دەستپێک / پەڕە نەگۆڕەکان / چه‌ندبه‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌رحه‌ڕامیه‌تی بیدعه‌ له‌دیندا
بیدعە
بیدعە

چه‌ندبه‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌رحه‌ڕامیه‌تی بیدعه‌ له‌دیندا

پێشه‌كى

الحمدلله رب العالمين ، والصلاة والسلام على نبينا محمد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) وآله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين ، وبعد .

به‌ پشتيوانى خواى گه‌وره‌ چه‌ند به‌ڵگه‌يه‌ك له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ سه‌باره‌ت به‌ حه‌ڕاميه‌تى بيدعه‌ له‌ ديندا ده‌خه‌ينه‌ ڕوو ، به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى ئه‌م به‌ڵگانه‌ ببنه‌ مايه‌ى چاوڕۆشه‌نى و ئاگاداركردنه‌وه‌ى موسوڵمانان له‌م تاوانه‌ گه‌وره‌يه‌ ، زانايان فه‌رموويانه‌: (البدعة أحب إلى إبليس من المعصية، المعصية يتاب منها، والبدعة لا يتاب منها ).التلبيس (ص.22 – 23) وذم الكلام (ص.217) وأصول الاعتقاد (1/ 149/238) وشرح السنة للبغوي (1/ 216) وانظر مجموع الفتاوى (10/ 9) .

واته‌ : بيدعه‌ له‌ لاى شه‌يتان خۆشه‌ويستراوتره‌ له‌ تاوان ، چونكه‌ تاوان ته‌وبه‌ى لێده‌كرێت به‌ڵام بيدعه‌ ته‌وبه‌ى لێناكرێت ، ئه‌و كه‌سه‌ى تاوان ده‌كات خۆيى و كاره‌كه‌ى پێ هه‌ڵه‌يه‌ له‌وانه‌يه‌ ڕۆژێك بێت وازى لێ بهێنێت و ته‌وبه‌ بكات ، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ بيدعه‌ ده‌كات نه‌ خۆيى و نه‌ كاره‌كه‌ى به‌ هه‌ڵه‌ و توانا نازانێت و نيه‌تى واز لێ هێنان و ته‌وبه‌ كردنى نيه‌ ، بۆيه‌ شه‌يتان بيدعه‌ى پێ خۆشتره‌ چونكه‌ ده‌زانێت كه‌سى بيدعه‌ چى هه‌ر له‌ناو ئه‌م تاوانه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ئاماده‌ نيه‌ وازى لێ بهێنێت ، شه‌يتانيش حه‌زى له‌م تاوانه‌يه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى له‌سه‌رى به‌رده‌وامه‌ و نيه‌تى واز هێنانى نيه‌ ، كاتێك زانايانى سه‌له‌فى ده‌ڵێن بيدعه‌ له‌ ديندا حه‌ڕامه‌و تاوانه‌ قسه‌يه‌ك نيه‌ له‌ گيرفانى خۆيان هێنابێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵكو چه‌ندين به‌ڵگه‌يان به‌ ده‌سته‌ له‌ قورئان و سونه‌ت و قسه‌ى سه‌حابه‌ و تابعين و ئيمامه‌ به‌ڕێزه‌كان ، وه‌ ئه‌و بيدعه‌يه‌ى زانايان به‌ حه‌ڕاميان داناوه‌ بريتيه‌ له‌و بيدعه‌يه‌ى به‌ناوى دين و عيباده‌ت ده‌كرێت وه‌كو مه‌ولودكردن و فاتيحه‌ خوێندن له‌ ته‌عزيه‌ و قنوتى نوێژى به‌يانى به‌ به‌رده‌وامى و ته‌لقيندانى مردوو له‌سه‌ر گۆڕستان و حيزبايه‌تى و گۆرانى و مۆسيقاى به‌ ناو ئيسلامى و له‌ لايه‌ن سۆفى و حيزبه‌ ئيسلاميه‌كانه‌وه‌ ، وه‌ زۆر بيدعه‌ى تر كه‌ به‌ ناوى دين ده‌كرێن ، به‌ڵام بيدعه‌ له‌ دونيادا دروسته‌ و شتێكى حه‌ڕام نيه‌ وه‌كو سه‌ياره‌ و ته‌ياره‌ و كۆمپيوته‌ر و كاره‌با و تا كۆتايى ، پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: (من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه فهو رد) رواة البخاري : 2697 ، ومسلم : 4589 .

