ئەى خوشك و براى موسڵمانى چاكەویست:
وا بابەتێكى زۆر گرنگت بۆ باس دەكەم، چونكە دەبینم خەڵكانێكى زۆرى چاكەكار لەم ڕۆژگارەدا لەم باس وبابەتە بێ ئاگان و گرنگى پێ نادەن، لەگەڵ ئەوەى كە خودى بابەتەكە گرنگەو بەسوودە، ئەوەش بریتیە لە زیكر و یادى خودا لەدواى نوێژى بەیانیەوە هەتا دەركەوتنى خۆر (خۆرهەڵهاتن) بە ئومێدى بەدەستهێنانى ڕەزامەندى و لێخۆشبوونى خواى پەروەردگار.
خواى گەورە دەفەرموێت: [ في بيوت أذن الله أن ترفع ويذكر فيها اسمه يسبح له فيها بالغدو والآصال (36) رجال لا تلهيهم تجارة ولا بيع عن ذكر الله وإقام الصلاة وإيتاء الزكاة يخافون يوما تتقلب فيه القلوب والأبصار] (37) (النور) .
واتە: لە مزگەوتانێدا خودا مۆڵەتى داوە، كە بەگەورەو پاك ڕاگیرێ و زیكرو یادى خوداى تێدابكرێ لەبەیانیان و ئێواراندا، وە پیاوانێك كە بازرگانى و كڕێن و فرۆشتن بێ ئاگایان ناكات لەیادى خواو نوێژكردن و زەكات دان لەڕۆژێك دەترسن، كە دڵ وچاوەكان تێیدا دەگۆڕێن و ئاوەژوو دەبن.
خوداى میهرەبان وەسف و ستایشى ئەو كەسانە دەكات كە لەماڵەكانیدا، كە مزگەوتەكانن زیكرو یادى خودا دەكەن و دەبن بە ئاوەدان كەرەوەى مزگەوت، بەجۆرێك كە بەرەبەیان و ئێواران هەردەم خەریكى زیكرى خوداو پەرستشن، بۆیە ئەوەى دەیەوێت ڕێچكەى ئەو كەسانە بگرێت و ببێتە یەكێك لەوانەى كە خودا وەسفى دەكات، با پابەند بێت بە مزگەوتەوەو تێیدا بمێنێتەوە بۆ زیكرو قورئان خوێندن. وە لەبارەى فەزڵ وچاكەى ئەو جۆرە پەرستشەوە چەندین فەرموودە هاتووە، وەك: پێغەمبەرى خوا (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت:
{من صلى الفجر في جماعة ثم جلس يذكر الله حتى تطلع الشمس ثم صلى ركعتين كانت له كأجر حجة وعمرة – هكذا قال- تامة } رواه الترمذي وقال: حديث حسن غريب وصححه الألباني، صحيح الجامع: جـ 2 صـ 1086 برقم 6346.
واتە: هەر كەسێك نوێژى بەیانى بە جەماعەت بكات و پاشان دابنیشێت یادى خودا بكات هەتا خۆر دەردەچێت و پاشان دوو ڕكات نوێژ بكات ئەوا پاداشتى حەج و عومرەیەكى تەواو تەواوى بۆ هەیە.
یان لەفەرموودەیەكى تردا دەفەرموێت:
ئەگەر دابنیشم و یادى خوداى گەورە بكەم و (الله اكبر و الحمدلله و سبحان الله و لا إله إلا الله) بكەم هەتا خۆر دەردەچێت پێم خۆشترە لەوەى دوو بەندە (یان زیاتر) لە نەوەى إسماعیل ئازاد بكەم، وە لە دواى نوێژى عەسرەوە تا خۆرئاوابوونیش پێم خۆشترە لەوەى چوار بەندە لە نەوەى إسماعیل ئازاد بكەم. رواه أبو داود وحسنه الألباني، صحيح الترغيب والترهيب جـ 1 صـ 188.
وە هەروەها ئەم جۆرە كردارە پیشەى هەمیشەیی هاوەلێن و پیاوچاكان بووە وەكو چۆن لەهەموو كارێكى خێردا دەستپێشخەریان كردووە، بۆ نموونە:
*مدركى كوڕى عەوف دەڵێت: بەلاى بیلالدا تێپەڕیم كە لەشام بوو لە ناو مزگەوت دانیشتبوو دواى نوێژى بەیانى، پێم ووت: ئەى باوكى عبدالله ئەوە بۆچى دانیشتووى؟ ئەویش ووتى: چاوەڕێى خۆرهەلاتن دەكەم.
