دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / رێگەى پێغەمبەرمان لە گۆڕین و چاکسازیدا.

رێگەى پێغەمبەرمان لە گۆڕین و چاکسازیدا.

ئەو جیهانەى کە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بەرەنگارى بوەوە:
ئەوکاتەى پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بوە پێغەمبەر , جیهان وەک بالەخانەیەک بو وەبەر بومەلەرزەیەکى بەهێز کەوتبێ و زۆر بە توندى راهەژابێ , لەگەلێک شوێندا بناغەو بانەکەى داڕوخاو تێشکابێ , لەگەلێک شوێنى تر داتەپی و داکەوتبێ , گەلێک شت لە شوێنى شیاوى خۆیان نەمابن و لەشوێنى تردا کەوتبن , شتیش هەبن بەسەریەکدا تێکڕوخاو وکەڵەکە بوبن.
محمد (صلى الله علیه وسلم) بەدیدى پێغەمبەرێتیەوە لەجیهانى روانى , مرۆڤێکى بینى لە مرۆڤێتى داشۆرابو , سوژدەى بۆ دارو بەرد و روبار و شتى وا دەبرد کە هێندەى نوکى دەرزیش زیان وقازانجى نەبێ.

مرۆڤێکى بەراوەژوى بینى کە عەقلیەتەکەى تێکچوبو و لە بەڵگەنەویستان و بابەتى رون و بێگرێ نەدەگەیشت , شیرازەى بیرى شپرزە ببو وبابەتێک تێوەرامانى بویستایە بەسادەیى سەیرى دەکرد و بابەتێکیش سادە بوایە لێى وەچەندوچونان دەکەوت و قوڵ دەبوەوە , ئەو شوێنەى کە خوازیارى بڕیارى دڵ بو لێى دودڵ بو , واى دەخواست لێى دودڵ بێ بەبێ سێ و دوو دڵنیابو , مرۆڤێک کە چێژەکەى هەڵبروسکا بو تاڵى بەشیرین وشیرنى بە تفت تام دەکرد و ژەمەنبوردەى ژەهرى مار بوو , مرۆڤێک کە هەستى ناجسن ببوو کینەى لە دوژمنى ستەمکار هەلنەدەگرت و دۆستى دڵسۆزیشى خۆشنەدەویست.
کۆمەڵگەیەکى بینى کەوێنەیەکى بچوکى جیهانى نیشان دەدا و هەمو شتێکى تێدا سەرەوژێر و جێى گۆرابو , گورگ شوان و ناحەزى زۆرداریش دادبەدەست بوو , پیاوى تاوانکار لەخۆخەنى و بەختەوەر و پیاوى چاکەکاریش لە بێ بەش و بەدبەخت بوو , چاکە بەستەزمان و ناپەسەند بوو خراپەى ناپەسەندیش چاکى هەرەچاک بوو گەلێک نەریت و باوى بینى کە مرۆڤایەتى وێران دەکرد و بەرەو هەڵدێرى فەوتانى دەبردن.

بینى خەڵک لە مەیخۆرى رۆچوون و هێندە مەستن بۆ سەرمەستى خەریکە نەتوانن بێ مەى بژین , داوێن پیسى و بەدرەوشتى لەوپەرى بێشەرمى دابوو , ریباکارى گەیشتبوە راددەیەک ماڵ و موڵک زەوت بکرێ , پول پەرستى و تەماحکارى خەڵکى بەرەو دڕندەیی و تالانکارى هەڵنابوو , ستەم و بێرەحمى گەیشتبوە راددەیەک کە کچۆلەى بێگوناح و لەگوڵ پاکتر زیندەبەچاڵ بکرێن و جگەرگۆشەکان لەبەر هەژارى بکوژرێن.

بینى پاشاکان زەوى خوایان پاوان کردوە و سەرجەم خەڵکیان کردۆتە کۆیلە , مالم و کەشیشەکان خۆیان لە خەڵک کردۆتە خواو بە نارەوا ماڵى خەڵک دەخۆن و کۆسپ دەخەنە سەر رێگەى خوا.

بینى بەهرەکانى مرۆڤایەتى بەشێوەیەکى راست و دروست ئاراستە ناکرێن و لەکارى بێکەڵک بە فیرۆ دەدرێن و لەجیاتى ئەوەى سود و قازانج ببەخشن دەردەسەرى دەنێنەوە وەک بەڵا لە باڵاى مرۆڤایەتى ئاڵاون , ئازایەتى بریتى بوو لەرەشەکوژى و تالان و بڕۆکردن , پیاوەتى ببوە ماڵ بەفیرۆدان و پاکوپوک کردن , جوامێرى ببوە فیزودەمارى نەفامیانە زیرەکایەتى بریتى بو لەساختە و پاختەسازى ئاوازیش بریتى بو لە ئامرازى داهێنانى تاوانى تازە و ئارەزو بازى .