واته‌: هه‌ر كه‌سێك شتێك له‌ دينى ئێمه‌ دابهێنێت ، وه‌ ئه‌م شته‌ له‌ ديندا نه‌بوو ، وه‌ به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر نه‌بوو ئه‌وه‌ ئه‌م شته‌ ڕه‌ت كراوه‌يه‌ ، نه‌ى فه‌رمووه‌ له‌ دونيادا.

(به‌ڵگه‌ له‌ قورئان له‌سه‌ر حه‌ڕاميه‌تى بيدعه‌ له‌ ديندا)

1) خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (اليوم أكملت لكم دينكم وأتممت عليكم نعمتي ورضيت لكم الإسلام دينا ). المائدة:3.

واته‌: له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ئاينه‌كه‌تانم ته‌واو كرد (گشت شته‌ چاك و خراپه‌كانتان پێ ڕاگه‌يندرا) ، وه‌ نيعمه‌ت و به‌خششى خۆمم بۆ ته‌واو كردن (وه‌كو نيعمه‌تى هيدايه‌ت بۆ ڕێگاى ڕاست ، بۆيه‌ پێويست به‌ هيچ ڕێچكه‌يه‌كى تر ناكات جگه‌ له‌وه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پێى هاتووه‌) ، وه‌ ڕازيم كه‌وا ته‌نها ئيسلام ئايين و به‌رنامه‌تان بێت ، ( جگه‌ له‌ ئيسلام خواى گه‌وره‌ پێى ڕازى نيه‌ وه‌كو هه‌ر شتێكى زيادكراو جا به‌ ناوى دينه‌وه‌ بێت يان غه‌يرى دين ، ته‌نها خواى گه‌وره‌ به‌وه‌ ڕازى يه‌ كه‌ خۆى ناردوويه‌تى).

به‌ڕێزان له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا دينى ئيسلام خواى گه‌وره‌ ته‌واوى كردووه‌ و نوقسانى تێدا نيه‌ ، دينى ئيسلام ته‌نها بريتى يه‌ له‌ قورئانى پيرۆز و فه‌رمووده‌ سه‌حيحه‌كانى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) هه‌ر شتێك جگه‌ له‌ قورئان و سوننه‌ت بخرێته‌ ناو دين و بانگه‌شه‌ى چاكيه‌تى بۆ بكرێت ئه‌وه‌ دين نيه‌ و شتێكى زياده‌ و خواى گه‌وره‌ پێى ڕازى نيه‌ ، چونكه‌ خواى گه‌وره‌ به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ دينى بۆ ئێمه‌ ته‌واو كردووه‌ و پێويستى به‌ زياده‌ نيه‌، هه‌ر شتێك به‌ناوى دين له‌ ئیسلامدا زياد بكرێت گومانى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت كه‌وا دينى ئيسلام نوقسان بێت و ته‌واو نه‌بێت و پێويستى به‌ زياتر له‌ شتى چاك هه‌بێت ، به‌ڵام خواى گه‌وره‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌يه‌ى بۆ ئێمه‌ باس كردووه‌ و فه‌رموويه‌تى ئاينه‌كه‌تانم بۆ ته‌واو كردوون و نوقسانى تيانيه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌ستى پێوه‌ بگرن ئه‌وه‌ به‌هه‌شت به‌ ده‌ست دێنن و پێويست به‌ شتى زياد ناكات.

2) خواى گه‌وره‌ له‌ ئايه‌تێكى تردا ده‌فه‌رموێت: ( اتبعوا ما أنزل إليكم من ربكم ولا تتبعوا من دونه أولياء قليلا ما تذكرون). الاعراف: 3.