* وە ئبین ئەبى لەیلا كە نوێژى بەیانى دەكرد قورئانەكەى دەكردەوەو دەیخوێندەوە هەتاوەكو خۆردەردەكەوت.
* وەلیدى كوڕى مسلم دەڵێت: بینیم پێشەوا ئەوزاعى دواى نوێژى بەیانى دادەنیشت لەنوێژگەكەى خۆى زیكر ویادى خوداى دەكرد هەتا خۆر هەڵدەهات، وەپێمانیشى ڕادەگەیاند كە پێشینانیش ئەمە ڕەفتاریان بووە هەتا خۆر هەڵدەهات وپاشان ڕوویان دەكردە فێربوونى زانست.
وە هەروەها ئەوەش زانراوە كە زۆربەى دەرس و دانیشتنى زانستى زانایان و پێشەوایان دواى نوێژى بەیانى بووە.
* وەكو ڕەبیعى كوڕى سلێمان دەگێڕێتەوە: كە پێشەوا شافعى دواى نوێژى بەیانى دادەنیشت بۆ كۆڕى زانست، و ئەهلى قورئان دەهاتن بۆ لاى، و كاتێك خۆر هەڵدەهات ئەوان دەڕۆیشتن و ئەهلى حەدیس دەهاتن بۆ لاى و پرسیارى ماناو حوكمەكانى فەرموودەیان لێ دەكرد، وە كە خۆر بەرزدەبوویەوە ئەوان هەڵدەسان و كۆڕى دانیشتنەكە تایبەت دەبوو بە یادخستنەوەو تێڕامان، وە كە چێشتەنگاویش بەرزدەبوویەوە ئەوانیش بڵاوەیان لێ دەكرد، و ئەهلى زمان و شیعرو ڕێزمان دەهاتن بۆ لاى و هەتا نزیك نیوەڕۆ بەردەوام دەبوون دواتر ئەویش هەڵدەسا ڕەحمەتى خواى لێ بێت.
وەكو چۆن پێشینە چاكەكان پەیوەست بوون بەم ئاكارەوە، ئەوەتا شیخ الاسلام ابن تیمیە (رحمە الله) وەكو قوتابیەكەى ابن قیم لێى دەگێڕێتەوە دەڵێت: دواى نوێژى بەیانى دادەنیشت زیكرى خوداى دەكرد و دەیووت: بەڕاستى لەم دونیایەدا بەهەشتێك هەیە هەركەس نەچێتە ناویەوە ناچێتە بەهەشتەكەى دواڕۆژەوە، مەبەستیشى لەو قسەیە ئەوە بوو، كە ئەو كەسەى خەریكى خواپەرستیە هەست بەچێژو لەزەتێك دەكات كە وێنەى نیە لەدونیادا و وە دەیوت: ئەمە خواردنى منە ئەگەر ئەم خواردنەم نەبێت ئەوا هێزو توانام لێ دەبڕێت، بەو شێوەیە بەردەوام دەبوو هەتا نزیك نیوەڕۆ!!
بەڵێ خوێنەرى بەڕێز: ئەوەت بۆ ڕوون بوویەوە، كە چۆن پیاوچاكانى پێش خۆمان لەهەركات و شوێنێك خێرو چاكە هەبووایە ئەوان لەوێ دەبوون و ئامادەییان دەبوو، بەوشێوەیە بژێوى ماڵ ومنداڵ و خوێندنى زانست و فێركردنى خەڵك و خوداپەرستیان كۆكردبوویەوەو هەمیشە لەناو بازنەى خوداناسیدا بوون بێ ئاگایی ڕووى تێیان نەدەكرد.
كەچى وا ئێمەش شەوان بەخەبەرین و ئەو هەموو كاتە بەسوودە، بەشتى بێ هوودە بەسەر دەبەین تا لەشمان قورس دەبێت و دواى خۆرهەڵاتن بەخەبەردێین، بۆیە هەمیشە هەست بەبێ تاقەتى و خەمۆكى و لەش قورسى دەكەین.