بینى تاک و کۆمەڵ وەک کەرەستەى خاون بەڵام پیشەسازى دەستڕەنگین و زیرەکەکان لێ هەڵنەکەوتوە تا بۆ بنیادنانى پەیکەرى ژیار وەبارکار بن , وەک تەختەدارن بەڵام دارتاشێکى کارامەیان لێ پەیدانەبوە تا کەشتیەکەیان لێ دروست بکات و دەریاى ژیانى پێ ببڕن.

بینى گەلانى سەر روى زەوى وەک مێگەڵە مەڕى بێ شوانن , سیاسەت وەک وشترى هارى بێجڵەوى بەرهەلدایە و دەسەلات وەک شمشێرەو لەدەستى سەرخۆشان دایە و کورو براگەلى خۆیان پێ بریندار دەکەن.

لایەنەکانى ژیانى پڕبەدى:

پیاوى چاکساز دەبێ مشورى سەرجەم لایەنەکانى ژیانى گەندەڵ بخوات و هەمویان لەبەرچاو بگرێ , هەر چاکسازێک بۆ ئەوەى تەنها یەک لایەنى کۆمەلگە راستەڕێ بکات دەبێ سەرلەبەرى تەمەن و تواناى خۆى بۆ تەرخان بکات.
دەرونى مرۆڤ پێکهاتەیەکى ئاڵۆزو رایڵ و پۆپى وردى هەیە و زۆر دەرگا و پەنجەرەى تێدایە , بۆیە ئەگەر ئەو دەرونە توشى لاڕێبون و خوارو خێچ بێت ئەوا تا ئاراستەکەى لە خراپەو بەرەو چاکە و لە خەوشەوە بەرەو ساغى وەرنەسوڕێ , تا گژوگیاى زەرەربەخشى لێ هەلنەکێشرێ کە رەنگە بەهۆى خراپەکارى کۆمەڵگەو شپرزەبونى پەروەردەوە بڕەوێ وەک چۆن گژوگیاى شەیتانى لە خاکێکى بەپیت وبەرەکەت دەڕوێ , تا تۆوى خراپەکارى لەناو نەبرێ و لە شوێنیدا خۆشەویستنى چاکەو تەقواى لێ نەچێنرێ قەت ناکرێ نەریتە ناجسنەکانى بنبڕ بکرێ و خەوش و کەموکوڕیەکانى چارەسەر بکرێ.

چارەسەرکردنى هەردەردێکى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى و هەر خەوشێکى نەوەى ئەمڕۆ وا دەخوازێ تەواوى ژیان چارەسەر بکرێ تەواوى تەمەنى چاکسازەکەشى دەوێت , بەڵکو رەنگە تەمەنى چەندین پیاوى چاکسازى تریشى بوێت , ئەگەر یەکێک بیەوێت لە وڵاتێکى پڕ لە ڕابواردن و بەرهەڵدایى و ئارەزو بازیدا عەرق قەدەغە بکا ئەوا لەماندوبون و رەنجى بەفیرۆ بترازێ چیترى پێ نابرێ , چونکە خواردنەوەى عەرق لە دەرونێکەوە سەرهەڵدەدا کەشەیداى نۆشینى چێژبێ ئەگەرچى لەژەهریش بێ ئاڵودەى نۆشى مەستبون بێ ئەگەرچى لە گوناحیش بێ.

ئەم جۆرە دەرونە بە پروپاگەندەو بلاوکردنەوە و نوسین و پەرتوک و ووتاردان ناسلەمێەوە , بەرونکردنەوەى زیانە دروستى و رەوشتیەکان و بەیاساى توندوتیژ و سزاى جەرگبڕ وازناهێنێ , بەڵکو تەنها بەگۆرانکارییەکى قوڵى دەرونیەوە دەگۆڕێ , خۆئەگەر بەهەر رێگەیەکى تریش ناچار بکرێ وازبهینێ ئەوا پەنا وەبەر جۆرەها فڕوفێڵ و تاوانى تر دەبات و بەناو و ێنەى ترى مباحى دەکات.