واته‌: ئه‌ى خه‌ڵكينه‌ ته‌نها شوێن ئه‌وه‌ بكه‌ون كه‌ له‌ لايه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌ بۆتان دابه‌زيووه‌ته‌ خواره‌وه‌ ( كه‌ بريتى يه‌ له‌ قورئان و سوننه‌ت) ، جگه‌ له‌وه‌ى خواى گه‌وره‌ بۆتانى دابه‌زاندووه‌ شوێن هيچ شتێكى تر مه‌كه‌ون ، به‌ڵام ئێوه‌ كه‌م بيرده‌كه‌نه‌وه‌و په‌ند وه‌رده‌گرن . به‌ڕێزان له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌دا خواى گه‌وره‌ فرمانمان پێده‌كات كه‌وا ته‌نها شوێن ئه‌م وه‌حيه‌ بكه‌وين كه‌ دايبه‌زاندووه‌ ، وه‌ ئه‌وه‌ى خواى گه‌وره‌ دايبه‌زاندووه‌ له‌ وه‌حى بريتى يه‌ له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ى صه‌حيح ، كه‌واته‌ به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ هه‌ر شتێك به‌ناوى دين بكرێت و له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ى صه‌حيح دا نه‌بێت ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ نيه‌ شوێنى بكه‌وين و كارى پێ بكه‌ين و به‌ شتێكى خێرو چاكى بزانين .

3) وه‌ له‌ ئايه‌تێكى تر دا ده‌فه‌رموێت: (وأن هذا صراطي مستقيما فاتبعوه ولا تتبعوا السبل فتفرق بكم عن سبيله ذلكم وصاكم به لعلكم تتقون). الانعام: 153.

واته‌: به‌ڕاستى ئه‌مه‌ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى منه‌ (كه‌ ئيسلامه‌) شوێنى بكه‌ون ، شوێن ڕێچكه‌كانى تر مه‌كه‌ون بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى خوا لاتان نه‌ده‌ن و په‌رته‌وازه‌تان نه‌كه‌ن ، خواى گه‌وره‌ ئامۆژگاريتان ده‌كات به‌ شوێن كه‌وتنى ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگاربن و شوێن ڕێگا چه‌وته‌كان نه‌كه‌ون .

– به‌ڕێزان خواى گه‌وره‌ له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌شدا فرمانى پێكردووين كه‌وا ته‌نها شوێن ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى بكه‌وين كه‌ بريتى يه‌ له‌ ئيسلام وه‌ ئيسلاميش بريتى يه‌ له‌ قورئان و سونه‌ت ، وه‌ پاشان نه‌هى لێ كردووين له‌ شوێن كه‌وتنى ڕێگه‌ چه‌وته‌كان كه‌ بريتين له‌و ڕێگايانه‌ى لايان داوه‌ له‌ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى ئيسلام ، پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى صه‌حيحدا فه‌رموويه‌تى: ئومه‌ته‌كه‌م ده‌بێت به‌ حه‌فتاو سێ فيرقه‌ ، گشتيان بۆ ئاگره‌ ته‌نها يه‌كيان نه‌بێت ، هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كان فه‌رموويان ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كێن ئه‌و كه‌سانه‌ى ڕزگاريان بووه‌ و ناچنه‌ دۆزه‌خه‌وه‌ ؟

فه‌رمووى: ئه‌و كه‌سانه‌ن ده‌ست به‌ سونه‌تى من و هاوه‌ڵانم ده‌گرن له‌سه‌ر ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى ئيسلام ده‌ڕۆن وه‌كو خۆى به‌بێ زياد و كه‌م ، بێگومان فه‌رمووده‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) هاته‌ جێ له‌ دواى وه‌فات بوونى چه‌ندين گروپى بيدعه‌چى به‌ناوى دين په‌يدا بوون و له‌ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى ئيسلام لاياندا ،

بۆ نموونه‌: گروپێكى بيدعه‌چى په‌يدا بوون به‌ناوى خه‌واريج يه‌كێك له‌ بيدعه‌كانيان ئه‌وه‌ بوو موسوڵمانانيان به‌ كافر داده‌نا و خوێنيان حه‌ڵاڵ ده‌كردن ، به‌م بيدعه‌ نه‌وه‌ستان هه‌تا ئيمامى عوسمان ئيمامى عه‌ليان شه‌هيد كرد (ڕه‌زای خوایان لێبێت) چه‌ندين گروپى تر په‌يدا بوون به‌ناوى دين وه‌كو شيعه‌ و قه‌ده‌رى و جه‌برى و جه‌همى و مورجيئه‌ و سۆفى و موعته‌زيله‌ و ئه‌شعه‌رى و ماتوريدى و چه‌ندين گروپى تر ، هه‌ر يه‌ك له‌م گروپانه‌ هاتن به‌ چه‌ند بيدعه‌يه‌كه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى هيچ به‌ڵگه‌يه‌كيان پێ بێت له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ ، بۆيه‌ واجبه‌ له‌سه‌رمان ته‌نها شوێن ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى ئيسلام بكه‌وين كه‌ بريتى يه‌ له‌و ڕێگايه‌ى كه‌ پێغه‌مبه‌ر و (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) هاوه‌ڵانى له‌سه‌ر بووه‌ .

