دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / یاسای خراپ بەکار هێنانى مۆبایل و ئینتەرنێت

یاسای خراپ بەکار هێنانى مۆبایل و ئینتەرنێت

تاوانەكانی پەیوەست بە خراپ بەكارھێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ھەرێمی كوردستان و سزاكەیان
لەپێناو كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و سزادانی ئەو كەسانەی بە خراپی مۆبایل و ئینتەرنێت بەكاردەھێنن، لە پێناو پاراستنی ئازادییە كەسییەكان و پاراستنی نھێنییە كەسییەكان و خراپە نەگەیاندن بە رەوشت و سیستمی گشتی و ئادابی گشتی، پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2008ـی دەركردووە.
لە ماددەی یەكەمدا یاساكە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی “قسەكردنی تەلەفۆنی و پەیوەندییەكانی پۆستەیی و ئەلیكترۆنی لە كاروبارە تایبەتییەكانن و نابێت رێز و حوڕمەتیان بشكێندرێت”.
ئەو یاسایە تاوانەكانی پەیوەست بە مۆبایل و ئینتەرنێتی دابەشی چەند خانەیەك كردووە:
خانەى یەکەم /
بەپێی ماددەی دووەم، لە یاساكە، چەند كردەوەیەك بە تاوان دادەنرێن، لە چوارچێوەی خراپ بەكارھێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان:
1/ خراپ بەكارھێنانی مۆبایل یان ئامێرەكانی دیكەی پەیوەندیكردنی تەلدار یان بێتەل یان ئینتەرنێت و بە مەبەستی ھەڕەشەكردن.
2/ خراپ بەكارھێنانی مۆبایل یان ئامێرەكانی دیكەی پەیوەندیكردنی تەلدار یان بێتەل یان ئینتەرنێت و بە مەبەستی تۆمەت ھەڵبەستن.
3/ خراپ بەكارھێنانی مۆبایل یان ئامێرەكانی دیكەی پەیوەندیكردنی تەلدار یان بێتەل یان ئینتەرنێت و بە مەبەستی جنێودان.
4/ بڵاوكردنەوەی ھەواڵی ھەڵبەستراو بەو رێگایانەی سەرەوە.
5/ دزەكردن بە گفتوگۆكردن یان وێنەی چەسپاو یان جووڵاو یان كەرتە نامە.
6/ وێنەگرتن بەبێ مۆڵەت.
7/ بەو رێگایانەی سەرەوە كارێكی وایكرد كە شەڕەف بریندار بكات.
8/ ھاندانی ئەنجامدانی تاوان یان بەدڕەوشتی.
9/ بڵاوكردنەوەی نھێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاكەكان، بە ھەر رێگەیەك دەستكەوتبن ئەگەر راستیش بن كە سووكایەتی یان زیان بۆ كەسەكە بكەوێتەوە.
سزای ئەو تاوانانە:
حەبسكردن كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردن كە لە ملیۆنێك كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت، یان بە یەكێك لەو دوو سزایە.
خانەى دووەم تاوانەکان /
وەك لە ماددەی سێی یاساكەدا ھاتووە، ھەر كەسێك بە ئەنقەست تەلەفۆنی خانەیی یان ئامێرێكی پەیوەندیكردنی تەلدار و بێتەل یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلیكترۆنی بۆ خاڕسكردنی خەڵك بەكاربھێنێت، جگە لەو حاڵەتانەی سەرەوە، بە تاوان دادەنرێت.
* سزای ئەو تاوانە:
حەبسكردن بۆ ماوەیەك كە لە سێ مانگ كەمتر نەبێت و لە ساڵێك زیاتر نەبێت و پێبژاردنێك كە لە 750 ھەزار دینار كەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن زیاتر نەبێت یان بە یەكێك لەو دوو سزایە.
