دووپشک
دووپشک

دووپشک

بە هۆی هاتنی وەرزی گەرما و زۆر بوونی حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک، بە هیوای سوود وەرگرتن

چارەسەری سەرەتایی بۆ پێوەدانی دووپشک پێش گەیاندنی تووشبوو بۆ نەخۆشخانە

کورتە زانیارییەک لەسەر جۆرەکانی دووپشک لە ڕووی ژەهراوی بوون:

۱-جۆری یەکەم ژەهراوی بوونی سست: ئەم جۆرە دووپشکانە ئەگرێتەوە کە کلکی درێژ و باریک وە چەنگالی پان و ئەستووریان هەیە ئازاری وەکوو پیوەدانی مێشولەیە.

۲- جۆری دووەم ژەهراوی بوونی مام ناوەندی: قەبارەی کلک و چەنگالی زۆر لە یەک نزیکە ئازاری پێوەدانی وەکوو پێوەدانی زەنگەزۆرەیە.

۳- جۆری سێیەم ژەهراوی بوون بە پلەی بەرز: کلکی ئەستوور و چەنگالی باریک و بچوکی هەیە ئازاری وەکوو پێوەدانی مارە.

نیشانەکان : دیار بوونی شوێنی پێوەدان وەکوو خاڵێک ، موروولە کردن، خوران ، ئاوسان، سوور بوونەوە،
لە ئەگەری توندی ژەهراوی بوون بە تایبەتی لە جۆری سێیەم گۆڕانکاری لە پاڵەپەستۆی خوێن،لێدانی دڵ وە گەرمی جەستە ڕوو دەدات لەوانەیە ڕشانەوە، هەناسە توندی، سەرسووڕە، لیکاو کردن ، بێهۆش بوونی لەگەل بێت.

تێبینی: ڕەنگی دووپشک گرنگی ئەوهای نیە لە کوشندەیی ژەهرەکە وەکوو باس کراوە قەبارەی کلک و چەنگالەکە پێوەرە.

چی بکەین؟

۱- پێش هەموو شتێک ئەبێ هەراسان و مشەوەش نەبین وە بە لەسەر خۆیی و دڵ دانەوەی کەسە تووش بووەکە دەست پێ بکەین.

۲- شۆردنی شوێنەکە بە ئاوی سارد و سابوون بۆ پاک بوونەوە و ڕێگری لە هەو کردن.

۳- خستنی پاڵەپەستۆێ سارد لە شوێنەکە بۆ ماوەی چەند خولەک.

٤- دەرکردنی دەزیلەی ژەهر ئەگەر هەبێت.

٥- ئەگەر شوێنی پێوەدانەکە لە دەست یان قاچ بێت بەرزکردنەوەی کە نابێ لە ئاستی بەرزی دڵ زیاتر بێت، ئەمەیان ڕێگری لە ئاوسان ئەکات.

٦- لە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە کراوە ئەکرێت لۆکە یان کلینکسێک بە فاس (شلەی سپی کەرەوەی جل و بەرگ ) بکەین و شوێنەکە پێ چەور بکەین بۆ ماوەی پێنج خولەک ئەمەیان یارمەتیدەرە بۆ کەم کردنەوەی ژەهراوی بوون بە کارلێکی کیمیاوی لەگەل ژەهرەکە.

۷- دەرهێنانی خێرای ئەلقە و گوستیلە و بازنە.

۸- گەیاندنی تووشبوو بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ چارەسەری کۆتایی و پێدانی دژە ژەهر ئەگەر پێویستی کرد بە پێی ڕێنمایی پزیشک.

چی نەکەین؟
۱- نابێ ڕەفتاری ئەوها بکەین کەسی تووشبوو تووشی دڵەڕاوکێ و ترس بکات وەکوو قیژاندن و هەراسان بوون.

۲- لە ئەگەری بوونی دەزیلەی پێوەدان نابێ پێش شۆردن و سارد کردنەوەی شوێنەکە دەزیلەکە دەر بکرێت.

۳- نابێ شوێنەکە بریندار بکرێت یان کەسێک هەولی مژینی شوێنی پێوەدان بدات بە بەهانەی دەر کردنی ژەهر.

٤- نابێ هەول بدرێت بە بەستنەوەی دەست یان قاچ بە هیچ جۆرێک و لە هیچ سەرچاوەیەک ڕێگای پێ نەدراوە.

٥- لە کاتی گەیاندنی نەخۆش بۆ فریاکەوتن ئاگاداری هاژووشتنی ئوتومبێل بین تا تووشی رووداوی نەخوازراو نەبین.

——————————–

دکتۆر سەمیر قادر خۆشناو
پسپۆڕی پزیشکی فریاکەوتن.

پێشنیارکراو

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه

زەکات ڕوکنێکی ئیسلامه له (۸۲) جیگای قورئان دا نویژ وزەكات بەیەکەوه فەرمان به بەجیهینانیان كراوه زەکات …