(به‌ڵگه‌ له‌ فه‌رمووده‌ صه‌حيحه‌كانى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌سه‌ر حه‌ڕاميه‌تى بيدعه‌ له‌ ديندا):

1) عن أم المؤمنين أم عبد الله عائشة رضي الله عنها قالت: قال رسول الله (صلى الله عليه وسلم) : “من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه فهو رد“. . البخاري : 2697 ، ومسلم: 4589.

واته‌: له‌ عائيشه‌ دايكى باوه‌ڕدارانه‌وه‌(ڕه‌زای خوای لێبێت)فه‌رمووى: پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رمووى: هه‌ر كه‌سێك شتێك دا بهێنێ له‌ دينى ئێمه‌دا له‌ كاتێكدا ئه‌م شته‌ داهێنراوه‌ له‌ ديندا نه‌بوو ئه‌وه‌ ڕه‌دكراوه‌يه‌ و قه‌بول كراو نيه‌ .

2) عن عائشة رضي الله عنها قالت قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: « من عمل عملاً ليس عليه أمرنا فهو رد ». البخاري : 20 ، ومسلم: 4590.

واته‌: له‌ عائيشه‌ى دايكى باوه‌ڕدارانه‌وه‌ (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رمووى: پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رمووى: هه‌ر كه‌سێك كرده‌وه‌يه‌ك (به‌ناوى دين) بكات ، ئه‌م كرده‌وه‌يه‌ فرمانى ئێمه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌م كرده‌وه‌يه‌ ڕه‌ت كراوه‌يه‌ .

– كه‌واته‌ هه‌ر عيباده‌تێك به‌ناوى خێرو چاكه‌ بكرێت و به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌وه‌ ئه‌و عيباده‌ته‌ ڕه‌ت كراوه‌يه‌و قه‌بوڵ نيه‌.

3) وقال (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) : من يعش منكم فسيرى اختلافا كثيرا ، فعليكم بسنتي وسنة الخلفاء الراشدين المهديين ، تمسکوا بها عضّوا عليها بالنواجذ ، وإياكم ومحدثات الأمور ، فإن كل بدعة ضلالة>.((الصحيحة)) (937 و 3007) .

واته‌: هه‌ر كه‌سێك له‌ ئێوه‌ بژيێ له‌ دواى من ئه‌وه‌ ناكۆكيه‌كى زۆر ده‌بينێت ، له‌و كاته‌دا ده‌ست بگرن به‌ سوننه‌تى من و خه‌ليفه‌ ڕاشيده‌ هيدايه‌ت دراوه‌كان ، ده‌ستى پێوه‌ بگرن وه‌ به‌ ددانى خڕێنه‌ى دواوه‌ قه‌پى لێبگرن و به‌رى نه‌ده‌ن ، وه‌ ووشيار و ئاگادار بن له‌ شته‌ داهێنراوه‌كان ، به‌ڕاستى هه‌موو شتێكى تازه‌و نوێ له‌ ديندا داهێنراوو بيدعه‌يه‌ ، وه‌ هه‌موو داهێنراوێكيش له‌ ديندا گومڕاييه‌ .

4) وقال: (صلی الله‌ علیه‌ وسلم): (.. إن أصدق الحديث كتاب الله ، وأحسن الهدي هدي محمد ، وشر الأمور محدثاتها ، وكل محدثة بدعة ، وكل بدعة ضلالة ، وكل ضلالة في النار ) صحيح ، ابن ماجة (45) .

واتە: ڕاستترينى قسه‌ كتابى خواى گه‌وره‌يه‌ كه‌ قورئانه‌ ، وه‌ باشترين ڕێباز ڕێبازى محمده‌ (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ، وه‌ خراپترين شت له‌ ديندا ئه‌و شتانه‌ن كه‌ نوێ و تازه‌ن (كه‌ له‌ قورئان و سوننه‌تدا نه‌هاتووه‌) ، وه‌ هه‌موو شتێكى نوێ و تازه‌ له‌ ديندا بيدعه‌ و داهێنراوه‌ ، وه‌ هه‌موو بيدعه‌يه‌كيش گومڕاييه‌ ، وه‌ هه‌موو گومڕاييه‌كيش بۆ ئاگره‌ .

