مرۆڤی بڕوادار هەمیشە ئومێدەوارو دڵخۆشە، لە پەروەردگاری خۆی زۆر ڕادەبینێ، بۆیە بەو پەڕی هیوا و گەشبینییەوە بەسەر سەختی و تەنگییەکانی ژیاندا زاڵدەبێ.
١ــ سەرەتا پێناسەی: التفٲؤل: بریتییە لە چاوەڕوانکردنی بەدەستهێنانی خێر و خۆشی لە داهاتوودا.
پێچەوانەکەیشی بریتییە لە (التشاؤم) کە واتای ڕەشبینی و چاوەڕوانکردنی خراپە و نەهامەتیە لە داهاتوودا.
٢ــ گەشبینی وا دەکا مرۆڤ بتوانێ ڕووبەرووی قورسی ژیان ببێتەوە کەسانی گەشبین لە سەخترین بارودۆخەکاندا دەتوانن هیوایەکی کەم بدۆزنەوە و بۆ سبەینێیەکی باشتر هەوڵ بدەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ژیاندا کەمتر فشاریان بکەوێتە سەر و لە زۆربەی کێشەکانیان بتوانن بڕیاری دروست بدەن: خوا سبحانە وتعالی دەفەرمووێ ﴿ما اصاب من مصیبة فی ٱلارض ولا فی انفسكم الا فی كتـب من قبل ان نبراهاۚ ان ذ لك على ٱلله یسیر ٢٢ لكيلا تأسوا على ما فاتكم ولا تفرحوا بما آتاكم والله لا يحب كل مختال فخور ٢٣﴾ [الحديد ٢٢-٢٣]
(ئەی بڕوادارینە!) هیچ بەڵایەکتان تووش نابێ (نە) لە زەویداو نە لەخودی خۆشتاندا، مەگەر لە نووسراوێك دایە، بەر لەوەی بیهێنینە دی، بەدڵنیایی ئەوە لەسەر خوا ئاسانە ٢٢ (ئەو ڕاستییەمان پێگوتن) تاکو لەسەر ئەو (بەرژەوەندیی)ەی لە دەستان دەچێ، زۆر خەفەتبار نەبن و، بەهۆی ئەو (سوود)ەشەوە کە (خوا) پێتان دەدات، زۆردڵخۆش نەبن و، خواش هەر لە خۆباییەکی شانازییکەری خۆشناوێ ٢٣﴾
(تاسوا): سەختترین خەفەت و ناڕەحەتیی ئەوپەڕی دڵتەنگییە ؛ (فات): لەناوچوو ؛ (مختال): ئەو کەسایە کە لە خەیاڵی خۆیداو لە دەروونی خۆیدا، خۆی پێ گەورەبێ و، خۆی پێ پەسند بێ و بوغڕابێ، (فخور)یش ئەوەیە بەسەر خەڵکیدا شانازیی بکات.
ئنجا (اتاكم)، خوێندراویشەتەوە (ٲتاكم) واتە: بۆتان دێ، (اتاكم)، واتە: (ٲعطاكم)، واتە: پێی داون.
شتێکی ئاشکرایە: مرۆڤ وەختێ خێرو بەرژەوەندییەکی لە دەست دەچێ، بۆ وێنە: منداڵێکی دەمرێ، خزمێک و دۆست و خۆشەویستێکی دەمرێ، یان لە بازرگانییەکەیدا زیانێک دەکات، خانووەکەی لێ دەڕووخێ، ئاژەڵەکەی لێ دەمرێ، بەرژەوەندییەکی لێ تێکدەجێ، بەدڵنیایی پێی دڵتەنگ دەبێ، هەروەها بەدستەبەر کرانی بەرژەوەندیی و خێرو چاکەیەکیش، دڵخۆش دەبێ
کەواتە: چۆن خوا دەفەرمووێ: بەوە دڵتەنگ مەبن، هیچ دڵتەنگ مەبن! هەروەها بەدستەبەر کرانی بەرژەوەندیی و خێرو چاکەیەکیش، دڵخۆش مەبن! نا یانی: با ئەوپەڕی دڵتەنگییتان بۆ دروست نەبێ،و ئەوپەڕێ شادمانیی ودڵخۆشییتان بۆ دروست نەبێ، ئەگەر نا مانەی وایە خوا شتێکی لە بەندەکانی داواکردبێ، لە توانایاندا نیە! چونکە (الٲسی: ٲشد الحزن)،
واتە: سەختترین خەفەت و ناڕەحەتیی ئەوپەڕی دڵتەنگیی و، (الفرح: ٲشد السرور)، ئەو پەڕی دڵخۆشیی.
