خواش ناکات، باسکردنی نیعمەتی خوا سوپاسگوزاریی کردنیەتی، وەباس نەکردنی کوفر کردن و سپڵەییە، وە ڕەحمەت لە جەماعەت و یەك دەنگ بوونە، وە سزاش لە پارچە پارچەیی و دووبەرەکییە».

-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*

نووسینی/ م. سەرهەد خەلیفانی

 

پێشنیارکراو

بۆچی دوعاكانمان گیرا نابێت ؟

بۆچی دوعاكانمان گیرا نابێت؟

سەرەڕای ئەوەی موسوڵمانان دوعاو نزاو پاڕانەوەی زۆر دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دوعاكانیان لە ئێستادا …