(چه‌ند به‌ڵگه‌يه‌ك له‌ پێشينه‌ چاكه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر حه‌ڕاميه‌تى بيدعه‌ له‌ ديندا)

1) عن ابن عمر رضىي الله عنهما : (كل بدعة ضلالة ؛ وإن رآها الناس حسنة)..رواه البيهقي في المدخل وقال الشيخ الألباني: صحيح الإسناد ، صلاح المساجد ص13، وانظر البدعة وأثرها السيئ في الأمة ص:42 .

واته‌: له‌ عبدالله ى كوڕى عومه‌ره‌وه‌ (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رمووى: هه‌موو بيدعه‌يه‌ك (له‌ ديندا) گومڕايى و سه‌ر لێشێواويه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكيش به‌ چاكى بزانن .

2) قال ابن مسعود رضي الله عنه: اتبعوا ولا تبتدعوا فقد كفيتم وكل بدعة ضلالة. رواه أبو خيثم في كتاب العلم وقال الشيخ الألباني هذا إسناد صحيح . كتاب العلم ص 122 .

واته‌: له‌ عبدالله ى كوڕى مسعوده‌وه‌ (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رمووى: شوێن كه‌وته‌بن ، بيدعه‌ له‌ (ديندا) دامه‌هێنن ، چونكه‌ شوێن كوتنتان بۆ سوننه‌ت كيفايه‌ته‌ وبه‌ستانه‌ ، به‌ڕاستى هه‌موو شتێكى تازه‌ له‌ديندا بيدعه‌يه‌ وه‌ گشت بيدعه‌يه‌كيش له‌ ديندا گومڕاييه‌ .

3) عن أبو حنيفة رحمە الله عنه: ” عليك بالأثر، وطريقة السلف، وإياك وكل محدثة فإنها بدعة“.، ذكره ابن قدامة في كتابه – ذم التأويل . السنن والمبتدعات :6.

واته‌: ئيمامى ئه‌بو حه‌نيفه‌ (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رموويه‌تى: په‌يوه‌ستبه‌ به‌ شوێن كه‌وتن و ڕۆيشتن و له‌سه‌ر ڕێگاى پێشينه‌ چاكه‌كان ، وه‌ ئاگاداربه‌ له‌ شته‌ نوێ و تازه‌كان له‌ ديندا ، چونكه‌ گشت شتێكى نوێ و تازه‌ له‌ ديندا (به‌بێ به‌ڵگه‌) بيدعه‌ و داهێنراوه‌ .

4) – قال مالك رحمه الله: من ابتدع في الإسلام بدعة يراها حسنة فقد زعم أن محمدا خان الرسالة، فما لم يكن يومئذ ديناً لا يكون اليوم دينا.، لأن الله یقول : { اليوم أكملت لكم دينكم وأتممت عليكم نعمتي ورضيت لكم الإسلام دينا} [المائدة: 3]

( فما لم يكن يومئذ دينا فلا يكون اليوم دينا ). الاعتصام ـ للشاطبى :1/49 .

واته‌: ئيمامى مالك (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رموويه‌تى: هه‌ر كه‌سێك بيدعه‌يه‌ك دابهێنێت له‌ناو ئاينى ئيسلام دا ، ئه‌م بيدعه‌يه‌ به‌ بيدعه‌يه‌كى حه‌سه‌نه‌ (واته‌ به‌ چاك) بزانێت ، ئه‌وه‌ ئه‌م كه‌سه‌ واى گومان بردووه‌ كه‌وا محمد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)خيانه‌تى له‌ ئه‌مانه‌تى گه‌ياندنى په‌يامه‌كه‌ى خواى گه‌وره‌ كردبێت ، چونكه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (اليوم أكملت لكم دينكم وأتممت عليكم نعمتي ورضيت لكم الإسلام دينا) ،