ئینجا بۆچی خوا سبحانە وتعالی لێرە ئەوە ڕادەگەیەنێ؟ دەڵێین: چونکە ئایەتەکانی پێشێ فەرمانیان کرد بە فیداکاریی لە پێناو خواداو، ماڵ و سامان بەخشین لە پێناوی خوادا، ئنجا وەختێ مرۆڤ ڕێی فیداکاریی بگرێتەبەر ، تووشی ناڕەحەتیی و بەڵاو گرفتارییش دەبێ، تووشی زیان لێ کەوتنی ماددیی و بەڵا بەسەرهاتن دەبێ ، بۆیە دەفەرمووێ: ئەگەر نەهاتتان بوو، زۆر دڵتەنگ و خەفەتبار مەبن و ئەگەر هاتیشتان بوو، زۆر دڵخۆش و شادمان مەبن.
ئایەتەکانی پێشێش باسی ژیانی دونیایان کرد، چۆنە! ئینجا ژیانی دونیا وەک خوا سبحانە وتعالی پێناسەی کردوە، لە ڕووە مادییەکەوە، ئاوا تەماشای بکەن ئەو کاتە نە بە هاتی دونیا، زۆر دڵخۆش دەبی، نە بە نەهاتەکەشی، زۆر خەفەتبارو دڵتەنگ دەبی، وەك کوردەواریی خۆمان دەڵێن: (فڵانکەس هێندە خەفەتبارە، دەڵێی لە ژێر درەختێکە یەك گەڵای پێوە نیە)، یان ئەگەر کەسێ بە شتێکی کەم خەفەتبار بێ، دەگوترێ: (فڵانکەس دڵی وەك شارە مێروویە، بە دڵۆپە ئاوێك وێران دەبێ)، یان دەگوترێ: (فلانکەس بەلەمی نقووم بووە)، خواش سبحانە وتعالی مسوڵمانان پەروەردە دەکات و دەفەرمووێ: نە بەهات زۆر دڵخۆش بن و، نە بە نەهات زۆر دڵتەنگ بن.
یەکێك لە زانایان لە تەفسیری ئەم ئایەتە موباڕەکاندا دەڵێ: کە خوا دەفەرمووێ: ﴿ لكیلا تاسوا ﴾ ئەو (ل)ە (لام التعليل)ە، یانی: ئەومان بۆیە ڕوونکردنەوە، تاکو زۆر خەفەتبار نەبن، بەشتێك کە لەدەستان دەچێ و، زۆریش دڵخۆش نەبن بە شێتك کە دێتە دەستتان، یاخود پێتان دەدات. واتە: بۆیە ئەوەمان پێ ڕاگەیاندن، تاکو کارزان و بینەربن و، بزانن کە هەموو ئەوانە، (بەڵاتان کە بەسەر دێ، خۆشیی و ناخۆشیی کە دێنە ڕێتان) هەمووی هۆکاری هەیە، ئەم دونیایە سیستمێکی پێکەوە پەیوەستی هەیەو، شوێنەوارەکان لە دوای کارتێکەرەکان هەر پەیدادەبن و هیچ چار نیە (کەسێ ژەهر بخوات دوای ژەهرەکە، شوێنەواری لە جەستەیدا پەیدا دەبێ، هەروەك کەسێ خواردنێکی بەسوود بخوات، شوێنەواری لە جەستەیدا پەیدادەبێ).
هەروەها ئامانجێکی دیکەی ئەو ڕاستییانەی خوا باسیکردوون، لەم ئایەتە موباڕەکانەدا، ئەوەیە کە هەر کام لە خۆشییان و لە ناخۆشییان سەرئەنجام بەرەو کۆتایین، واتە: زۆر دڵخۆش مەبن بە هات و، زۆریش دڵتەنگ مەبن بەنەهات، چونکە سەرئەنجام ژیانی دونیا کەمەو کەمی بە بەرەوەیەو زوو دەبڕێ و، هەرچۆن بێ، خۆشیی و ناخۆشیی سەرئەنجام کۆتاییان پێ دێ و دەبڕێن.
