عن أبي هريرة ، أنّ رسول الله ﷺ قال : ” من دعا إلى هدى كان له من الأجر مثل أجور من تبعه، لا ينقص ذلك من أجورهم شيئا. ومن دعا إلى ضلالة كان عليه من الإثم مثل آثام من تبعه، لا ينقص ذلك من آثامهم شيئا “. رواه ٲحمد: (۹۱٦۰) ومسلم: (۲٦۷٤) وٲبو داود: (٤٦۰۹) والترمذي: (۲٦۷٤) وقال: هذا حديث حسن صحيح. وابن ماجه: (۲۰٦).
ئەبو هوڕەیڕە خوا لێی ڕازی بێ دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا -ﷺ- فەرموویەتی:
«ئەوەی بانگەوازی بکات بۆ هیدایەت وچاکەکاریەك، ئەوا پاداشتی وەك پاداشتی ئەوانە وایە کە شوێنی دەكەون -کردەوەی پێ دەکەن-، وئەمەیش هیچ لە پاداشتی ئەوان کەم ناکاتەوە، وئەوەی بانگەوازی بکات بۆ گومڕاییەك، ئەوا تاوانی لە سەرە بە هێندەی تاوانی ئەوانەی کە شوێنی دەکەون، وئەمەیش هیچ لە تاوانی ئەوان کەم ناکاتەوە».
شیکردنەوەی ئەم فەرموودەیە:
پێغەمبەر -ﷺ- ڕوونیدەكاتەوە ئەوەی بە قسە وكردەوە ڕێنموێنیكار وڕێنیشاندەر وهاندەری خەڵكی بێت بۆ سەر ڕێگایەك كە هەق وخێری تێدایە ، ئەوا پاداشتی وەك پاداشتی ئەوانەیە كە شوێنی دەكەون بەبێ ئەوەی هیچ لەپاداشتی شوێنكەوتووان كەم بێتەوە
واتە: بۆ خەڵکی ڕوون بکاتەوە وبانگیان بکات ئەنجامدانى ئەم چاکەکارییە وەك ئەوەى بڵێت نوێژی چێشتەنگاو (الضحى) وشەونوێژ ئەنجام بدەن وڕوونی بکاتەوە کە سونەتن وباسی فەزڵ وپاداشت وچۆنیەتیان بکات ولە پاش ئەمە خەڵکی گوێڕایەڵی بکەن ونوێژی چێشتەنگاو یان شەو نوێژ ئەنجام بدەن ئەوا ئەو پاداشتەی بۆ ئەو کەسانە دەنووسرێت کە نوێژی چێشتەنگاو یان شەو نوێژ ئەنجام دەدەن بۆ ئەم بانگخوازەش دەنووسرێت چونکە ئەو هۆکار بووە بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەوە چاکانەیە وبەهەمان شێوە بۆ سەرجەم کردەوە چاکەکانى تر، وەفەزڵی خواى گەورە زۆر فراوانەوئەوەی بە قسە وكردەوە ڕێنموێنیكار وڕێنیشاندەر بێت بۆ ڕێگایەك كە پوچەڵ وخراپەی تێدایە لە شەڕ و تاوان وگوناھ یان شتێك حەڵاڵ نەبێت، ئەوا تاوانی لەسەر دەنووسرێت هێندەی تاوانی ئەوانەی شوێنی دەكەون بەبێ ئەوەی هیچ لە تاوانی شوێنكەوتووانی كەم بێتەوە
واتە: بانگەوازی بۆ گوناه وتاوان بکات وەك گۆرانی وڕیبا وجگە لەمانە لە حەرامکراوەکان هەر مرۆڤێک گوێڕایەڵی بکات وحەرامکراوەکان ئەنجامبدات بە هۆی بانگەوازی ئەوەوە ئەوا خراپەی ئەو کەسانەى ئەم تاوانە ئەنجامدەدەن بۆ بانگکەرەکەش دەنووسرێت بە بێ ئەوەى هیچ لە تاوانى ئەوان کەم بکاتەوە چونکە ئەم هۆکار بووە بۆ ئەنجامدانى تاوان بانگەوازى بۆ چاکەکاری وبانگەوازى بۆ خراپەکاری بە قسە دەبێت وەك ئەوەى بڵێت:
ئاوا دەکەم و ئاوا دەکەم، وبە کردەوەیش دەبێت بە تایبەت لە لایەن کەسێکە کە خەڵکی چاوی لێبکەن وکەسێکی دیار بێت، ئەگەر هەر کردەوەیەک بکات وەك ئەوە وایە بانگەشەی خەڵکی کردبێت بۆ ئەو کردەوەیە، بۆیە خەڵکی ئەو دەکەن بە بەڵگە بۆ کردەوەکانیان یان قسەکانیان، ودەڵێن:
فڵان کەس ئەو شتەی کرد بۆیە دروستە یان فڵان کەس ئەو شتەی نەکرد بۆیە دروست نیە، وبەو شێوەیە.
سوودەکانی ئەم فەرموودەیە:
یەکەم: فەزڵ وپلە وپایەی بانگەوازى کردن بۆ هیدایەت وڕێگای ڕاست ئەگەر زۆر یان کەم بێت وئەوەى بانگەوازى دەکات پاداشتی وەك ئەو کەسەیە کە کردەوەکە دەکات وئەمیش فەزڵێكی مەزن وئەوپەڕی بەخشندەییە لەلایەن اللە ﷻ وه.
دووەم: ترسناكی بانگەوازى کردن بۆ گومڕایی ئەگەر زۆر یان کەم بێت وئەوەى بانگەواز دەکات بۆ گومڕایی وەك تاوانی ئەو کەسەی لەسەر دەنووسرێت کە کردەوەکە دەکات.
سێیەم: پاداشت هاوشێوەی كردەوەیە ئەوەى بانگەوازى بکات بۆ خێر وچاكە پاداشتی وەك ئەو کەسەیە کە کردەوەکە دەکات وئەوەی بانگەوازی بكات بۆ شەڕ وخراپە وەك تاوانی ئەو کەسەی لەسەر دەنووسرێت کە کردەوەکە دەکات.
چوارم: دەبێت مسوڵمان ئاگادار بێت کەسانێك چاوی لێ نەکەن كاتێك بەئاشكرا تاوان دەكات وخەڵكی دەیبینن چونكە تاوانی زیاتری لەسەر دەنووسرێت ئەگەر كەسێك چاوی لێبكات هەرچەندە ئەو هانی نەدابێت بۆ كردنی تاوانەكەش.
-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*
(✍سەرهەد خەلیفانی) [۳ محرم ١٤٤٧ ه].