پەستانى خوێن: بەرزى فشارى خوێن لەوانەیە بەچەند ساڵ و چەندان مانگ هەست پێ ناکرێ چونکە شتێک نیە لەناکاو دروست بێ و ئازارێکى توند و هەست پێکراوى لەگەڵدابێت وەیان لەبەشێکى دیاریکراوى جەستەدا ڕووبدات , بەڵکو بەهێواشى و لەماوەیەکى درێژدا دەردەکەوێت .
فشارى خوێن: بریتیە لە پەستانێک کە دەخرێتە سەر بۆریەکانى خوێن لەلایەن خودى خوێنەوە , بەهۆى خڵتى خوێنەوە وەک چەورى و سوێرى کە لوولەکان تەسک دەکاتەوە و فشارى خوێن دەپێورێت بەبڕى ئەو خوێنەى کە دڵ پالی دەدات لەگەڵ ئەو بەرگریەیەى کەلەناو خوێنبەرەکانى خوێندا هەیە لەدژى هاتووچۆ ناکات , لەبەر ئەوە دڵ زیاتر خوێن پاڵ دەنێت بۆئەوەى برى پێویست بگەیەنێ بەهەموو ئەندامەکانى جەستە , کەبەم بارە دەگوترێ (سیستۆڵ) .
وەکە فراوانبونەوە دووبارە خوێن دەچێتەوە ناو لوولەکان کەبەم بارەش دەگوترێ (دیاستۆڵ) کەواتە هەرچەندە لولەکانى خوێن تەسک ببنەوە فشارى خوێن بەرزتر دەبێتەوە , لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دوو جۆر پەستانى خوێن هەیە (بەرز و نزم) کە ئەم بارە هەردەم لەدووبارە بونەوەدایە و کارى خۆیان دەکەن بۆ ئەوەى پێویستى لەش بەخوێن فەراهەم بکات.
نیشانەکانى پەستانى بەرزى خوێن:
نیشانەى زۆر ڕوون و بەرچاو نیە بۆ ئەوەى بەزووى بزانرێت کەوا ئەو کەسە فشارى خوێنى هەیە بەڵام لەزۆربەى ئەوکەسانەى کەتوشى پەستانى خوێن هاتوون , ژانەسەر و سەرسوران وە یان لەخۆچوون وە یان خوێن بەربونى لووت بەڵام ئەوە زیاتر لەو کەسانە ڕوودەدات کەوا پەستانى خوێنیان زۆر بەرز بێت.
بەپێى جیهازى زەخت رێژەى (80/120)ملم جیوە یا خود کە دەگوترێ (8/12)ملم جیوە ئەو ڕیژەیە زۆر نۆرماڵە , بەڵام کە چەند دەرەجەیەک لەوە بەرزتر بوو پێویستە سەردانى پزیشک بکرێ.
هەندێ لەهۆکارەکانى تووش بوون بە پەستانى خوێن:
لەراستیدا هۆکارى زۆر دیاریکراو وتایبەت نیە بەڵام ئەمانەى خوارەوە دەبنە هۆکار بۆ پەستانى خوێن وەک نەخۆشى درێژخایەنى گورچیلەو گرێى ڕژێنى سەر گورچیلەکان و نەخۆشى زگماکى و کۆکاین و ماددە هۆشبەرەکان بەگشتى و هەندێ حەب و دەرمان بۆ نمونە لە ژناندا حەبى دژە سک پڕبوون کەزۆربەردەوام بخورێت وە یان وزەبەخشە نایاساییەکانى تر و قەڵەوى وبەرزى کۆڵسترۆڵى خوێن و نەخۆشى شەکرە و بۆماوەی خێزانى و خەم ومەراقى زۆر و دانشتنى بەردەوام و بیرکردنەوەى زۆر لەڕابردو خەمى داهاتوو و توڕەبوون و خەبەرى ناخۆش و خواردنى سوێرى زۆر و زیادەرۆیی لە خواردن و کار و بێ بەرنامەیى ژیان , خواردنى سوورەوەکراو و گۆشت بەزۆرى و بەهاراتى توند و تیژى زۆر و خواردنەوە گازیەکان و ئارەق و شەراب و جگەرە و زۆر خواردنەوەى چاى ڕەش و قاوە وە گرفتى گورچیلە کە زۆر کۆن بوو چارەسەر نەکرا.
کەسێ کە توشى زەختى خوێن بوو دەبێ پارێز لەوانە بکات کەباسمان کرد لەگەڵ ئەو خواردنانەى وەک گۆشت و ماسى و پەنیر و هێلکە و سەوزەى وشک کراو و چەورى و ئەو شتانەى لەگەڵ مەزاجى نایەتەوە .
بۆپێشگیرى و چارەسەر دەبێ سەوزەى تەڕ و تازە و میوە و ئاوى زۆر بخواتەوە کە هەمیشە سرکە و ئاو لیمۆى تێ بکرێت مەبەست لەو ئاولیمۆیەى کە بەخۆت لیمۆکە بگوشیت نەک ئەو ئاولیمۆیانەى بازار کەزۆربەیان لە ماددەى کیماى دروستکراون.
ئەوشتانەى سوود بەخش و چارەسەرن :
سەرەتا دەبێت سەردانى پزیشکى پسپۆر بکرێت بۆ دەست نیشان کردنى جۆرى پەستانى خۆن ئایا بەرزبونەوەى خوینى هەیە یان نزم بوونەوەى پەستانى خوێنى هەیە بۆئەوەى نەخۆش جۆرى نەخۆشیەکەى بزانێت ئەگەر پەستانى خوێنت بەرز بوو ئەوا دواى وەرگرتنى چارەسەر لەلایەن دکتۆرى پسپۆر لەم بوارە ئەمانەى خوارەوەش بەسوودن .
- سماق , سرکەى هەنارى سورشتى , سرکەى سێوى سروشتى , ئاولیمۆى سروشتى , تەمەرهیندى .
- سێو , هەرمێ , هەنجیر , شووتى , توو , سندى , گێلاس , تودڕک , سێوى بن ئەرز , هەلوژەى رەش .
- تەڕەتولە , سپێناغ , جەعفەرى , مەعدەنوس , کەنگر , سیر , پیاز , پاقلە .
- هەنگوین , رەشکە .
- ڤیتامین A , ڤیتامین C , پۆتاسیۆم و کالسیۆم .
- پەلکى کەلەم بەئاوى لیمۆ نەڕبکە و بیخۆ , رۆژى دووجار بۆماوەى یەک مانگ.
- گەڵا و ڕەگى مەعدەنوس (2-4) گرام دەم بکە یانى لەناو ئاوى کولاو وەک چاى چۆن دەم دەکەیت رۆژى (3) جار هەرجارەى فنجانێک بخۆرەوە بەڵام ساردى بکەیتەوە نەک بەکوڵاى و گەرمى بخۆیتەوە.
- سێ بەیانى لەسەر یەک لە خورینى پەرداخێک ئاوى شاتو بخۆرەوە تا نیوەڕۆ هیچ مەخۆ.
- رۆژى لانى کەم (8-9) پەرداخ ئاو بخۆرەوە.
ئەمانەى سەرەوە یەک تێکەڵە دەخورێتەوە بۆماوەى یەک مانگ ئینجا دەتوانى دواى یەک مانگ تیکەڵیەکى تر بەکاربهێنى , چونکە بۆ هەرکەس و یەک لەو تێکەلانە کاریگەرى زیاترە.
تێبینى: سود وەرگیراوە بەدەستکاریەوە لە کتێبى (سروشت و تەندروستى) : صالح عبدالله.