بۆچی پێشەوا مالیك ڕۆژووی شەشەڵانی بە سوننەت نەزانیوە؟
فەرموودەی ڕۆژوو گرتنی شەش ڕۆژ لە مانگی شەوال دا لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە بەڕەحمەت بێت: “من صام رمضان ثم أتبعه ستا من شوال كان كصيام الدهر” مسلم: ( 1164) بەڵام ئەم فەرمودە هەرچەند لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە ، لە دێر زەمانەوە لە نێوان زانایان و فەرموودەناساندا هەندێ قسەو باسی لەسەر هەیە، بە هۆی كەسێك بەناوی (سعد بن سعید) كە لەناو پیاوانی سەنەدی فەرموودەكەدا بوونی هەیە، دیارترین ئەو كەسانەی ڕۆژووگرتنی شەش ڕۆژی مانگی شەوال یان رەتكردووەتەوە، پێشەوا مالیكی كوری ئەنەسە بەڕەحمەت بێت، كە لە كتێبی (الموطأ) دا فەرموویەتی:
«إني لم أر أحدا من أهل العلم والفقه يصومها، ولم يبلغني ذلك عن أحد من السلف، وإن أهل العلم يكرهون ذلك ويخافون بدعته وأن يُلحق برمضان ما ليس منه …..».
واتە: مالیك فەرموویەتی كە ئەو هیچ زاناو فەقیهێكی نەبینیوە ئەو شەش ڕۆژەی شەوال بەڕۆژوو بن، نەشیزانیوە كەسێك لە سەلەف ئەو شەش ڕۆژەیان گرتبێت، زانایان وئەهلی عیلمیش ڕۆژوو گرتنی ئەو شەش ڕۆژەیان بەلاوە باش نەبووە وترساون ببێتە بیدعەیەك و خەڵكی وابزانن ئەو شەش ڕۆژەش بەشێكە لە ڕەمەزان و بكرێت بە درێژەپێدەری ئەو مانگە! بۆیە بەڕاشكاوی ئەو ڕۆژووەی نەك بەسونەت نەزانیوە بەڵكو بە مەكروهیشی زانیوە.
شایان باسە جگە لە ئیمامی مالك الحسن البصري بەهەمان شێوە لێی دەگێڕنەوە كە دەیفەرموو: (لقد رضي الله بهذا الشهر للسنة كلها ) واتە: الله تعالی بە ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزان لەبری هەموو ساڵەكە لەو خەڵكە ڕازی بووە، هەروەها سفیان الثوري، وأبو حنيفة، وأبو يوسف بە ڕۆژووبوونی ئەو شەش ڕۆژەیان بە سونەت نەزانیوە و بە مەكروهیان زانیوە، هەندێك لە زانا گەورەكانیش هیچیان لەسەری نەوتووە و تێیدا وەستاون وەكو عبدالرحمن بن مهدي.
لێرەدا بە كورتی و لە چەند خاڵێكدا ئەم مەسەلە دەخەمەڕوو:
1- فەرموودەی ڕۆژووگرتنی شەش ڕۆژ لە مانگی شەوال بەدوای مانگی ڕەمەزاندا فەرموودەیەكی سەحیحە و لە صحیح الإمام مسلم دا هاتووە: (من صام رمضان ثم أتبعه ستًا من شوال كان كصيام الدهر). صحيح مسلم/ 1164.
2- بەڵام فەرموودەكە كێشەیەكی تێدایە و ئەویش ئەوەیە سەنەدی فەرموودەكە كەسێكی تێدایە بەناوی (سعد بن سعید بن قیس) تابیعی بووە، بەڵام كۆمەڵێك لە گەورە فەرموودەناسان ئەویان (تضعیف)،كردووە وەكو النسائي و أحمد وزۆری تر، لە بەرانبەریشدا كۆمەڵێكی تر وەكو ابن حبان و فەرموودەناسی تر توثیق یان كردووە و هەندێكیان بەمەرج فەرموودەیان لێ وەرگرتوە.
3- لەسەر مەتنی فەرموودەكەش هەندێ زانا قسەیان كردووە بەتایبەتی لەمەسەلەی (تتابع) و بەدوای یەكدا بەڕۆژوو بوونی ئەو شەش ڕۆژە.
4- زۆرێك زانایان فەرموویانە لەبەر ئەوەی پێشەوا مسلم بەرەحمەت بێت پێشەوایەكی گەورەی فەرموودەناسە و بە فەرمودەی (سعد بن سعید) ڕازی بووە و ئەم فەرموودەی لێ وەرگرتووە ولەلای خۆی ڕیوایەتی كردووە، دەبێت بەلای كەمەوە لەم فەرموودەدا هیچ كێشەیەكی نەبووبێت و لە ڕێگەی (متابعات) و پشتگیری تری فەرموودەكە لە ڕێگەكانی ترەوە (تصحیح) ی فەرموودەی كەی سعد ی كردووە.
5- پێشەوا مالیك كە پێش پێشەوا مسلم بووە، ڕۆژوو گرتنی شەش ڕۆژ لە مانگی شەوال دا بە سوننەت نەزانیوە و ڕەتیكردووەتەوە و فەرموویەتی كەسمان لە زانایان و شەرعناسانی سەلەف نەبینی ئەو شەش ڕۆژە بەڕۆژوو بن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی زانایان لەسەر بۆچوونەكەی ئەو نین وبۆ نموونە شافیعی و أحمد بە ڕۆژووبوونی ئەو شەش ڕۆژەیان بە سوننەت زانیوە..