٣ــ گەشبینی یەکێکە لە ڕەوشتە ئیمانیەکان عەزیمەتی مرۆڤ بەهێز دەکا، هەبوونی ئومێد وگەشبینی هێزێکی مەعنەوی مەزنە، وهەروەها پشتبەستنە بەخودای گەورەو متمانە بوونە بە بەڵێنەکانی، گەشبینی ڕەفتارێکی هەمیشەیی و بەردەوامی پێغەمبەران بووە: خوا سبحانە وتعالی دەفەرمووێ ﴿ يا بني اذهبوا فتحسسوا من يوسف وأخيه ولا تيأسوا من روح الله إنه لا ييأس من روح الله إلا القوم الكافرون ٨٧﴾ [يوسف -٨٧]
گوتی: ئەی ڕۆڵەکانم! بڕۆن بە دوای یوسوف و برایەکەیدا بگەڕێن (لێیان بخەفتێن و) لە بەزەیی و دەروو کردنەوەی خوا، نائومێد مەبن، بەدڵنیایی جگە لە کۆمەڵی بێبڕوایان، کەس لە بەزەیی و دەرووکردنەوەی خوا، بێ هیوا نابێ.
توێژینەوەی ئەم ئایەتە لە چوار بڕگەدا
یەکەم ــ ﴿ یـابنی ٱذهبوا ﴾ ئەی کوڕەکانم! بڕۆن، بۆ کوێ بچن؟ یانی: ( ٱذهبوا ٳلی مصر) بچنەوە بۆ میسڕ، بچنەوە بۆ ئەو وڵاتەی هەر سێ کوڕەکانی لێ گرفتار بوون، دیارە یەعقووب ــ علیە السلام ــ گومانێکی زاڵی بووە، یان ڕەنگە لەلایەن خواوە دڵنیا کرابێتەوە، کە یوسوفیش هەر لە میسڕە، بۆیە دەڵێ: ﴿ یـابنی ٱذهبوا فتحسسوا من یوسف واخیه ﴾ ئنجا یان گومانێکی زاڵی بووە، یاخود خوا دڵنیای کردۆتەوە کە یوسوفیش هەر لە میسڕە ماوە.
دووەم ــ ﴿ فتحسسوا من یوسف واخیه ﴾ بخەفتێن، بگەڕێن بە دوای یوسوف و برایەکەی دا.
(تحسس) بریتیە لە زۆر بەدوای شتێکدا گەڕان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی، بەڵام (تحسس) گشتییترە لە (تجسس) چونکە (تجسس)
بریتیە لەوەی کە مرۆڤ لە کاتی پەنهان داو، بەشێوەیەکی پەنهان و پەنامەکی لە شتێك بگەڕێ، بەڵام (تحسس) گشتییە، چ بە پەنامەکیی، چ بە ئاشکرا.
هەڵبەتە بۆیە باسی برا گەورەکەیان ناکات، چونکە ئەو بۆ خۆی نەهاتۆتەوەو لە میسڕەو، دەزانن ئەو لەوێ ماوەو سەرئەنجامی دیارەو، بۆ خۆی نەگەڕاوەتەوە، بۆیە یەعقووب ــ علیە السلام ـ باسی کوڕە گەورەکەی ناکات.
سێیەم ــ ﴿ ولا تایـٔسوا من روح ٱللە ﴾ لە بەزەیی خواش، لەدەرووی خێری خوا، نائومێد مەبن.
﴿ روح ٱللە ﴾ واتە: (روح) بە مانای هەناسەدانەو، خوازراوەتەوە بۆ لاچوونی خەم و خەفەت و دەروو لێکرانەوە، چونکە خەفەت و دڵ ناڕەحەتیی، وشەی (غم)یان بۆ بەکاردێ و، وشەی تەنگەنەفەسیی و، سینە تەنگیی وتەنگە نەفەسییان بۆ بەکاردێ، ئنجا (روح)، بریتیە لە هەناسەدان، ( چونکە مرۆڤ بەچی دڵی تەنگ دەبێ و پشووی سوار دەبێ ؟ بێگومان بە هۆی کەمیی هەواوە، کە مەجالی نیە هەناسە هەڵکێشێ، بەڵام کە هەناسەی هەڵکێشا، کە ئوکسجینە، ئەو کاتە جۆرێك لە فەڕاحنایی بۆ دێ، ئەگەر پێشێ سینەی هاتۆتەوە یەكو پشووی سوار بووە، ئنجا دڵی دەکرێتەوەو سینەی گوشاد دەبێ)، یاخود مەبەست لە (روح)، بەزەیی خوایە، چونکە بەزەیی خوا هۆکارە بۆ ئاسوودەیی مرۆڤ و فەڕاحنایی هاتن بۆ مرۆڤ، بۆیە توێژەرەوانی قورئان وشەی (روح) یان بە دەرووی خێر، یان بە بەزەیی خوا، لێك داوەتەوە، کە لە ئەسڵدا وشەی (روح)، یانی نەفەس کێشان وهەناسە هەڵمژین.