پێغەمبەر پیاویکى هەرێم پەرست و رێبەریکى نیشتمان پەرست نەبوو:

ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) پیاوێکى هەرێم پەرست بوایە و وەک سەرکردە سیاسى و رێبەرە نیشتیمان پەرستەکان رەفتارى بکردایە لەعەرەبستاندا بوارێکى بەرفراوانى بۆ دەرەخسا و بەئاسانى دەیتوانى ئاڵاى نەتەوایەتى هەڵبکات و قورەیشیەکان و سەرجەم هۆز و تیرە عەرەبەکانى لەژێردا کۆ بکاتەوە و نیشتمانێکى بەهێز و یەکگرتووى عەرەبى دابمەزرێنێ و خۆشى ببێتە سەرۆکیان بێگومان ئەبوجەهل و عوتبەى کورى رەبیعە و ئەوانى تریش پێشى هەمو کەس خۆیان راپێش دەکرد و لەژێر ئالاکەدا کۆدەبونەوەو خۆشیان لە پێناویدا بەکوشت دەدا و بەسەرۆکایەتى پێغەمبەریش رازى دەبوون , بەلام ئەوەى کە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بۆى هاتبوو زۆر لەوە گەوەرتربوو بۆیە ئەم ئامانج ومەبەستى نەبوو .

نەهاتوە ناهەق بە ناهەق بسڕێتەوە:

بەڵام خۆ پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) نەناردراوە تا نارەوا بە نارەوا بسڕێتەوە , دەستدرێژى بە دەستدرێژى ببڕێتەوە , شت لە شوێنێ حەڕام بکاو لە شوێنى تریش حەڵاڵ.

شوێنەوارى گەلێک بەگەلێکى تر رەشکاتەوە وەک رێبەرێکى نیشتمان پەرست یان وەک سەرکردەیەکى سیاسى نەناردراوە تا بەرژەوەندى بۆ خۆى دابین بکات و خەڵک لەحوکمى فارس و رۆمانى رزگار بکاو بیانخاتە ژێر حوکمى عارەبى عەدنانى و قەحطانى , بەڵکو وەک پێغەمبەرێکى موژدەدەر و هەرەشەکار نێردراوە , تا وەک مانگى دەرخشان پەیامەکانى خوا بەسەرجەم خەڵکى راگەیەنێ , تا خەڵک لە مرۆڤپەرستیەوە بەرەو خواپەرستى و لەتەنگى دنیاوە بەرەو بەرفراوانى دنیا و دوایى و لە ستەمى دنیایى بێدادەوە بەرەو دادو رەواى ئیسلام رزگار بکات , تا فەرمان بە چاکە بکاو رێگە لە خراپە بگرێ تا شتى پاکیان بۆ حەڵاڵ وشتى پیسیان لێ حەرام بکات تاکارى ئەستەم و بێگارییان لەکۆڵ کاتەوە و کۆتاى گەردنیان هەڵوەشێنێ و لەبەندایەتى بەندەکان بۆ بەندایەتى خودا ئازادیان کات.

کلیل و قوفڵى سروشتى مرۆڤایەتى:

پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) لەو چاکسازانە نەبو کە لەدیوى پشتەوەى خانو وەژورێ دەکەون یا لە پەنجەرەوە خۆیان شۆر دەکەنەوە و لە پێناو چارەسەرکردنى چەند دەردێکى کۆمەڵایەتى و چەند خەوشێکى خۆڕەوشتیەوە تێدەکۆشن , کە هەندێکیان توانیویانە بۆ ماوەیەکى کاتى لە چەند لایەنێکەوە وولاتەکەیان چارەسەر بکەن و هەندێکیشیان مردن یەخەى پێ گرتون و لەکارەکەیان سەرنەکەوتون.

پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) لە دەرگاوە چوە ناو خانوى بانگەوازى و چاکسازى و کلیلەکەى خستە سەر قوفلى سروشتى مرۆڤایەتى ئەو قوفلە ئاڵۆزەى کە چاکسازانى سەردەمى بێسروشى نەیانتوانی بیکەنەوە تەنانەت ئەوانەى پاشتریش هەر نەیانتوانی بیکەنەوە .

پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بانگى خەلکى دەکرد تا بڕوا بە خواى تاک و بە پەیامى ئیسلام و رۆژى دوایى بێنن و لە بت و بتپەرستى رو وەرگێرن و دژ بە تاغوتان تێبکۆشن , لە ناو گەلەکەیدا دەنگى هەڵدەبڕى و دەیفەرموو : (هۆخەلکینە بڵێن( لا اله الا الله )رزگار دەبن ).

———————–

بەدەستکاریەوە وەرگیراوە لە پەرتوکى (ماذا خسر العالم بانحطاط المسلمین) بەداروخوانى موسڵمانان جیهان چ زیانیکى لێکەوت.

پێشنیارکراو

من صام رمضان ثم أتبعه ستًا من شوال كان كصيام الدهر

بۆچی پێشەوا مالیك ڕۆژووی شەشەڵانی بە سوننەت نەزانیوە؟

بۆچی پێشەوا مالیك ڕۆژووی شەشەڵانی بە سوننەت نەزانیوە؟ فەرموودەی ڕۆژوو گرتنی شەش ڕۆژ لە مانگی …