دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / ئەنجامەکان وەک قەدەر ، ئامرازەکان وەک قەدەر:
تەندروستى وقەدەرى مرۆڤ
تەندروستى وقەدەرى مرۆڤ

ئەنجامەکان وەک قەدەر ، ئامرازەکان وەک قەدەر:

خوێندنەوەیەک لە دوو تێگەیشتنى ئایینى و کاریگەرى لەسەر تەندورستى :

قەدەر (القدر) چەمکێکى ئیسلامییە ویەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانى ئیمان. بەڵام خەڵکى ئاییندار تێگەیشتنى جیاوازیان بۆ ئەو چەمکە هەیە بە شێوەیەک ئەو تێگەیشتنە ئایینییە کاریگەرى لەسەر لایەنى تەندورستی هەیە. وەک نمونە باس لە پەتاى کۆرۆنا دەکەم. هەندێ خەڵک پێیوایە کە نەخۆشى، وەک ئەنجام، قەدەرە.. قەدەریش ناگۆڕدرێت بە هیچ ئامرازێک ,لێرەدا بەهاى وکاریگەرى ئامرازەکان نامێنێت.

بۆیە کەسەکە بۆ نمونە ماسک نابەستێت، چونکە پێى وایە ماسک بەستن، وەک ئامراز یان (وسيلة) هیچ ڕۆڵى نییە ئەگەر تووشبوون بە ڤایرۆسى کرۆنا قەدەرى بێت. لە بەرامبەر ئەو تێگەیشتنە بۆ ئەنجامەکان وەک قەدەر، تێگەیشتنێکى تر هەیە کە پێى وایە هەم ئەنجامەکان قەدەرن وهەم ئامرازەکانیش. پێیوایە بەستن ماسک، وەک ڕەفتارێک، خۆى بەشێکە لە قەدەر. لەو حاڵەتەدا کەسەکە خۆپارێزى وەک قەدەر تەماشا دەکات نەک تەنها ئەنجامەکان.

ئەوانەى بڕوایان وایە کە تەنها ئەنجامەکان قەدرن، نەک ئامرازەکان، وئەنجامەکانیش بە دەست مرۆڤ نییە، پێیان دەگوترێ کەسانێک خاوەن چەقى کۆنترۆڵى دەرەکى تەندورستى External health locus of control لە بەرامبەر ئەوانەش ئەوەى بڕواى بەوەیە کە ئامرازەکان، کە ڕەفتارگەلێکن مرۆڤ پێیان هەڵدەستێ، قەدەرن، کەسانێک خاوەن چەقى کۆنترۆڵى ناوەکى تەندوستى Internal health locus of control. ئەو بیروڕایانە هەرچەندە ئایینین، بەڵام کاریگەرى ئەرێنى ونەرێنییان هەیە لەسەر بابەتى تەندورستیدا.

کێشە لەو تێگەیشتنەى کە تەنها ئەنجامەکان بە قەدەر حیساب دەکات، زیاتر ئەنجامە خراپەکان دەگرێتەوە نەک ئەنجامە باشەکان. کاتێک ئیمامى عومەر بڕیار دەدات لە ڕێگا بگەڕێتەوە ونەچێتە شام چونکە نەخۆشى تاعونى تێدا بڵاو بۆتەوە، کەسانى خاوەن تێگەیشتنى یەکەم لێى دەپرسن: تۆ لە قەدەرى خودا ڕا دەکەیت؟ لێرەدا مەبەستیان نەخۆشی تاعونە. وەڵامیان دەداتەوە: من لە قەدەرى خودا ڕادەکەم بۆ قەدەرى خودا. لێرەدا تەندوستیش بە قەدەر دەزانێت، نەک تەنها نەخۆشى.. بەڵکو خودى (ڕاکردن)ەکەش، وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە تەندورستى، بەشێکە لە قەدەرەکە ,ئەو نمونەیە لەسەر ئاستى خۆپارێزى بوو .

ولەسەر ئاستى چارەسەریش هەمان ئەو دوو بۆچوونە هەیە: کەسانێک پێیان وایە نەخۆشى قەدەرە وئەگەر خودا ویستى لەسەر بێت نەخۆشەکە چاک ببێتەوە، ئەوا داودرمان، وەک ئامراز، هیچ بەهایەکى نییە. بۆیە ئەگەرى زۆرە کە نەچن بۆ نەخۆشخانە بۆ لاى دکتۆر.

یان ئەگەر چووشن ، بە ڕێک وپێکى وبە قەناعەتەوە دەرمانەکان بەکار نەهێنن. لەبەرامبەر ئەوانەش گروپى دووەم خاوەن تێگەیشتنێکى فرەوانترە بۆ قەدەر، پێى وایە هەم نەخۆشى وهەم چارەسەر، دوو جۆرى قەدەرن. ئەو جۆرە کەسانە کاتێک نەخۆش دەکەون، زووتر بۆ نەخۆشخانە بۆ لاى دکتۆر دەچن وبە ڕێک وپێکیەوە دەرمانەکان بەکاردێنن.

ئەوانەى کە تەنها ئەنجامەکان وەک قەدەر تەماشا دەکەن ، ئامادەییان بۆ گۆڕێنى ڕەفتارى ناتەندورست لاوازترە بە بەراورد گروپى بەرامبەر , واتە لە قۆناغێکى گۆڕینى stages of change نزمترن.

گرنگە ئەوانەى لە بوارى تەندورستى ودەرووندروستى کار دەکەن تۆژینەوە ولێکۆڵینەوەى مەیدانى لەسەر ئەو بابەتانە بکەن بە مەبەستى زیاتر پتەوکردنى پەیوەندی نێوان زانستەکانى تەندورستى وئایین لە کۆمەڵگادا، بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیرى تەندورستى تاک وکۆمەڵ وکارکردن بۆ بەرهەم هێنانى تاک وکۆمەڵگایەکى تەندورستتر.

*******

د. ئازاد على اسماعیل

پێشنیارکراو

بۆچی دوعاكانمان گیرا نابێت ؟

بۆچی دوعاكانمان گیرا نابێت؟

سەرەڕای ئەوەی موسوڵمانان دوعاو نزاو پاڕانەوەی زۆر دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دوعاكانیان لە ئێستادا …