چوارم ــ ﴿ انه لا یایـٔس من روح ٱلله الا ٱلقوم ٱلكـفرون ﴾ بێگومان هیچ کەس لە دەرووی خێری خواو فەڕاحنایی خواو لە بەزەیی خوا نائومێد نابێ، بێجگە لە کۆمەڵی کافران، چونکە مرۆڤ ئیماندار خوای پەروەردگار دەناسێ، کە خاوەنی بەزەیی و کەڕەمی بێسنوور و لوتف و بەخششی بێسنوورە، بۆیە هەرگیز نائومێد نابێ! لە تەنگانەترین کاتیشدا، ئەوانەی کە نائومێد دەبن لە بەزەیی خوا، لەبەر ئەوەیە کە خوا ناناسن، هەر کەسێك خوا بناسێ، دەزانێ کە سیفەتەکانی خوا، چ بەزەیی خوا، چ زانیاریی خوا، چ حیکمەتی خوا، چ دەسەڵاتی خوا، چ کەڕەم و بەخششی خوا، سنووری نیە، ئنجا کە سنووری نیە، یانی: بەشی هەموو کەس و هەموو شتێك دەکات و، بەشی هەموو حەڵان دەکات.
(قال القرطبي في تفسيره (دليل على ان القنوط من الكبائر) (۲۲۰/۹) قوڕتووبی:لە تەفسیری خۆیدا دەفەرمووێ: ئەم ئایەتە بەڵگە لەسەر ئەوەی بێ ئومێدی بوون لە بەزەیی خودا لە تاوانە گەورەکانە.
((عن ابن عباس «ان رجلا قال: يا رسول الله، ما الكبائر؟ قال: “الشرك بالله، والاياس من روح الله، والقنوط من رحمة الله»” )). رواه البزار والطبراني، وقال الهيثمي: ورجاله موثقون. وقال العراقي: اسناده حسن.
لە ئیبنو عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەفەرموێت: « بێگومان پیاوێك گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ گەورەترینی تاوانەكان کامەنەن: فەرمووی: شیرک وهاوبەشدانان بۆ خوای گەورە، بێ هیوا بوون لە ڕەحمەتی خوای گەورە، بێ ئومێدی لە هاتنی هێوری وئارامی لە لایەن خوای گەورەوە».
(يٲس): بریتیە لەوە کە مرۆڤ ئومێدی بە شتێك نەمێنێ.
(قنوط): بریتیە لە نائومێد بوون لە چاکە.