خانەى سێیەمى تاوانەکان/
ئەگەر لە ئەنجامی تاوانەكانی ماددەی دووەم و سێیەم، تاوانێك كرا، ئەو كەسەی مۆبایل و ئینتەرنێتی خراپ بەكارھێناوە و بووەتە ھۆی ئەنجامدانی تاوانەكە، بە ھاوبەشی تاوان دادەندرێت و بە ھەمان سزای تاوانباری سەرەكی سزا دەدرێت.
واتە كەسێك بەھۆی مۆبایل یان ئینتەرنێت یەكێك لەو تاوانانەی سەرەوەی كرد و ئەوە بووە ھۆی دروستبوونی ئاژاوەیەك یان كوشتنێك، ئەو كەسەش واك بكوژ سزا دەدرێت و دەبێتە ھاوبەشی تاوانەكە.
* بارودۆخی توندكردنی سزا لەو تاوانانەی سەرەوە/
بە بارودۆخی توندكردنی سزا دادەنرێت ئەگەر ئەو كەسەی تاوانێك لە تاوانەكانی ماددە دووەم و سێیەم ئەو
یاسایە ئەنجامدەدا:
1/ كەسەكە سەر بە ھێزە ئەمنییەكان یان ئاسایشی ناوخۆ بێت.
2/ بەھۆی سیفاتێكی فەرمی ئاگاداری نھێنی كەسەكان یان خێزانی بێت بەھۆی ئەو پیشەیەوە ئاگاداری نھێنییەكان بێت و خاسیەتەكەشی بۆ ئەنجامدانی تاوانەكە بەكاربھێنێت.
3/ ھەر كەسێك ئامێری پەیوەندیكردنی كەسێكی دیكە بەكاربھێنێت بۆ ئەنجامدانی تاوانێك لەوانەی سەرەوە.
خانەى چوارەمى تاوانەکان/
ماددەی شەشەم، كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت ناچار دەكات، ئەو ھاوبەشانەی سیمكارت یاخود ئینتەرنێتیان بەناو نییە، بەناوی كەسەكان بكەن، ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھێڵانە ئەگەر ئەسەكە سەردانی كۆمپانیای نەكرد، وە تۆماركردنی ھەموو ھیڵەكان بە ناوی ھاوبەشەكانەوە. لە كاتی پێویستیشدا ھەموو زانیارییەكانی تایبەت بە پلیتی بەشداریكردن و بەشداربوو، بە دادگا، لە كاتی پێویست، كە دادگا داوای دەكات.
سزای كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن:
ھەر كۆمپانیایەك سەرپێچی ماددەی شەشەم بكات، بە پێبژاردنێك سزا دەدرێت كە لە پەنجا ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 100 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
* سەرنج و تێبینی:
بەداخەوە بڕگەی شەشەمی ئەو یاسایە وەك پێویست جێبەجێ نەكراوە، بازاڕەكان پڕن لە سیمكارتی بێ پێشینە و ھەموو كەسێك دەتوانێت بە 1000 دینار دەستی بگاتە سیمكارتێك یان ھێڵێكی ئینتەرنێت و بۆ ھەر مەبەستێك بیەوێت، بەكاریدەھێنێت، بێ ئەوەی چاودێرییەكی لەسەر بێت و بزاندرێت ئەو كەسە كێیە. زۆربەی كێشەكانیش لە كوردستان بەو ھۆیەوە دروست بوون. پێویستە داواكاری گشتی ھەڵوەستە لەسەر ئەم بابەتە بكات و بە حوكمی ماددەی شەشەمی ئەو یاسایە كۆمپانیاكان ناچار سیمكارت بەبێ تۆماركردن نەفرۆشن و ئەوەی لە بازاڕەكان دەگوزەرێت، بنبڕی بكات. كە ئەمە وادەكات رێژەی تاوانەكان كەم ببیتەوە كە لە رێی مۆبایل و ئیتەرنێت روودەدەن.
———-
ئامادەكردنی: پارێزەر/ بەشار عەزیز

پێشنیارکراو

ئاگادارى تەوحیدەکەت بە لەسەرى ساڵدا

ئاگادارى تەوحیدەکەت بە لەسەرى ساڵدا

ئاگادارى تەوحیدەکەت بە لەسەرى ساڵدا