واته‌: له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ئاينه‌كه‌تانم ته‌واو كرد (گشت شته‌ چاك و خراپه‌كانتان پێ ڕاگه‌يندرا) ، وه‌ نيعمه‌ت و به‌خششى خۆمم بۆ ته‌واو كردن (وه‌كو نيعمه‌تى هيدايه‌ت بۆ ڕێگاى ڕاست ، بۆيه‌ پێويست به‌ هيچ ڕێچكه‌يه‌كى تر ناكات جگه‌ له‌وه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پێى هاتووه‌) ، وه‌ ڕازيم كه‌وا ته‌نها ئيسلام ئايين و به‌رنامه‌تان بێت ، ( جگه‌ له‌ ئيسلام خواى گه‌وره‌ پێى ڕازى نيه‌ وه‌كو هه‌ر شتێكى زيادكراو جا به‌ ناوى دينه‌وه‌ بێت يان غه‌يرى دين ، ته‌نها خواى گه‌وره‌ به‌وه‌ ڕازى يه‌ كه‌ خۆى ناردوويه‌تى) ، هه‌ر شتێك له‌سه‌ر ده‌مى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) دين نه‌بوبێت ئه‌وا ئه‌مڕۆ نابێت به‌ دين.

5) قال الإمام أبو عبد الله الشافعي ـ (ڕه‌زای خوای لێبێت): من استحسن فقد شرع). الاعتصام ـ للشاطبى:3/59. تحقيق ودراسة:3 أجزاء .

واته‌: ئيمامى شافعى (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رموويه‌تى: هه‌ر كه‌سێك شتێك (له‌ ديندا) به‌ چاك بزانێت و داى بهێنێت به‌بێ به‌ڵگه‌ ، ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ته‌شريعێكى داناوه‌ جگه‌ له‌ ته‌شريعى خوا ، وه‌ بۆ هيچ كه‌سێك نيه‌ ته‌شريعێك دابنێ جگه‌ له‌ ته‌شريعى خوا).

6) قال احمد بن حنبل (ڕه‌زای خوای لێبێت): أصول السنة عندنا التمسك بما كان عليه أصحاب رسول الله والاقتداء وترك البدع، وكل بدعة ضلالة). طبقات الحنابلة (1 / 241 – 243 ) .

واته‌: ئيمامى أحمدى كوڕى حه‌نبه‌ل (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رموويه‌تى: بنچينه‌كانى سوننه‌ت له‌ لاى ئێمه‌ بريتى يه‌ له‌ ده‌ست گرتن به‌و مه‌نهه‌جه‌ى كه‌ هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌رى خوا له‌سه‌رى بووه‌ (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ، وه‌ شوێن كه‌وتنيان و وازهێنان له‌ بيدعه‌ ، وه‌ گشت بيدعه‌يه‌ك گومڕايى و سه‌ر لێ شێواويه‌.

به‌ڕێزان له‌ كۆتاييدا ده‌ڵێين هه‌موو ئيمامه‌ به‌ڕێزه‌كان فه‌رموويانه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رمووده‌ى صه‌حيح هات ئه‌وه‌ مه‌زهه‌بمانه‌ ، وه‌ فه‌رموويانه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ئيجتهاديدا ده‌پێكێ يان هه‌ڵه‌ ده‌كات ته‌نها پێغه‌مبه‌رى خوا نه‌بێت (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ، بۆيه‌ بۆ هيچ كه‌سێك دروست نيه‌ فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ڕه‌د بكاته‌وه‌ بۆ قسه‌ى ئيمامێك يان زانايه‌ك له‌سه‌ر حه‌ڕامىه‌تى بيدعه‌ له‌ديندا ، هيچ كه‌سێك ناتوانێت بڵێت ئيمامه‌ به‌ڕێزه‌كان به‌هيچ شێوه‌يه‌ك هه‌ڵه‌ناكه‌ن و مه‌عسومن ، ئه‌وه‌ى له‌ديندا هه‌ڵه‌ ناكات و مه‌عسومه‌ ته‌نها پێغه‌مبه‌رى خوايه‌ (صلی الله‌ علیه‌ وسلم).

———–

نوسيني : مامۆستا هه‌ڵگۆرد مصطفی گه‌ڵاڵه‌یی .

پێشنیارکراو

مانگى رەمەزان

چەند پلانێك بۆ بەڕێكردنى مانگى ڕەمەزان بەجوانترین شێوە

بسم الله الرحمن الرحيم : موسوڵمانانى بەڕێز وا ئەمساڵیش ڕەمەزانى پیرۆز بوو بە میوانمان، هەموشمان …