حیکمەتی بەکارهێنانی ئەو دوو وشەیەش ئەوەیە: (( اليٲس: فعل قلبي والقنوط ٳنفعال بدني من ٲثر اليٲس)، (يٲس): بریتیە لە کردەوەیەکی دڵیی، بەڵام (قنوط) دەرکەوتنی ئەو حاڵەتە دەروونییەیە لەسەر دەم و چاو، ئەمە تەعبیرێکی جوانە
٤ــ مرۆڤی گەشبینی هیچ کاتێك تەمابڕاو نابێت لە بەزەیی خودا، ئەوەتا پێغەمبەر ئیبڕاهیم ــ عليه السلام ــ ئەو کاتەی موژدە منداڵی پێ دەدەن، دەبێ ئەو کات تەمەنی شتێك لە سەد (١٠٠) ساڵ کەمتر، یاخود لە سەد (١٠٠) ساڵیش زیاتر بووبێ، هەروها سارا خانیش تەمەنی لە سەرووی نەوەد (٩٠) ساڵەوە، یاخود نزیکی سەد بووبێ هەر چۆن بێ، تەمەنیان زۆر بووە. خوا سبحانە وتعالی دەفەرمووێ: ﴿قالوا بشرنـك بٱلحق فلا تكن من ٱلقـنطین ٥٥ قال ومن یقنط من رحمة ربه الا ٱلضالون ٥٦﴾ [الحجر ٥٥-٥٦]
﴿ گوتیان: موژدەی ڕاستمان پێدای ! لە بێ هیوایان مەبە ! ٥٥ گوتی: ئەی نێردراوانی خوا ! جگە لە گومڕایان، کێ لە بەزەیی پەروەردگاری نا ئومێد دەبێ ! ٥٦﴾
ئینجا بە دوو شێوە دەخوێنرێتەوە، دەگونجێ بڵێی: ﴿ قال ومن یقنط من رحمة ربه ﴾ يان ﴿ قال ومن یقنط من رحمة ربه ﴾
ئنجا لەفەرمایشتێکدا هاتووە (عن فضالة بن عبيد ، عن النبي ﷺ قال : ” ثلاثة لا يسال عنهم : رجل فارق الجماعة ، وعصى امامه فمات عاصيا ، فلا تسال عنه ، وامة او عبد ابق من سيده ، وامراة غاب زوجها ، وكفاها مؤونة الدنيا فتبرجت وتمرجت بعده ، وثلاثة لا يسال عنهم : رجل نازع الله رداه ، فان رداه الكبريا ، وازاره عزه ، ورجل شك في امر الله ، والقنوط من رحمة الله ” . ٲخرجه ٲحمد: (۲۷۷٥۲) وقال شعيب الٲرنؤوط: ٳسناده صحيح ، رجاله ثقات. والبخاري في الٲدب المفرد: (٥۹۰) والبزار: (٣٧٤٩) والطبراني في الكبير: (۷۸۸) وابن منده في التوحيد: (۳٥٥) والحاكم: (٤۱۹) وقال: هذا حديث صحيح على شرط الشيخين ووافقه الذهبي. والبيهقي في شعب الٳيمان: (۷۷۹٦).
واتە: فوزاڵەی کوڕی عوبەید ــ خوا لێ ڕازی بێت ــ لە پێغەمبەرەوە ﷺ دەگێرێتەوە فەرموویەتی: سێ کەس هەن پرسیاریان لەبارەوە ناکرێ (بە دڵنیایی دەبێ بزانرێ تووشی لەنێوچوون بوون): پیاوێك جیابووێتەوە لە کۆمەڵ (ی مسوڵمانان) و سەرپێچی پێشەوایەکەی کردبێ و، بە سەرپێچیەوە مردبێ، ئا ئەو کەسە پرسیاری لەبارەوە مەکە، وە کەنیزەکێك یان کۆیلەیەك لە دەست گەورەکەی ڕایکردبێ، وە ئافرەتێك مێردەکەی لە لای نەبێ و، مێردەکەی هەموو خەرجیەکانی بۆ دابین کردبێ، ئەویش لەش ولاری خۆی دەربخات و پۆشاکی ڕووت بکاتە بەری لە دوای (ڕۆیشتنی) مێردەکەی، هەروەها سێ کەسی دیکەش هەن پرسیاریان لە بارەوە ناکرێ(دڵنیابن ئەوانیش تووشی لەناوچوون بوون) پیاوێك خۆ بە گەورەزان بێ و کێبڕکێ لەگەڵ خوا بکات لەم سیفەتەدا، لە کاتێکدا خۆبەزلزانی تایبەتە بە خوا، هەروەك چۆن بەدەسەڵاتی تایبەتە بە ئەو، هەروەها پیاوێك گومانی لە فەرمانی خواو ئاینی خوا هەبێ، هەروەها نائومێدبوون لە بەزەیی و میهرەبانی خوا.
٥ــ گەشبینی وئومێد بوون بە خوای پەروەردگار هێز و ورەیە، سەرکەوتن و ئایندەیە ﴿ … ان ٱلله بـلغ امرهۚ قد جعل ٱلله لكل شی قدرࣰا﴾ [الطلاق ٣] بێگومان خوا کاری خۆی دەگەیەنێتە جێ، بە دڵنیایی خوا ئەندازەی داناوە بۆ هەموو شتێك.