6- زانایانی دوای مالیكی كوری ئەنەس بەڕەحمەت بێت هەوڵێان داوە بە شێوەیەك تەوجیهی قەولەكەی بكەن كە لەگەڵ فەرموودەكەی مسلم تعارض نەكات ، بۆ نموونە وتوویانە لەوانەیە ملیك نەیزانیبێت ئاگاداری ئەو مەسەلە نەبووبێت، یان دەگونجێت خەڵكی ئەو سەردەمەدا ئەوەندە ڕۆژووی نەوافیلیان زۆر گرتبێت جیانەكرابێتەوە كامەیان بۆ شەوال یان بۆ دووشەمە و سێ ڕۆژی هەموو مانگێك و ڕۆژووی داود و بۆ كامە لەو سوننەانە بەڕۆژوو بووبێتن!بۆیە مالیك بەو مەسەلەی نەیزانیوە وبۆی جیانەكرابێتەوە.
7 هەندێكیشیان بەتایبەتی لە زانا هاوچەرخەكان وەكو شێخ عبدالعزیز الطریفي دەڵێت ئەو شەش ڕۆژەی لە فەرموودەكەدا هاتووە ئەگەرچی باسی مانگی شەووالی تێدایە بەڵام مەبەست لەوەیە لەهەر مانگێكی تری دوای ڕەمەزان بگیرێت درووستە، بەو شێوەیش وەكو ئەوەی لێ دێت موسوڵمان هەموو ساڵەكە بەڕۆژوو بووبێت، چونكە چاكە یەك بەدەیە، مانگی ڕەمەزان بەو شێوە دەكاتە دەمانگ، شەشە ڕۆژەكەش دەكاتە دوو مانگ ئەوە ساڵێكی ڕێك، بۆیە ئەو شەش ڕۆژە لە هەرمانگێكی تری دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزاندا بگیرێت مەبەستی فەرموودەكە هاتووەتەدی و دەڵێت ئەوەیە مەبەستی مالیك و ئەوەیە هۆكاری نەگرتنی ئەو شەش ڕۆژە بەتایبەتی لەمانگی شەوال دا كە سەلەف نەیانگرتووە.
8- قاعیدەیەكیش هەیە ئەویش ئەوەیە (إذا ثبت الحدیث فلا حجة لقول أحد) واتە: هەركاتێك فەرموودەیەك جێگیر بوو كە (صحیح) ە، ئیتر هیچ قسەو قەولی كەسێك پێچەوانەی فەرموودەكە وەرناگیرێت، ئەم فەرموودەش سەرەڕای لاوازی ئەو ( سعد بن سعید)ە، بەڵام ڕیوایەت كردنی مسلم لە ئەو و هەروەها (توثیق) كردنی كردنی هەندێ لە زانایانی جرح وتعدیل بۆ ئەو ڕاویە وا ئەكات فەرموودەكە وەربگیرێت.
9- یەكێك لە مەبەست وترسەكانی پێشەوا مالیك وا دەرەكەوێت ئەوە بووە لەلای خەڵكی ئەو شەش ڕۆژە نەبێتە تەواوكەری مانگی ڕەمەزان و خەڵكی وا گومان ببەن ئەگەر ئەو شەش ڕۆژە بەڕۆژوو نەبن وەكو ئەوەیە ڕۆژووی ڕەمەزانیان بە ڕێك و پێكی نەگرتبێت و پاداشتەكەیان نوقسان بێت!
لەكۆتاییدا:
ئەوەی بۆم دەركەوتووە لە قسەی زانایان و هەروەها لە خوێندنەوەی بەڵگەكان ئەوە (استنتاج) دەكرێت كە:
– بەڕۆژووبوونی ئەو شەش ڕۆژە كارێكی (مستحب) و سوننەتە بۆ موسوڵمان ، بەڵام هەركێیش نەیگرێت جێگای رەخنە و نكۆڵی كردن نییە لەسەری.
– بە رۆژوبوونی ئەو شەش ڕۆژە واجب نییە وئەگەر موسوڵمان ئەگەر ئەو شەش ڕۆژە بە ڕۆژوو نەبێت لە ئەجرو پاداشتی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی كەم ناكاتەوە.
– ئەگەر كەسیك هیچ ڕۆژێك لەو شەش ڕۆژە نەگرێت درووستە و ئاساییە، بەڵام ئەگەر بیەوێت بیگرێت لەناو مانگی شەووالدا بێت ئەوەیان باشترە.
ئەگەر دواشیبخات بۆ مانگەكانی دوای شەووالیش پێش ئەوەی ڕەمەزانی داهاتووی بەسەردا بێت، ئەوەش هەر درووستە و قسەی زانایانی لەسەرە و ئومێد دەكرێت ئەو پاداشتەی لە فەرموودەكەدا هاتووە بەری بكەوێت. والله أعلم.
بۆچی_پیشەوا_مالیك_ڕۆژووی_شەشەڵانی_بە_سوننەت_نەزانیوە؟
-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*
د.إحسان برهان الدين