ئەوەمان بیرچۆتەوە یان نایزانین كە پێغەمبەرى ئازیز (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: ” اللهم بارك لأُمــتي في بكورها” رواه الإمام أحمد وابن حبان وابن ماجة والطبراني و صححه الألباني في صحيح الجامع ص 278.
واتە: خوایە بەرەكەت بڕژێنە بەسەر ئوممەتەكەمدا لەكاتى بەرەبەیانى زوودا.
ئەوەش دوعاى پێغەمبەرە دڵسۆزەكەمانە (صلی الله علیه وسلم) بۆ ئەو كاتە بەڕێزە كەبەڕاستى حەیفە لەدەستى بدەین.
وە هەروەها لەڕووى زانستى پزیشكیشەوە مانەوەو بەخەبەر بوون لەم كاتەدا سوودێكى زۆرى هەیە چونكە: ئەو كاتە كاتى بلاوبوونەوەو دەرچوونى گازى ئۆزۆنە، كە بەشێوەیەكى ڕێژەیی دەست دەكات بەكەم بوون هەتا كاتى خۆر هەڵاتن نامێنێت، وە ئەم جۆرە گازەیەش كاریگەریەكى زۆر بەسوودى هەیە لەسەر كۆئەندامى دەمار و چالاككەرى بیرو هزرو ماسولكەكانە، بەشێوەیەك كە مرۆڤ كاتێك ئەو شنەبایەى بەرەیانى بەردەكەوێ لەڕووى دەروونیەوە هەست بەئارامى و خۆشحاڵیەك دەكات كە لەهیچ كاتێكى ترى ڕۆژ و شەودا نیە.
ئەى خوێنەرى چاكەویست: وا لەكۆتاییدا ئەو سوودو قازانجانەت بۆ باس دەكەم كە دەست كەسێك دەكەوێت ئەگەر لەو كاتەدا بەخەبەر بێت و ئامادەبێـت:
• پارێزگارى كردن لەسەر ئەنجامدانى نوێژى بەیانى بەجەماعەت
• خواى گەورە فەڕو بەرەكەت دەخاتە ئەو كاتەوەو دەیڕژێنێ بەسەر ئەو كەسانەدا، كە لەو كاتەدا بەخەبەرن لەبەر فەرموودەكەى پێغەمبەرى خودا (صلی الله علیه وسلم) كە لە پێشەوە باسكرا.
• بەدەست هێنانى پاداشتى حەج و عومرەیەكى تەواو و ئازادكردنى چوار بەندە لە پێناوى خودادا.
• خوێندنى زیكرەكانى بەیانیان بەئامادەیی و ئاگایی دڵ و بەبێ پەلەپەل كردن.
• فریشتەكان داواى لێخۆشبون ودوعاى خێر دەكەن بۆ كەسێك، كە لە شوێنى نوێژكەى بمێنێتەوە، لەبەر ئەم فەرموودەیە:
“عن أبي هريرة أن رسول الله – صلى الله عليه وسلم – قال : الملائكة تصلي على أحدكم ما دام في مصلاه الذي صلى فيه ما لم يحدث ، اللهم اغفر له اللهم ارحمه ” رواه البخاري
واتە: مەلائیکە صلوات و دوعا بۆ ئەوکەسە دەکات کە دواى نوێژى بەیانى لەشوێنەکەى دەمێنیتەوە و قسەى زیاد و بێکەڵک ناکات و زکرو یادى خودا دەکات .
• لەدەست نەدانى نوێژى چێشتەنگاو، كە لەبرى (360) چاكەیە بەئەندازەى ژمارەى جومگەكانى ئێسكى مرۆڤ لەهەر ڕۆژێكدا.
• خوێندنى قورئان و خەتم كردنى دوو هەفتە جارێك، یان لەمانگێكدا یەك جار.
• ڕێكخستنى كات و زوو ڕۆیشتن بۆ سەر ئیش و كار و دەوام بەچالاكى و لەش سووكیەوە.
• ئەو كەسەى دادەنیشێت لە مزگەوتدا دواى نوێژ بە نوێژو خواپەرستى بۆى دەژمێررێت.
لە كۆتاییدا داواكارم لە خواى میهرەبان هەمووان سەركەوتوو بكات بۆ ئەنجامدانى ئەو كارە پیرۆزەو خواپەرستیشمان لێ وەربگرێت، ئامین.
——-