کەواتا وامەزانن کە تۆ هەر شتێکت ویست لەو کاتەدا، کە دەتەوێ و، لەو شوێنەدا کە دەتەوێ، خوا بۆت دەکات خوای پەروەردگار دەفەرمووێ: بەدڵنیایی خوا کار ی خۆی دەگەیەنێتە جێ، واتە: دەیگەیەنێتە کۆتایی و بەئامانجی دەگەیەنێ، بەڵام ئایا لەو کاتەدا کە ئێمە چاوەڕی دەکەین، یان بەو شێوەیە ئێمە چاوەڕێ دەکەین؟ مەرج نیە، خوا سبحانە وتعالی بۆ هەر شتێك ئەندازەیەکی داناوەو، لە کاتی خۆیدا، لە شوێنی خۆیدا، کارەکانی خۆی دەکات.
(ان ٱلله بـلغ امره) بێگومان خوا گەیەنەری کارەکەیەتی، ئەمە خوێندراویشەتەوە: ( ان ٱلله بالغ امره)، بەتەنوین، یانی: خوا بە ئەنجام گەیەنەری کاری خۆیەتی.
٦ــ هیچ کاتێك لە تەنگی و ناخۆشیدا ڕەشبین و نائومێد مەبە ﴿ وإذا أنعمنا على الإنسان أعرض ونأى بجانبه وإذا مسه الشر كان يئوسا ﴾[ الاسرا: 83]
﴿هەر کاتێکیش چاکەمان لەگەڵ مرۆڤی بێبڕواداکرد ڕوو وەردەگێڕێ و لاتەنیشتی وەدوور دەخات و، هەر کات زیان و خراپەشی تووش بوو، زۆر نائومێد دەبێ.
مانای گشتی ئەم ئایەتە
﴿ وإذا أنعمنا على الإنسان أعرض ونأى بجانبه وإذا مسه الشر كان يئوسا ﴾
هەر کاتیش چاکەمان لەگەڵ مرۆڤدا کرد، ڕوو وەردەگێڕێ، ڕوو وەرەدەچەرخێنێ و پشت هەڵدەکات، ﴿ ونأى بجانبه ﴾ تەنیشتی خۆیشی دووردەخاتەوە، کەلەکەی خۆی قووڵ دەکات دەسووڕێتەوە، یاخود تەنیشتی تێدەکات نەك ڕووی تێبکات.
یاخود مەبەست لە: ﴿ ونأى بجانبه ﴾ یانی: خۆی بەزلگرت، چونکە ئەم تەعبیرە لە زمانی عەرەبییدا بۆ خۆبەزلگرتنیش بەکاردەهێندرێ، وەك چۆن دوورکەتنەوە لە شێتك بەکار دێ.
ئنجا بە دڵنیایی لێرەدا مەبەست لە (الٳنسان) کە (الــ)ی ناساندنی لەسەرە، ئەم (الــ)ە بۆ،جینسی نیە، چونکە مرۆڤە بڕوادارەکان وانین، بەڵکو بۆ (عهد)ە یانی: ئەو مرۆڤانەی کە پێشتر قسە لە بارەیانەوە کراوە، ئەو مرۆڤانەی کە ڕوو لە هیدایەتی خوا ناکەن، مەبەست پێی ئەوانە، یانی: مرۆڤی بێبڕوا، ﴿ واذا مسه ٱلشر كان يـٔوسٗا ﴾ هەر کاتێك خراپە و زیانێکی تووش بوو، زۆر نائومێدە، ﴿ يـٔوسٗا ﴾ ڕێژگەی زێدەڕۆییە لە (يائس) نائومێد، بەڵام (يئوس) واتە: زۆر نائومێد و تەمابرواوو بێ هیوا.
٧ــ هەمیشە هەوڵبدە با قسەکانت ئومێد بەخش بێت و گەشبینی لێوە بەدی بکرێ، (عن ابي هريرة قال : سمعت رسول الله ﷺ يقول : ” لا طيرة ، وخيرها الفال “. قالوا : وما الفال ؟ قال : ” الكلمة الصالحة يسمعها احدكم “. متفق عليه ٲخرجه البخاري: (٥۷٥٤) ومسلم: (۲۲۲۳) وٲحمد: (۹۲٦۲) وٲبوداود: (۳۹۱٦) والترمذي: (۱٦۱٥) وقال: هذا حديث حسن صحيح. وابن ماجه: (۳٥۳۷).
ئەبو هوڕەیڕە ــ خوا لێ ڕازی بێت ــ دەڵێ: لە پێغەمبەری خوام ﷺ بیست دەیفەرموو: ((شوم بوونی نیە، چاکترینی شووم تەفائولە گەشبینیە))، عەرزیان کرد: تەفائول گەشبینی چییە؟ فەرمووی: ((وشەیەکی چاك و باشە یەکێکتان دەیبیستێ)).
[قال الحليمي : وانما كان – ﷺ – يعجبه الفال لان التشاؤم سو ظن بالله – تعالى – بغير سبب محقق ، والتفاؤل حسن ظن به ، والمؤمن مامور بحسن الظن بالله – تعالى – على كل حال .] فتح الباري (۲۲٥/۱۰)واتە: حەلیمی: دەڵێ: بۆیە پێغەمبەری خوا ﷺ
حەزی بە گەشبینی بووە، لەبەر ئەوەی بێگومان ڕەشبینی گومانی خەراپ بردنە بە خودا بێ هیچ هۆکارێکی ڕاستەقینە و تەواو، وگەشبینی گومانی باش بردنە بەخودا، و بڕواداریش فەرمانی پێ کراوە بەگومانی باش بردن بەخوای گەورە لە سەر هەموو بار ودۆخێکەوە.
عن ابي هريرة ، ان رسول الله ﷺ سمع كلمة فاعجبته، فقال : ” اخذنا فالك من فيك “. رواه ٲحمد: (۹۰٤۰) وٲبوداود: (۳۹۱۷) وقال شعيب الٲرنؤوط: في تخرج سنن ٲبي داود: حسن لغيره، وهذا ٳسناد ضعيف لٳبهام الراوي عن ٲبي هريرة.
ئەبو هوڕەیڕە ــ خوا لێ ڕازی بێت ــ دەڵێ: پێغەمبەری خوا ﷺ گوێی لە وشەیەکی چاك و باش بوو، پێ خۆش بوو، فەرمووی: گەشبینیمان ناسیوو و بەدیمانکرد لە دەمتەوە.
کاریگەرییەکانی گەشبینی:
١. بەهرەمەندبوون لە تەندروستییەکی گشتی بەرزتر: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کەسانی گەشبین کەمتر دووچاری زیانە جەستەییەکان دەبن و تەندروستییەکی باشتریان هەیە، بۆنموونە کەسانی ڕەشبین زیاتر لە کەسانی گەشبین تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن و لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ شێرپەنجەدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە شکست دەهێنن، هەروەها ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە کەسانی ڕەشبین دا زیاتر دەبینرێت، کەسانی گەشبین دەتوانن خێراتر پەرە بە تواناکانیان بدەن و خۆیان بەرەو پێش ببەن.
٢. زیادبوونی خۆڕاگری و هەوڵدا: بەبەراورد بە کەسانی ڕەشبین، کەسانی گەشبین لە بارودۆخە قورسەکاندا بەئاسانی خۆیان بە دەستەوە نادەن.
ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵێکی زیاتر بدەن و ئەگەری سەرکەوتنیان زیاتر دەبێت.
٣. جۆش و خرۆشی تەندروست: گەشبینی دەتوانێت تاکوو ڕادەیەکی زۆر کاریگەری بکاتە سەر سەلامەتی دەروونی و زیادکردنی جۆش و خرۆشی ئەرێنی کەسەکان.
٤. کەمکردنەوەی فشار: کەسانی گەشبین لە ژیاندا کەمتر تووشی فشار دەبن، چونکە بەگشتی ئەو کەسانە متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەیە، لەبەرئەوە دڵنیان لەوەی کە لە داهاتوودا ڕووداوی باشیان بۆ دێتە پێش، بەشێوەیەکی سادە سەیری کێشەکان دەکەن، بەڵام ڕووداوە ئەرێنییەکان وەکوو نیشانەیەک دەبینن بۆ هاتنەپێشی زۆر ڕووداوی باش تر.
ئەم بیرکردنەوە ئەرێنیانە دەبێتە هۆی ئەوەی کەمتر بکەونە ژێر کاریگەری فشارەکان و بتوانن بەشێوەیەکی ئاسانتر خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکان بگونجێنن.
-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*
نووسینی: م.سەرهەد خەلیفانی